دواى نوسراوى وەزارەتى
خوێندنى باڵا، ئەنجومەنى وەزیران بڕى (١٠) ملیۆن دۆلار بۆ تواناسازى تەرخان دەکات.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی
خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، لە دو نوسراوى جیای وەزارەتەكەدا کە ئاراستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى
کردبو بۆ دابینکردنى شایستەى دارایى بۆ خوێندكاران و دەرچوانى تواناسازى، لە بەرامبەردا
سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران رەزامەندى نیشاندا لەسەر خەرجکردنى بڕى (١٠) ملیۆن دۆلار
بۆ تواناسازى.
عەباس ئەکرەم وتەبێژى
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا رایگەیاند وەزارەتەکەمان
بە نوسراوى ژمارە (٥١٦٦) لە ڕێکەوتى (٣/٤/٢٠١٩) ئاراستەى سەرۆکایەتى ئەنحومەنى وەزیران
کرد بۆ دابینکردنى شایستەى دارایى بۆ خوێندكاران و دهرچوانی تواناسازى، ئەوانەى بەردەوامن
لە خوێندن و ئەوانەشى خوێندنیان بەسەرکەوتوى تەواو کردوە.
هێمای بۆ ئەوەش
كردوە كە دواتریش لە نوسراوێکى دیکەیدا بە ژمارە (٨٤٩٣) لەڕێکەوتى (١٢/٦/٢٠١٩) وەزارەتى
خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رونکردنەوەى پێویستى ئاراستەى ئەنجومەنى وەزیرانى
کرد لەبارەى خەرجکردنى شایستەى دارایى بۆ خوێندكاران و دەرچوانى تواناسازى.
وتەبێژى وەزارەتى
خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى"دواى نوسراوى وەزارەتەکەمان، سەرۆکایەتى
ئەنجومەنى وەزیران ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر خەرجکردنى بڕى (١٠) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندكاران
و دەرچوانى تواناسازى، بە تەرخانکردنى ئەم بڕە پارەیە بەشێک لە کێشەى خوێندكاران و
دەرچوانى تواناسازى چارەسەردەبێت. بۆیە بەپێویستى دەزانین سوپاسى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى
وەزیران بکەین بۆ دابینکردنى ئەم بڕە پارەیە بۆ تواناسازى."
عەباس ئەکرەم ئەوەشی
خستەڕو"وابڕیارە دواى تەواوبونى ڕوشوێنە پێویستەکان وەک قۆناخەکانى پێشو دەستبکرێت
بە دابەشکردنى ئەم بڕە پارەیە بەسەر خوێندكاران و دەرچوانى تواناسازى."