وەزیری بەرگری ئەمریكا هۆشداری سەپاندنی سزای داوەتەوە هاوتا توركەكەی
  2019-06-26       828       

بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا رایگەیاند، وەزیری بەرگری ئەمریكا بەوەكالەت، ئەمڕۆ چوارشەممە، هۆشداریداوەتەوە هاوتا توركییەكەی كە كڕینی سیستمی بەرگریی ئێس400ی روسی كاریگەریی لەسەر ئابوری توركیا دەبێت بەهۆی سەپاندنی سزا بەسەر ئەنكەرەدا.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، خلوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیاو مارك ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریكا بەوەكالەت لەپەراوێزی كۆبونەوەی هاوپەیمانی ناتۆ كۆبونەوە. 

دوای كۆبونەوەكە بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا بە رۆیتەرزی راگەیاندوە، كە سوربونی توركیا لەسەر كڕینی سیستمی بەرگریی ئێس400ی روسی تەنها كاریگەری لەسەر رۆڵی توركیا نابێت لە بەرنامەی فڕۆكەی ئێف35دا، بەڵكو بەهۆی سەپاندنی سزای ئەمریكاوە بەسەر ئەنكەرەدا زیان بە ئابوری ئەو وڵاتەش دەگەیەنێت.

ئەو بەرپرسەی توركیا وتویەتی"وەزیری بەرگری ئەمریكا بە وەكالەت، پێداگری كردوە لەسەر ئەوەی كە توركیا ناتوانێت هاوكات ببێتە خاوەنی سیستمی ئێس400و بەرنامەی ئێف35."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە ئەگەر توركیا وەرگرتنی سیستمی ئێس400 قبوڵ بكات، ئەوا دەبێت ئاكامەكانیشی قبوڵ بكەن كە تەنها پەیوەندییان بە بەرنامەی ئێف35ەوە نییە بەڵكو زیان بە دۆخی ئابوری ئەو وڵاتەش دەگەیەنێت.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×