بەرپرسێكی پارتی: دەستبەكاربونی پارێزگاری كەركوك لەگەڵ سوێندخواردنی مەسرور بارزانی، مەحاڵە
  2019-06-26       1477       

بەرپرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەی پێی وایە حزبەكەی لەگەڵ یەكێتی نزیكبونەتەوە لەچارەسەكردنی كێشەكان، بەڵام دەشڵێت؛ دەستبەكاربونی پارێزگاری كەركوك لەگەڵ سویندخواردنی مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، مەحاڵە.

ئاوێنە: بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی، ئەمڕۆ(چوارشەممە)، بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی راگەیاندوە "دوای دانانی وەزیری دادی عێراق گرێکوێرەی نێوان پارتی و یەکێتی تا ڕادەیەکی باش کراوەتەوەو نیوەی کێشەکە چارەسەر کراوە، چونکە برادەرانی یەکێتی ئەو پرسەشیان تێکەڵ بە پرسی دانانی پارێزگاری کەرکوک کردبو، پارتی ھاوکار دەبێت بۆ دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکوک، بەڵام ئەگەر برادەرانی یەکێتی بڵێن لەگەڵ سوێندخواردنی کاندیدی ڕاسپێردراوی پارتی، کە مەسرور بارزانییە، پارێزگاری کەرکوکیش دەستبەکار بێت ئەمە لە ڕوی ھونەرییەوە شتێکی مەحاڵە، چونکە پڕۆسەکە پێویستی بە کارکردن هەیە.."

بڵند ئیسماعیل وتوشیەتی"دانانی پارێزگاری کەرکوک تەنیا پەیوەست نییە بە کوردەوە، بەڵکو پێویستی بە ھاوکاریی حکومەتی بەغدا ھەیە و پێکھاتەکانی دیکەی کەرکوکیش داوای پۆست دەکەن. لە کەرکوک بابەتەکە ھەر دانانی پارێزگار نییە، دەکرێ بگەینە ڕێککەوتن، بەڵام دواتر کار بۆ دانانی پارێزگار بکرێت."

ئەو بەرپرسەی پارتی وتوشیەتی"پارتی کێشەی لەسەر ناوی پارێزگار نییە، بەڵام ئەوەی دوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەبێتە پارێزگاری کەرکوک، کە ئەو پارێزگایە چەندین کێشەی تێدایە، پێویستە کەسێکی دڵسۆز و کوردپەروەر بێت و بە ھەمو لایەک ھاوکاری بن. لەبەر ئەوەش، پارتی زۆر پێداگری لەسەر ناوەکان دەکات، بۆ ئەوەی ناوێک بێت کە شایستەی ئەو پۆستە بێت."

لەبارەی پڕۆسەی پێکھێنانی کابینەی حکومەت و یەکلاکردنەوەی کاندیدانی پارتییەوە، بلند ئیسماعیل ڕونی کردۆتەوە"پارتی کێشەی نییە لە دیاریکردنی کاندیدی وەزارەتەکان و بە سەعاتێک یەکلایی دەکەینەوە، ئەو وەزارەتانەی بەر پارتی دەکەون دیارن و ناوی وەزیرەکان دیاری کراون و ئەگەر گۆڕانکارییش بەسەر ناوەکاندا بێت، لای پارتی سروشتییە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×