پەكەكەو پارتی، لەجەنگی ساردەوە بۆ جەنگی گەرم
  2019-07-03       3253       

ئا: ئاوێنە



ماوەیەكە رۆژانە بەرپرسانی پەكەكەو پارتی لێدوان لەدژی یەكتر رادەگەیەنن، وەك ئەوەی لەلێواری راگەیاندنی جەنگدا بن بەرامبەر بەیەكتر‌و ئامادەكاری بۆ ئەوە بكەن لەجەنگی ساردص شاراوەوە پێبنێنە جەنگی ئاشكراو گەرمەوە.



هێرشی بەردەوامی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی بۆ سەر دەڤەری برادۆست‌و سیدەكان‌و بارزان، گومانی پەكەكەی بەرامبەر بەپارتی دیموكراتی كوردستان گەورەتر كردوە.


پەكەكەو پارتی ساڵانێكی زۆرە لەململانێدان، لەرۆژئاوای كوردستانەوە بگرە تا دەگات بەشەنگال‌و رۆژهەڵاتی كوردستان دید‌و روانین‌و ئەجندایان تەواو جیاوازو ناكۆكە، تەنانەت لەباكورو باشوریشدا پەكەكەو پارتی بەدو ئاڕاستەی پێچەوانە سیاسەتیان دادەڕێژن، بەمەبەستی لاواز كردنی یەكدی‌و پشتیوانی كردن لەنەیارانی یەكدی.


هێرشی سەربازی‌و پلانەكانی توركیا بۆ جێ‌ پێ لێژ كردنی پەكەكە لەو ناوچە سنوریانەی قەندیل‌و برادۆست‌و خواكورك كە دەیان ساڵە بنكەو بارەگای سەرەكیانەو ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و پەكەكەی توندتر كردوەتەوە.


پەكەكە نەك هەر بەگومانەوە لەبێدەنگی پارتی‌و حكومەتی هەرێم بەرامبەر بەو هێرشانە دەڕوانێ‌، بەڵكو پێیوایە پارتی‌و (تەنانەت یەكێتیش) تێهەڵكێشی ئەجنداكانی توركیا بون بەمەبەستی لاوازكردنی پەكەكەو تەنگ پێهەڵچنینی لەباشور، سەردانی د.بەرهەم ساڵح‌و نێچیرڤان بارزانیش لەم ساتەوەختە هەستیارەدا بۆ توركیا‌و كۆبونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان‌و مۆڵەت نەدانی ئاسایشی سلێمانی بەتەڤگەری ئازادی بۆ ئەوەی كۆنگرە ببەستێ‌‌و هاوكاری دەزگا هەواڵگرییەكانی پارتی لەگەڵ میتی توركی‌و دروستكردنی هێزێكی چەكدار لەلایەن پارتییەوە بۆ كەسێكی دەستڕۆشتوی ئەم حزبە لەعەشیرەتی لۆلان‌ لەدەڤەری برادۆست‌و سیدەكان كە پەكەكە بە"چەتەو جاش"ی توركیای ناودەبات، هەمویان بەلای پەكەكەوە چەند ئەڵقەیەكی گرێدراوی زنجیرە روداوێكن دەچنە خانەی پیلانگێڕان لەپەكەكەوە.


هەربۆیە لەبەرامبەر ئەمانەدا، پەكەكە رەخنەكانی لەپارتی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئاستی لێدوان‌و قسەی زارەكییەوە گواستەوە بۆ هەڕەشەی كردەكی‌و لەیەكەم هەنگاویدا "هێزی پاراستنی جەوهەری بۆ پاراستنی باشوری كوردستان" راگەیاند‌و لەدەڤەری برادۆست کەتیبەیەکی بۆ پاراستنی دەڤەرەکە دروستكرد، كە وەك خۆیان دەڵێن "ئەرکی ئەوان پاراستنی هەرێمەکەیانە لەدژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک‌و سزادانی سیخوڕەكانی توركیا"، كە مەبەستیان ئەو بەرپرسانەی پارتی‌و عەشرەتی لۆلانە لەناوچەكە كە هاوكاری توركیا دەكەن.


سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك كاردانەوە بەرامبەر بەم هەنگاوە رایگەیاند كە "ئەو كردەوانەی پەكەكه دەیكات قابیلی قبوڵ نیه".


وتیشی "خۆیان ناوناوە هێزی پاراستنی باشور، نازانم باشور لەكێ دەپارێزن؟ كه هەرێمی كوردستان حكومەتێك‌و پەرلەمانێكی هەڵبژێردراوی هەیه بەسەدان قات دیموكراتی ترە له پەكەكه كه بانگەَشەی دیموكراسیەت دەكات، ئەو دهمامكدارانه دیاره كێ دروستی كردون هەركردەوەیەك بكەن پەكەكه لێی بەرپرسه".


ئەوەی ئەمڕۆ گوێبیستی لێدوانی بەرپرسانی پارتی‌و پەكەكە بێت، وا هەست دەكات لەلێواری هەڵگیرسانی جەنگدان بەرامبەر بەیەكتر، جەنگێك كە تەنها دڵی توركیا‌و دوژمنانی كورد خۆش دەكا‌و دەوڵەتی ئاكەپەش بەهەمو شێوەیەك كار بۆ هەڵگیرسانی دەكات.


رەنگە ئەزمونی تاڵی جەنگی نێوان هێزە كوردییەكان‌و هوشیاری‌و بەرچاوڕونی گەنجانی كوردستان هیوابەخش بێت بۆ ئەوەی جارێكیتر كارەساتی وەها لەماڵی كوردیدا رونەدات.


موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی گەل لەدوا لێدوانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە سەرباری ئەوەی سیاسەتی هەڵە خزمەتی گەلی كورد لەباشور ناكات، خوازیاری ئەوەن كێشەكانی ناوخۆمان بەگفتوگۆ چارەسەر بكەین، ئەو دەڵێت "دەوڵەتی تورك پیلانی ئەوە دەگێڕێ‌‌ سیاسەتمەداری كورد بخاتە هەڵوێستی ئەحمەقانەوە، دەبێت ئێمە رێ بەوە نەدەین، لەسەدەی 21دا كە جیهان كێشە هەرە قورسەكانی خۆی بەدایلۆگ چارەسەر دەكات، دەوڵەتی تورك‌و میتی توركی دەیانەوێ‌ لەنێوان هێزە كوردییەكاندا شەڕ دروست بكەن، پێویستە ئێمە ئەم هەوڵەی دوژمن پوچەڵ بكەینەوە‌و خوازیاریشین ئێمەی كورد لەمە تێبگەین‌و كاری هەڵە نەكەین".



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×