غالب محەمەد: گەندەڵی لە گرێبەستەكانی كۆمپانیاكانی "قەیوان و كار"دا هەبێت دەیدەینە لیژنەی نەزاهە
  2019-06-28       2975       

‎لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق لێكۆڵینەوە لەگرێبەستەكانی هەردو كۆمپانیای "قەیوان و كار" دەكات و ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت؛ ئەگەر گەندەڵی هەبێت دەیدەینە لیژنەی نەزاهە.

‎ئا: ئاراز  محەمەد

‎ئاوێنە: پەرلەمانی عێراق لیژنەی وزە و نەوتی پەرلەمانیی ڕاسپاردوە كە لێكۆڵینەوە لە چەند كۆمپانیایەك و گرێبەستەكانیان بكەن، ئەو بابەتە چۆنە؟

‎غالب: ئەو بابەتە لەسەر سێ كۆمپانیایە كە دوانیان لە كوردستانن كە كۆمپانیای "كار"و كۆمپانیای "قەیوان"ن، ئەوی تریش "جزایا"یە كە لەعێراقەو پارەی كارەبا وەردەگرێت و ئەویش گەندەڵی تێدا كراوە. ‎لەساڵی ٢٠١٧وە ئەم دو كۆمپانیایە(كار و قەیوان) گرێبەستیان كردوە لەگەڵ حكومەتی عێراقی لەدو بواردا كە نەوت و وزەیە وەك كارەبا، كە هەردو پاڵاوگەی بازیان و كەڵەك كە یەكێكیان هی كار و ئەوی تر هی قەیوانە، گرێبەستەكە بەو شێوەیە كراوە كە هەردو كۆمپانیای قەیوان وكار بەرمیلێك نەوت بپاڵێون بۆ حكومەتی عێراقی بە (١٠) دۆلار. لە مەسەلەی كارەباشدا، كارەبا بڕی یەك كیلۆ وات بە چوار سەنت دەدەن بەحكومەتی عێراقی و سوتەمەنیەكەش هی حكومەتی عێراقییە.
‎ئەو گرێبەستەش یاری زۆر تێدادەكرێت، بۆ نمونە بڕی نەوتەكە كە دەدرێت بە كۆمپانیاكان یاری تێدا دەكرێت و ڕەنگە زیاتر درابێت لەبڕی پێویست.
دوەم: زۆرجار لەبری پارە، نەوتی خاو دەدرێت یان نەوتی ڕەش بە كۆمپانیاكان و ئەوەش یاری تێدا دەكرێت و گومان هەڵدەگرێت.  
‎سێیەم: كارەباكەش كە دەگوازرێتەوە بە هێڵی كارەبای حكومیی هەرێمی كوردستاندا دەگوازرێتەوەو ئەوەش نابێت شتی حكومەت بۆ كۆمپانیا بەكاربێت. ‎چونكە لۆد ئەخاتە سەر تۆڕەكەو كارەبای هاوڵاتیان خراپ دەكات.

‎ئاوێنە: چۆنە ئەو بابە وروژا، چونكە چەند جارێك هەوڵدرابو بەڵام نەتوانرابو ڕای زۆرینەی پەرلەمانی دروست بكرێت بۆ لێكۆڵینەوە؟

 غالب: بەڵێ ئەوە سێیەم جارە كە ئەو بابەتە دەوروژێنرێت و ئێمە هەوڵی بۆ ئەدەین بەڵام پارتی و یەكێتی ڕازی نەبون لەسەری و كێشەیان دروست ئەكرد، جاری سێیەمیش هەر ڕازی نەبون بەڵام ئێمە داوامان لەسەرۆكی پەرلەمانكرد بە ئەمرێكی (نیابی) واتە سەرۆكایەتی، لیژنەی وزەو نەوت ڕابسپێرێت بۆ لێكۆڵینەوە لەو بابەتەو سەرۆكی پەرلەمانیش بەوە ڕازی بو بڕیاری لەسەردا."

‎ئاوێنە: ئێستا ئێوە دەستتان بەلێكۆڵینەوە كردوە؟

غالب: نەخێر، چونكە سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لەعێراق نییەو لەسەفەرە. تا نەیەتەوە ئەو بابەتە ناكرێت و هەفتەی داهاتو ڕەنگە بگەڕێتەوە.

‎ئاوێنە: لیژنەكە چەند كەسە؟

غالب: لیژنەی نەوت و وزە  زیاتر لە بیست كەسەو نوێنەری زۆرینەی لایەنەكانی تێدایە و سێ كوردیشی تێدایە لەگۆڕان و پارتی و یەكێتی.

‎ئاوێنە: ئەگەر هاتو لێكۆڵینەوە كراو دەركەوت گەندەڵی كراوە ئێوە چی دەكەن؟

‎غالب: ئێمە دەیدەین بەدەستەی نەزاهەو لەوێشەوە داوا دەكەین گرێبەستی ئەو دو كۆمپانیایە هەڵوەشێتەوە، و ئەو بەرپرسانەش ئەو عەقدانەیان كردوە بدرێن بە دادگا.

‎‎ئاوێنە: قەیوان و كار تائێستا هەڵوێستیان نەبوە؟

غالب: تائێستا لێدوانیان نەداوە لەسەر ئەو بابەتە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×