سەفین دزەیی: ناردنی موچە لەلایەن بەغداوە بەردەوام دەبێت
  2019-06-30       551       

سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند"لیژنەیەک لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهاتوە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ تەواوکەری موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ئێستا حکومەتی عێراق بەشێک لە موچە رەوانە دەکات."

ئاوێنە: سەفین دزەیی، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی وتوە"هەفتەی رابردو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی کۆبوەوە و بڕیاردرا لیژنەیەک پێک بێت بۆ بابەتەکانی موچە و نەوت چونکە بەداخەوە هەندێک پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا لێدوانی وا دەدەن کە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان".

سەفین دزەیی لەبارەی راست و دروستی بابەتی ناردنی موچە بۆ هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام، وتی"ئەوەی لە زاری عادل عەبدولمەهدی و وەزیری دارایی بیستومانە، ئەوەی ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت بەشێکی موچەیە نەوەک بودجە، چونکە ئێمە مانگانە ٨٨٠ ملیار دینار دەدەین بە موچە، ئەوەی ئێستا لە بەغدا دەنێردرێت بڕی ٤٥٠ ملیار دینارە، لەبەرئەوە ٤٣٠ ملیارەکەی دیکە هەرێمی کوردستان لە فرۆشی نەوت دەبێت دابینی بکات و بە ئێمەیان راگەیاندوە کە ناردنی موچە بەردەوام دەبێت".

سەفین دزەیی وتیشی"سەبارەت بەو ٢٥٠ هەزار بەرمیلەی کە دەبێت رادەستی بەغدا بکرێت، لەڕوی مەبدەئییەوە کێشەمان لەگەڵ بەغدا نییە، بەڵام دەبێت میکانیزمێک هەبێت بۆ تەواوکردنی ئەو ٤٣٠ ملیار دینارە کە کێ تەواوی دەکات، چونکە ئەگەر ئەو نەوتە بدەین بە بەغدا مانای وایە ناتوانین نەوت بفرۆشین و ئەو ٤٣٠ ملیار دینارەمان دێتە دەست و تەکمیلەی موچەی پێ دەکەین، بۆیە لیژنەیەک لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دۆزینەوەی ئەو میکانیزمە پێکهاتوە."

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×