محه‌مه‌د شاكه‌لی: مەسعودو ئیدریس پەیوەندییەکی سەیریان هەبو
  2019-06-29       4143       

ئا: بارام سوبحی

 

به‌درێژایی‌ هه‌بونی‌ بزوتنه‌وه‌و پاشان حیزبی‌ سۆسیالیست، سه‌ركرده‌یه‌كی‌ خاوه‌ن كاریزماو قسه‌ رۆیشتو لای‌ هه‌مومان دروست نه‌بو، محه‌مه‌د شاكه‌لی‌ له‌نوسینی‌ بیره‌وه‌رییه‌كاندا به‌م جۆره‌ باس له‌گرفتی‌ سه‌ره‌كی‌ سۆسیالیست ده‌كات.

كتێبی‌ له‌بزوتنه‌وه‌وه‌ بۆ حزبی‌ سۆسیالیستی‌ كوردستان، له‌نوسینی‌ محه‌مه‌د شاكه‌لیه‌و روداوه‌كانی‌ ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ (1976 – 1993) له‌خۆده‌گرێت، ئه‌م كتێبه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی‌ روناكبیری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كه‌ركوكه‌وه‌ چاپ‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌م كتێبه‌ تێكه‌ڵاوه‌ له‌گێڕانه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌و ئه‌نجامگیری‌ بیره‌وه‌ری‌‌و هه‌ڵسه‌نگاندن. نوسه‌ر باس له‌وه‌ده‌كات ناوه‌رۆكی‌ ئه‌م كتێبه‌ی‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ رۆژانه‌ نوسینه‌كانیه‌تی‌ له‌سه‌رده‌می‌ روداوه‌كاندا‌و به‌زمان‌و بیركرنه‌وه‌و شێوازی‌ ئه‌و ده‌مانه‌ نوسراوه‌. بۆیه‌ ده‌ڵێت "خۆم به‌رپرسیاریه‌تی‌ سه‌رجه‌م ناوه‌ڕۆكی‌ كتێبه‌كه‌ له‌ئه‌ستۆ ده‌گرم". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ته‌نها ئه‌و بابه‌تانه‌م باسكردوه‌ كه‌ راسته‌وخۆ له‌راستییان ئاگاداربوم‌و نزیكی‌ باس‌و روداوه‌كان بوم". 

ناسینی‌ كاكه‌ حه‌مه‌
نوسه‌ر، له‌ساڵی‌ (1983) محه‌مه‌دی‌ حاجی‌ مه‌حمود سكرتێری‌ ئێستای‌ حیزبی‌ سۆسیالیست ده‌ناسێت، له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: پیاوێكی‌ له‌سه‌رخۆو ئارام‌و كه‌مدو بو. ئه‌وه‌ی‌ تێبینیم كرد ئه‌و پیاوه‌ زۆر به‌جدی‌ هه‌وڵیده‌دا شتی‌ نوێ‌ فێربێت‌و تموحی‌ سیاسیشی‌ كه‌م نه‌بو... له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و دو سێ‌ ساڵه‌ی‌ پێكه‌وه‌ بوین، زۆر به‌گه‌رمی‌‌و به‌به‌رنامه‌ خۆی‌ ماندو ده‌كرد بخوێنێته‌وه‌و بنوسێت‌و شاره‌زا بێت له‌گۆڕانكارییه‌كان. ئیراده‌یه‌كی‌ به‌هێزی‌ هه‌بو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌و له‌ماندوبون‌و شه‌ونخونی‌ درێغی‌ نه‌ده‌كرد".

خامنه‌یی‌‌و خاڵه‌ حاجی‌
له‌دوای‌ شۆڕشی‌ ئێران له‌ساڵی‌ (1979)، سۆسیالیست په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ ئێران دروستده‌كات، كه‌ به‌وته‌ی‌ شاكه‌لی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌ڕێگه‌ی‌ كه‌سێكه‌وه‌ بوه‌ به‌ناوی‌ "خاڵه‌ حاجی"، حاجی‌ پێش ئینقلابی‌ ئیسلامی‌ وه‌كو په‌ناهه‌نده‌ له‌چه‌ند شارێكی‌ ئێران ژیاوه‌، به‌هۆی‌ دراوسێیه‌تی‌‌و خه‌ریكبونی‌ به‌سیاسه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌سه‌رانی‌ داهاتوی‌ جمهوری‌ ئیسلامیدا كه‌ ئه‌وانیش دورخراوه‌ بون‌و ده‌ستبه‌سه‌ر بون له‌و شارانه‌دا، وه‌كو ئایه‌توڵا خامنه‌یی‌‌و ئایه‌توڵا مونته‌زه‌ری‌‌و محه‌مه‌دی‌ كوڕی‌، ئاشنایه‌تی‌‌و دۆستایه‌تی‌ باشی‌ په‌یداكردوه‌. 
پاش سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕش ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر شانۆی‌ سیاسه‌ت‌و خاڵه‌ حاجیش "به‌باشی‌ سودی‌ له‌په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ وه‌رگرت". دوای‌ دروستبونی‌ حیزبی‌ سۆسیالیست حاجی‌ ده‌بێته‌ نوێنه‌ری‌ حیزب له‌ ئێران‌و نوسینگه‌ش ده‌كاته‌وه‌، شاكه‌لی‌ ده‌ڵێت "په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ حیزب‌و ئێران راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن سكرتێرو مه‌كته‌بی‌ سیاسیه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرا".

جیابونه‌وه‌ی‌ قادر عه‌زیز
سی‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر قادر عه‌زیز له‌حیزبی‌ سۆسیالیست جیاده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها جیابونه‌وه‌ نیه‌ كه‌ له‌حیزبی‌ سۆسیالیستدا رویداوه‌. شاكه‌لی‌ سه‌ره‌تای‌ ناكۆكیه‌كانی‌ عه‌زیز له‌گه‌ڵ سۆسیالیست ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ حیزب له‌رۆژی‌ (9/8/1983) كه‌ له‌نزیك گوندی‌ زێوكه‌ی‌ سه‌ر سنوری‌ عێراق – به‌ستراوه‌، له‌م كۆبونه‌وه‌یدا عادل مورادو عه‌دنان موفتی‌ ئاماده‌نابن‌و له‌نامه‌یه‌كدا ره‌خنه‌ له‌قادر عه‌زیز ده‌گرن به‌وه‌ی‌ گوایه‌ به‌ئاره‌زوی‌ خۆی‌ كاریكردوه‌و به‌بێ‌ ئاگاداری‌ ئه‌وان نامه‌ی‌ بۆ خوێندكارانی‌ ده‌ره‌وه‌ نوسیوه‌، شاكه‌لی‌ ده‌نوسێت "ئه‌م كێشه‌یه‌ بوه‌ سه‌ره‌تای‌ ناكۆكی‌ له‌ناو حیزبداو دو بۆچونی‌ جیاوازی‌ له‌سه‌ر دروستبو".
ده‌رباره‌ی‌ جیابونه‌وه‌ی‌ قادر عه‌زیز، شاكه‌لی‌ ده‌نوسێت: له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌و له‌ئه‌نجامی‌ بڕیاره‌كان‌و كه‌ڵه‌كه‌بونی‌ گرفت‌و كێشه‌ ده‌ره‌كیه‌كان، سه‌ره‌تایه‌ك بۆ په‌یدابونی‌ دو رای‌ جیاواز له‌ناو حیزبدا دروستبو. ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ زۆر له‌سه‌رخۆ گه‌شه‌ی‌ كرد‌و له‌كۆبونه‌وه‌كانی‌ هاوینی‌ (1985)ی‌ شوشان به‌زه‌قی‌ خۆی‌ ده‌رخست‌و سه‌رئه‌نجام جیابونه‌وه‌ی‌ باڵی‌ قادر عه‌زیزی‌ لێكه‌وته‌وه‌.

سۆسیالیست‌و مۆزه‌مبیق
له‌كاتی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ به‌لاغی‌ كۆتایی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ زێوكه‌دا، سه‌عد عه‌بدوڵا پێداگری‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ ده‌بێت له‌به‌لاغی‌ كۆتایی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌ركۆنه‌ی‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ كۆنه‌په‌رستانه‌ی‌ ئیستیعماری‌ فه‌ره‌نسی‌‌و ئینگلیزی‌‌و ئه‌مریكی‌ له‌كێشه‌ی‌ نامیبیاو مۆزامبیق بكرێت. له‌به‌رانبه‌ردا سه‌ید كاكه‌ پێیده‌ڵێت: مامۆستا له‌م دۆڵه‌دا به‌ئاسته‌م ئاسمانت لێوه‌ دیاره‌، خوا خوامانه‌ چوار فه‌رده‌ ئاردو دو سندوقه‌ فیشه‌ك په‌یدابكه‌ین تا بتوانین درێژه‌ به‌شۆڕش بده‌ین. ئه‌تۆ واده‌زانی‌ ئه‌و عاله‌مه‌ هه‌مو چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ی‌ ئێمه‌ن؟ ده‌ته‌وێ‌ لێره‌وه‌ ته‌مبێی‌ ئیستعیمار بكه‌ین. شاكه‌لی‌ ده‌ڵێت: له‌ به‌لاغه‌كه‌دا ئیدانه‌كه‌ هه‌ر نوسراو ئیستیعماریش ته‌مبێ‌ نه‌بو"!

مه‌سعود بارزانی‌: كاكم ده‌زانێ‌
له‌ساڵانی‌ (1983 - 1987) چه‌ند جارێك سه‌ركردایه‌تی‌ سۆسیالیست له‌گه‌ڵ پارتی‌‌و شیوعی‌‌و پاسۆك كۆده‌بنه‌وه‌. شاكه‌لی‌ ده‌ڵێت "له‌كۆبونه‌وه‌كانی‌ راژان كاك ئیدریس‌و كاك مه‌سعود بارزانیش به‌شدارییان ده‌كرد. هه‌رچه‌ند كاك مه‌سعود به‌ڕه‌سمی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ بو، به‌ڵام كه‌متر قسه‌ی‌ ده‌كردو زیاتر ده‌وری‌ ده‌دایه‌ كاك ئیدریس‌و له‌هه‌ندێ‌ بابه‌تی‌ گرنگدا ئه‌گه‌ر كه‌سێك روی‌ ده‌می‌ له‌كاك مه‌سعود بكردایه‌ ده‌یگوت كاكم ده‌زانێ‌. راستی‌ من ئه‌و شێوازی‌ مامه‌ڵه‌یه‌م زۆر به‌لاوه‌ گرنگ بو، جۆرێك له‌رێزو ئه‌نجامی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ تایبه‌ت بوون".

خه‌یاڵه‌كانی‌ مام جه‌لال‌و نه‌وشیروان
رۆژی‌ (10/1/1986) به‌مه‌به‌ستی‌ ئه‌نجامدانی‌ ئاشتبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حیزبه‌ كوردستانیه‌كان، به‌نوێنه‌رایه‌تی‌ سۆسیالیست شاكه‌لی‌ له‌گه‌ڵ مام جه‌لال كۆده‌بێته‌وه‌، له‌و كۆبونه‌وه‌دایه‌ مام ده‌ڵێت: ئێمه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی‌ ئاشتی‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌و حیزبه‌كانی‌ دیكه‌ش جیدین. شتی‌ گه‌وره‌شم له‌خه‌یاڵدایه‌ بۆ پاشه‌ڕۆژی‌ گه‌له‌كه‌مان.
له‌مانگی‌ ئایاری‌ (1989) شاكه‌لی‌ له‌دیمه‌شق سه‌ردانی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كات، له‌وكاته‌شدا باسی‌ گفتوگۆو دانوستان له‌گه‌ڵ رژێمی‌ به‌عسی‌ عێراق ده‌كرێت، به‌وته‌ی‌ شاكه‌لی‌ نه‌وشیروان دژی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ مفاوه‌زات نه‌بوه‌و وتویه‌تی‌"باشه‌ ئێوه‌ بۆ مفاوه‌زات ناكه‌ن؟ ئێمه‌ش پشتگیریتان ده‌كه‌ین". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "كاك نه‌وشیروان رای‌ وابو مه‌سه‌له‌ی‌ كورد له‌عێراق چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌یوت مفاوه‌زات مانای‌ ته‌سلیم بونه‌وه‌ نیه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئیراده‌ی‌ مانه‌وه‌و تێكۆشانمان بمێنێت".

مام جه‌لال‌و قه‌رارگا
رۆژی‌ (11/7/1989) له‌شاری‌ قوم مه‌راسیمێك بۆ چله‌ی‌ ئیمام خومه‌ینی‌ سازده‌كرێت، یه‌كێك له‌به‌رنامه‌كانی‌ مه‌راسیمه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوه‌ مه‌سیره‌یه‌كی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ لایه‌نه‌كان له‌شه‌قامه‌كانی‌ شاردا بكرێت‌و سه‌ركردایه‌تی‌ حیزبه‌كانیش له‌پێشه‌وه‌ی‌ مه‌سیره‌كه‌وه‌ بن! به‌ڵام لایه‌نه‌كانی‌ به‌ره‌ی‌ كوردستانی‌ ئه‌و داوایه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.
شاكه‌لی‌ ده‌نوسێت: مام جه‌لال به‌به‌رپرسی‌ قه‌رارگای‌ ره‌مه‌زانی‌ راگه‌یاند ئه‌وه‌ ناكه‌ین، ئێرانیه‌كان به‌و هه‌ڵوێسته‌ ناڕه‌حه‌ت بون‌و هه‌وڵیاندا رازیمان بكه‌ن، به‌ڵام هه‌مو له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی‌ خۆمان سور بوین‌و سه‌رئه‌نجام ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان ویستیان سه‌رینه‌گرت.

حیزبێك به‌بێ‌ سه‌ركرده‌
له‌م كتێبه‌دا، شاكه‌لی‌ به‌وردی‌ په‌نجه‌ بۆ یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ راده‌كێشێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ راشكاوانه‌ ده‌نوسێت: به‌درێژایی‌ هه‌بونی‌ بزوتنه‌وه‌و پاشان حیزبی‌ سۆسیالیست، سه‌ركرده‌یه‌كی‌ خاوه‌ن كاریزماو قسه‌ رۆیشتو لای‌ هه‌مومان دروست نه‌بو.. بۆچی‌ نه‌مانتوانی‌ حیزبه‌كه‌مان پێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ین؟ وه‌ڵامێكی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌و پرسیاره‌ نیه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێ‌ كه‌ ره‌نگه‌ زۆربه‌مان له‌سه‌ری‌ كۆك بین نه‌بونی‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كی‌ یه‌كگرتو و سه‌ركرده‌ی‌ قسه‌ رۆیشتو بو.

خۆپاڵاوتنی‌ د.مه‌حمود
د.مه‌حمود عوسمان یه‌كێك بوه‌ له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی‌ سۆسیالیست، له‌باره‌ی‌ كه‌سایه‌تی‌ ئه‌م سیاسه‌تمه‌داره‌وه‌، شاكه‌لی‌ ده‌ڵێت: د.مه‌حمود قسه‌كانی‌ به‌چه‌ند وشه‌و رسته‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ داده‌ڕێژێ‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ شاره‌زای‌ بێت لێی‌ تێده‌گات‌و ده‌زانێ‌ كامیان ئه‌سڵی‌ مه‌قسه‌دی‌ باسه‌كه‌ن. مه‌جلیسی‌ د.مه‌حمود زۆر خۆشه‌، ته‌علیق‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ بۆ مه‌سه‌له‌كان‌و پێشبینیه‌كانی‌ بۆ داهاتو.
له‌ساڵی‌ (1992)، د.مه‌حمود یه‌كێك ده‌بێت له‌و كه‌سانه‌ی‌ خۆی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ده‌پاڵێوێت‌و (25) هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ست ده‌هێنێت، به‌بۆچونی‌ شاكه‌لی‌ د.مه‌حمود له‌به‌ر دو هۆ خۆی‌ پاڵاوتوه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌بوه‌ ویستویه‌تی‌ ئه‌گه‌ر ده‌ربچێت‌و ده‌نگی‌ زۆر بهێنێت ئه‌وا كێشه‌ی‌ رابه‌رایه‌تی‌‌و زه‌عامه‌تی‌ حیزبی‌ سۆسیالیست یه‌كلاده‌بۆوه‌ بۆ ئه‌و و ره‌سول مامه‌ند ده‌سبه‌رداری‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ حیزب ده‌بێت. دوه‌م له‌سه‌ر ئاستی‌ كوردستان ئه‌گه‌ر ده‌نگی‌ زۆری‌ بهێنایه‌ ده‌چوه‌ ریزی‌ یه‌كه‌می‌ رابه‌ره‌كان‌و له‌سنوری‌ حیزبی‌ بچوك‌و سه‌ركرده‌یه‌كی‌ بچوك ده‌رده‌چو.

یه‌كگرتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌
له‌ ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ شوباتی‌ (1993)، به‌شێك له‌ سۆسیالیست ده‌چنه‌ ناو ریزه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانه‌وه‌، نوسه‌ر هۆكاری‌ ئه‌م یه‌كگرتنه‌ بۆ چه‌ند خاڵێك ده‌گێڕێته‌وه‌، له‌وانه‌: زۆربه‌ی‌ كادیرانی‌ حیزب به‌ته‌مای‌ پله‌و مه‌سئولیات بون‌و ده‌یانویست له‌ حیزبێكی‌ هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ت‌و كه‌مدۆستی‌ راسته‌قینه‌ ده‌ربچن‌و له‌به‌رهه‌می‌ ره‌نج‌و ماندبونی‌ چه‌ند ساڵه‌یان شتێكیان به‌ربكه‌وێت، براده‌رانی‌ یه‌كێتیش له‌به‌ر حیساباتی‌ خۆیان په‌له‌یان بو له‌ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و یه‌كگرتنه‌‌و كه‌سبكردنی‌ باڵێكی‌ گه‌وره‌و گرنگ‌و كاریگه‌ری‌ سۆسیالیست بۆ لای‌ خۆیان. خزمه‌كانی‌ كاك ره‌سوڵیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابون بچێته‌ حیزبێكی‌ گه‌وره‌و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات‌و ئیمتیازات‌و ئه‌وانیش له‌په‌نایدا هه‌ندێ‌ بحه‌سێنه‌وه‌.

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×