بەڕێوەبەری ناحیەی شورە: ئەو بۆرییە نەوتەی گڕی گرتبو، بۆرییە كۆنەكەیە
  2019-07-03       706       
كێڵگەیەكی نەوت لەكەركوك. ئەرشیف

بەڕێوەبەری ناحیەی شورە لە پارێزگای نەینەوا، رەتیدەكاتەوە ئەو هێڵی بۆری نەوتەی گڕی گرتبو، ئەو هێڵە بێت كە لەئێستا نەوتی كەركوك بۆ بەندەری جەیهان دەگوازێتەوەو دەشڵێت، هێڵە كۆنەكە بوە.

ئاوێنە: خالید جاروڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی شورە، بە ماڵپەڕی سومەریەنیوز-ی راگەیاند"ئاگرێك لە پوشوپەڵاشی نزیك لە یەكێك لە بۆریە نەوتە كۆنەكانی نزیك لە وێستگەیەكی كارەبا لە گوندی عەین جەحش لەناحیەی شورە لەباشوری موسڵ كەوتبوەوەو ئەوەش بوە هۆی تەقینەوەی پاشماوەی تەقەمەنی بەجێماوی داعش."

وتیشی"بەرگری شارستانی كۆنترۆڵی ئاگرەكەی كرد."

جەختیشی كردەوە كە ئەو بۆریە نەوتە، بۆرییە كۆنەكە بوە كە ماوەی چەند ساڵێكە كاری نەكردوە نەك ئەو بۆریەی كە لەئێستادا نەوت بۆ بەندەری جەیهانی توركی دەگوازێتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویكردۆتەوە، هێڵێ نەوتی باكوری عێراق كە نەوتی كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركی دەگوازێتەوە بەهۆی تەقینەوەوە گڕی گرتوە بەڵام تیمەكانی بەرگری شارستانی توانیویانە كۆنترۆڵی ئاگرەكە بكەن.

سەرچاوەیەكی ئەمنی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندبو كە دوای ئەوەی شەش بۆمبی چێنراو یەك لە دوای یەك لە گوندی "عەین جەحش" لەناحیەی "شورە"ی سەربە پارێزگای نەینەوا تەقیونەتەوە، هێڵی بۆری نەوتی باكوری عێراق كە نەوتی كەركوكیش بۆ بەندەری جەیهان دەگوازێتەوە گڕی گرتوە.

سەرچاوەكە هێمای بۆ ئەوە كردبو كە تیمەكانی بەرگریی شارستانی توانیویانە ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەن.

لەگەڵ ئەوەش سەرچاوەكە ئاشكرایكردبو كە لەئێستادا گواستنەوەی نەوت بەو هێڵەدا راگیراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×