دوران كاڵكان وردەکاری رێككه‌وتنی نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان‌و مەسعود بارزانی دەگێڕێتەوە
  2019-07-05       2577       

ئا: ئاوێنە، (ANF)


دوران كاڵكان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتیی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەم گفتوگۆیەی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دەڵێت "یەکێتی بەپێشەنگایەتیی جەلال تاڵەبانی هەوڵی دەدا بەبێ پارتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ساز بكات. بەو شێوەیە ده‌یویست بەتەواوی پارتی پەراوێز بخات. ڕێبەر ئاپۆ لەدژی ئەو تێڕوانینە وه‌ستایه‌وه‌و بەڕاستی نەزانی".

دیداره‌كانی نێوان بزووتنەوەی ئاپۆیی و پارتی سەرەتا کەی و چۆن دروست بوون؟

هەر لە کاتی بونیادنانی دەستەی ئایدیۆلۆژیدا ڕێبەر ئاپۆ ڕایگه‌یاندبوو کە لە کوردستان لە چوارچێوەی بەرەی نەتەوەییدا ڕێكخستنێكی كۆكراوه‌ له‌ هەموو بزووتنەوەکان کارێکی ڕاست ده‌بێت. بەو ئامانجەوە ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ بەرپرسانی هەموو حیزب و ڕێكخستنه‌ کوردستانییەکان دیداری کردبوو. له‌نێویشیاندا پارتیی دیموکراتیی کوردستانی تورکیاش هەبوو. وەکو دەزانرێت ئەو حیزبه‌ وەکو لقێکی پارتیی عێراق لە باکووری کوردستان خۆی ڕێكده‌خست. بەڵام ئه‌و كاته‌ دیدارەکان هیچ ئەنجامێکیان نەبوو. هیچ لایه‌نێك پشتیوانی له‌م پێشنیازه‌ی ڕێبەر ئاپۆ بۆ دروستكردنی ڕێكخستنێكی وه‌ها نەکرد. ئەو کاتە به‌رپرسی پارتیی تورکیا ڕایگه‌یاندبوو، تێڕوانینەکانی ڕێبه‌رایه‌تی بۆ گەل و کوردستان زۆر مەترسیدار دەبێت.

دوای ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ چووە دەرەوەی وڵات و کودەتای ١٢ی ئەیلوول ڕوویدا، ڕێبه‌ر ئاپۆ لە گۆڕەپانی لوبنان – فەلەستین، سووریا و رۆژهەڵاتی ناوین ده‌ستی به‌ هه‌وڵه‌كانی كرد بۆ دروستکردنی بەرەی کوردستانی و تورکیا لە دژی فاشیزم. سەرەتای ساڵی ١٩٨١ لەگەڵ حیزبه‌كانی باکووری کوردستان لە شام-ی پایتەختی سووریا چه‌ند کۆبوونەوەیه‌ك ساز كران و گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا. یەکێتی بە سەرۆکایەتیی جەلال تاڵەبانی کە یەکێک بوو لە جوڵانه‌وه‌كانی باشووری کوردستان، پاڵپشتییەکی بەهێزی ئەو وتوێژانەی کرد. یەکێتی پەیوەندییەکی باشتری لەگەڵ حیزب و لایەنەكانی دیكه‌ی باکووری کوردستان هەبوو. بنکەی جەماوەریی پارتی ئەوکاتە لاواز بوو. بەڵام وەکو ساڵی ١٩٧٥ دیداره‌كانی ساڵی ١٩٨١یش له‌ شام بۆ دروستکردنی بەرەی نەتەوەیی هیچ ئه‌نجامێکیان نەبوو. دەستە و ڕێکخستنەکانی دیکە شانیان نەدایە بەر ئەوه‌ی لەگەڵ پەکەکە بەرەیەک دروست بکەن. زانیبوویان و تێدەگەیشتن كه‌ پەکەکە لە دژی سیسته‌می سه‌ركوتكار، داگیرکەر و فاشیست دەست بە بەرخۆدانی چەکداری دەکات. چونکە پەکەکە لەبارەی ئەوەوە قسەی دەکرد، بانگه‌شه‌ی دەکرد و دەینووسی. پێش کودەتای ١٢ی ئەیلوول لە چوارچێوەی بەرخۆدانی حیلوان - سیڤەرەک لەو بارەیەوە هەنگاوی دەستپێک نرابوو. له‌مه‌ دەترسان و خۆیان لێ دەبوارد. بۆیە ده‌یانویست پەکەکە بەتەواوی واز لە بەرخۆدانی چەکداری بهێنێت و وەکو ئەوان بێت. بێگومان پەکەکە نه‌یده‌توانی ئەوە قبووڵ بکات. لە ئەنجامدا کۆبوونەوەکان سەرکەوتوو نەبوون. ڕێبەر ئاپۆ بەو لایه‌نانه‌ی گوت، «بەبێ پەکەکە بەرەیەکی نەتەوەیی دروست بكه‌ن، لە دژی ڕژێمی فاشیست و داگیرکەر بەرخۆدان بکەن. ئەگەر ئەوە بکەن په‌كه‌كه‌ بەبێ مەرج پاڵپشتیتان دەکات.» و لە کۆبوونەوەکە کشایەوە. دواتر چەند کۆبوونەوەیەکی دیكه‌ كران و حیزب و لایەنەكانی دیکە یەکتریان تۆمەتبار کرد و لە کۆبوونەوەکە کشانەوە. دیدارەکان بۆ دروستکردنی بەرەی نەتەوەیی بەبێ ئەنجام مانەوە.

هاوكات هەوڵێکی لەو شێوەیە لەسه‌ر ئاستی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەبوو. لە هاوینی ساڵی ١٩٨٠ دەسەتەیەک بە پێشەنگایەتی هاوڕێ محەمەد قەرەسوونگوور چوونە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو کاتە لە ئێران شۆڕشێك کرابوو و دەسەڵاتی شا ڕووخابوو. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەروەریی دەوڵەت نەمابوو. ئیدارەیەکی لایەنە سیاسییەکانی کورد هه‌بوو. بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکان لەو گۆڕەپانە، بۆ وەرگرتنی پاڵپشتی به‌مه‌به‌ستی ڕێکخستنی تێکۆشانی بەرخۆدانی نه‌ته‌وه‌یی له‌ باکوری کوردستان، هەڤاڵ محەمەد قەرەسوونگوور ئەرکی پێ سپێردرابوو. لە هەمان کاتدا ناوەندی پارتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. پارتیی دیموکراتیی کوردستانی عێراق دوای شكستی ساڵی ١٩٧٥ ناوەندی خۆی بردبووە ئێران و لەوێ سه‌رله‌نوێ خۆی کۆدەکردەوە و هەوڵی دەدا خۆی ڕێكخاته‌وه‌. شەڕی عێراق و ئێران دەستی پێکردبوو. لە هەندێک شوێنی باشووری کوردستان سوپای عێراق پاشەکشەی کردبوو، بۆشایی هەبوو. لەو ناوچانەی کە دوای ساڵی ١٩٧٥ چوڵ کرابوون، خەڵک خۆی کۆدەکردەوە. لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا هاوڕێ محەمەد قەرەسوونگوور لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەندی لەگەڵ حیزب و لایەنەكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان دروست کرد و  ڕێككه‌وتنی ئه‌نجام دا. به‌مه‌به‌ستی ڕێکخستن و پشتیوانی یەکتری ئه‌مه به‌ڕێوه‌ده‌چوو. له‌نێو ئەوەدا ڕێکخستنەکانی باشووری کوردستانیش هەبوون. هاوکات لەگەڵ هەموو ڕێکخستنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستێکدا پەیوەندی دروستكرادبوو.

لەو قۆناغەدا پەیوەندی پەکەکە - پارتی دروست بوو. ئەو پەیوەندییانەی سەرەتا بەشێوەیەکی جددی بەرەو پێشەوە چوون، لە زەمینەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هه‌وڵه‌كانی هاوڕێ محەمەد قەرەسوونگوور كه‌ لەگەڵ ئیداره‌ی پارتی گفتوگۆی كرد، هاتنه‌ ئاراوه‌. ئەو کاتە پارتی سه‌رله‌نوێ خۆی ڕێكده‌خسته‌وه‌، مەسعوود بارزانی بووبووه‌ سەرۆک. ئیدریس بارزانی جێگری بوو. ئه‌وان ناوەندی بڕیاری پارتی بوون. عەلی عەبدوڵا سکرتێری گشتی بوو. هاوڕێ محەمەد قەرەسوونگوور لەگەڵ ئەواندا لە ئاستێکدا پەیوەندی دروست ده‌كرد. هەردوو حیزب پێویستیان بە پەیوەندییەکی لەو شێوەیە هەبوو. پێویستییە پراکتیکییەکانی پەکەکە پەیوەندییەکی لەو شێوەیەی لەگەڵ پارتی دەخواست. پارتیش بەهۆی مانه‌وه‌ی لە دەرەوەی یەکێتی و ڕێکخستنە کوردییەکانی دیکە، کەوتبووە پەراوێزەوه‌ و له‌ دۆخێكدابوو كه‌ پێویستی به‌ په‌یوه‌ندی لەگەڵ پەکەکە هه‌بوو. دۆخێکی لەو شێوەیە هەبوو کە یەکێتی بە پێشەنگایەتیی جەلال تاڵەبانی هەوڵی دەدا بەبێ پارتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ساز بكات. بەو شێوەیە ده‌یویست بەتەواوی پارتی پەراوێز بخات. ڕێبەر ئاپۆ لە دژی ئەو تێڕوانینە وه‌ستایه‌وه‌ و بە ڕاستی نەزانی. ڕایگه‌یاند، «ئەگەر کۆنگرەیەکی نەتەوەیی دروست بێت، دەبێت هەموو حیزب و ڕێكخستنه‌كانی کورد بەشدار بن. پێویستە ناکۆکییەکانی نێوان حیزبه‌كان نەبنە بەربەست لە بەردەم کۆنگرەی نەتەوەیی، نابێت ئه‌و ناكۆكییانه‌ بێنە نێو زەمینەی کۆنگرەی نەتەوەیی.» ئەو تێڕوانینە گرنگ بوو. پارتی بەو پەراوێزخستنە کەمێک تەنگەتاو بووبوو. پێویستی بە پەیوەندی هەبوو لەگەڵ پەکەکە.

وەکو دی بڕیارێکی سیسته‌می مێتینگه‌ر - سه‌ركوتكه‌ر هەبوو کە دەیانگوت، «نابێت پەکەکە لە مێردین تێپه‌ڕێت و خۆی بگه‌یه‌نێته‌ بۆتان». بڕیارێکی لەو شێوەیە لە لایەن سیسته‌می مێتینگه‌ری گلۆبال-ه‌وه‌ درابوو. بۆ ئەوەی ئەو شتە لاببرێت و له‌نێو کوردستان کاری ڕێکخستن بکرێت، پەکەکە پێویستی به‌ پشتگیریی پارتی و ڕێکخستنەکانی دیکە هه‌بوو. لە چوارچێوەی ئەو پێویستییەدا مانگە ناوەڕاستەکانی ساڵی ١٩٨٢ پەیوەندییەکان پتەوتر کران و ئەگەر هەڵە نەبم لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٢ پڕۆتۆكۆڵێكی ٩ خاڵی ئامادە کرا. هەردوو لایەن دەقی پرۆتۆکۆلەکەیان قبووڵ کرد، بەو شێوەیە لەنێوان پەکەکە و پارتی بە شێوەیەکی فەرمی پەیوەندی و ڕێککەوتن دروست بوو. له‌ به‌هاری ١٩٨٣ له‌ میانه‌ی سه‌ردانی مەسعوود بارزانی بۆ سووریا پرۆتۆکۆڵەکە ئیمزا كرا. به‌ناوی په‌كه‌كه‌ سكرتێری گشتی عه‌بدوڵا ئۆجالان پڕۆتۆكۆڵه‌كه‌ی ئیمزا كرد. به‌ناوی په‌ده‌كه‌ش سه‌رۆكی گشتی مه‌سعوود بارزانی پڕۆتۆكۆڵه‌كه‌ی ئیمزا كرد. به‌ ئیمزای پایه‌به‌رزانی هه‌ردوو حیزبه‌كه‌ ڕێككه‌وتن و په‌یوه‌ندییه‌كه‌ بوو به‌ فه‌رمی. پتەوتر بوو و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەو پەیوەندی و ڕێککەوتنە هەتا بەهاری ساڵی ١٩٨٥ بەردەوام بوو. ساڵەکانی ١٩٨٣-٨٤-٨٥ لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆڵه‌کەدا هەردوو حیزب پێکەوە ڕێککەوتن و پەیوەندییان دروست کرد. دیداریان ئه‌نجام دا و هاوکاریی یەکتریان کرد. بە بڕوای من ئەو پەیوەندی و کارانەی لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە كران، دەستکەوتی زۆر گرنگیان هه‌بوو بۆ هەردوو حیزبه‌كه‌. لە رووی سیاسییەوە دەستکەوتی گەورەی به‌ پارتی دا. پەکەکەش لە ڕووی پراکتیکییەوە لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییەدا پێشکەوتنی گرنگی به‌ده‌ستهێنا. ئەو پرۆتۆکۆڵەی کە ڕێککەوتنەکەی دروست کرد لە چوارچێوەی بنەما دیموکراتییە نەتەوەییەکاندا بوو. ئێمە بەردەوام گوتمان و ئەمڕۆش دەڵێین، لە چوارچێوەی هەمان ئەو خاڵانەدا ئامادەین لەگەڵ پارتی و حیزبه‌ کوردییه‌كانی دیكه‌ پەیوەندی دروست بكه‌ین. ئەو بنەمایانەی کە لەو پڕۆتۆکۆڵەدا هەبوون ده‌كرێت ببنە بنەمای سه‌ره‌كیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان. نەتەوەییبوون، دیموکراتیبوون، پشتیوانبوون، لەدژی یەکتر نەبوون. بەپێچەوانەوە، لە دژی هیچ حیزبێك نەبوو، به‌ڵكوو بۆ به‌دیهێنانی یەکێتیی دیموکراتیی نەتەوەیی کوردان بوو.

ئەگەر هەڵە نەبم حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٥ بوو کە ئێمە دیدارێکمان لەگەڵ ئیدارەی پارتی له‌ بادینان کرد. ئەو کاتە بەرپرسەکەیان کەسێک بوو بە ناوی د. جەرجیس كه‌ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بادینانیش بوو. ئەوان هەڵوێستێکی نەرێنییان پیشان دا بەرانبەر ئەو بەرخۆدانە چەکدارییەی کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٥ی ئاب بەڕێوەدەچوو. گوتیان، گوشارمان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر. لە سنوور دێن و ده‌چن. نابێ وابكه‌ن». ئێمەش پێمان گوتن، «وانییە، چالاکی لە دێرسیم دەکرێت، لە ئامەد، لە سەمسوور و لە سەرحەد دەکرێت. پەیوەندی بە باشووری کوردستانەوە نییە. هیچ دەستەیەکی گەریلا لێرەوە ناچێته‌ دێرسم بۆ چالاکی. ئه‌گه‌ر هیچ بەربەستێک نەبێت، مرۆڤ ته‌ها بە سێ مانگ جارێك ده‌توانێت لێره‌وه‌ خۆی بگه‌یه‌نێته‌ دێرسم.» هەوڵمان دا تێیانبگەینین، بەڵام ئەوان هەندێک پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتی تورک دروست کردبوو. دەوڵەتی تورک هەڕەشەی لێ كردبوون، پەیوەندییان ڕه‌ت دەکردەوە و هەڵوێستی لەو جۆرەیان پیشان دەدا. دواتر پێم وابێت مانگی ئاب بوو بەناوی پارتی لێدوانێك بلاو كرایه‌وه‌. بە ڕای گشتییان ڕاگه‌یاند کە ئەوان ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان هەڵوەشاندووەتەوە. ئەوەی کە لەو ڕێككه‌وتنه‌ کشایەوە پەکەکە نەبوو، به‌ڵكوو ئەوەی لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و ڕێککەوتنەکەی تێکدا ئیدارەی پارتی بوو.

 

ئێمە دەزانین کە گەریلاکانی پەکەکە دوای ساڵی ١٩٨٢ قورساییان خستە سەر باشووری کوردستان. بەڵام یەکەمین ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور ساڵی ١٩٨٣ دەوڵەتی تورک كردی. هەوڵی یەکەمی داگیركاری چۆن بوو؟

بەڵێ، لە چوارچێوەی پەیوەندییه‌كان لەگەڵ پارتی، بەتایبەتی له‌ ئەنجامەکانی پەروەردەی گۆڕەپانی لوبنان – فەلەستین له‌ ساڵەکانی ١٩٨١ - ١٩٨٢ پەکەکە دووه‌مین كۆنگره‌ی خۆی له‌ کۆتایی ئابی ١٩٨٢ ساز كرد. لە چوارچێوەی بڕیاری کۆنگرەدا لە ئەیلوولی ١٩٨٢ بەدواوە تیمەکانی گەریلا لە سنووری سووریا پەڕینەوە بۆ سنووری بۆتان - بادینان. تیمەکانی گەریلا لە رێگەی جیاوازەوە چوونە بۆتان. بەشێکیان چوونه‌ باشووری کوردستان. لە قەراغەکانی خابوور و زاپ و لە دەشتی هه‌یه‌تی و دەوروبەری لۆلان بنكه‌یان دروست کردن. لە هەمان کاتدا بەشێکیشیان پەڕینەوە بۆ سنووری ڕۆژهەڵات.

هاوڕێ محەمەد قەرەسوونگوور و مەعسووم كۆركماز پێشتر لەو ناوچانە بوون. ئامادەکاریی پراکتیکییان بۆ گەریلا کردبوو. لە چوارچێوەی ئەو كارانه‌دا گەریلاکانی پەکەکە لە زستانی ١٩٨٢ - ١٩٨٣ گەڕانەوە سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. شەڕی عێراق و ئێران دەستی پێکردبوو، لە ٢٠ی ئەیلوولی ١٩٨٠ بەدواوە هەردوو دەوڵەتەکە سوپای خۆیان كشاندبوویه‌وه‌ سەر سنوور. بۆیە لە ناوچەکانی سەر سنووری باشوور، رۆژهەڵات و باکووری کوردستان ژمارەیەکی کەمی سەربازی ئێران و عێراق هەبوون. ناوچه‌ فره‌وانه‌كان چۆڵ بووبوون، بووبوون به‌ چۆڵه‌وانی. گەریلا ئەو هەلەی لە بەرژەوەندی خۆی قۆستەوە بۆ ئەوەی بزووتنەوەی گەریلا لە باکووری کوردستان بەرەو پێشەوە ببات. ئەو ناوچانەی بەکار هێنا، بارەگه‌ی تێدا دروست کردن، ده‌ستیان به‌ پەروەردەی پراکتیکی و ئامادەکاری کرد. لە خابوورەوە هەتا باژێرگان هەم لە سنووری باشوور و هەم لە سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانی ١٩٨٢ - ١٩٨٣ لە هەندێک شوێندا بنكه‌كانی پەکەکە دامه‌زران. ئەمه‌ گەڕانەوە بوو بۆ وڵات. داوا دەکرا ئامادەکاری و پەروەردەی گۆڕەپانی لوبنان – فەلەستین كه‌ لە دژی ڕژێمی سەربازیی فاشیستی ١٢ی ئەیلوول کرا، بۆ بەرخۆدانی چەکداری وه‌رچه‌رخێت. گەریلاکانی پەکەکە لەو چوارچێوەیەدا هەر هەلێکیان دەقۆستەوە و کاریان دەکرد، پەیوەندییان لەگەڵ خەڵک دروست دەکرد و جوگرافیایان دەناسی. له‌ زستانی ١٩٨٢ - ١٩٨٣ لە هەندێک ناوچەی بۆتان لە هێڵی قلابان - چەلێ - شەمزینان پەیوەندییە سەرەتاییەکانی لەو شێوەیه‌ دروست بوون. لە نیسانی ١٩٨٣ لە ناوچەی لۆلان پەکەکە کۆبوونەوەیەکی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پراکتیکی کرد و پلانی بۆ ئەو کارانە داڕشت کە دەبوایە لە باکوور بکرێن. لە چوارچێوەی ئەو پلانسازییەدا بۆ ئەوەی لە هەرێمەکانی بۆتان، زاگرۆس و سەرحەد گەریلا دروست بکرێت، تیمە سەرەتاییەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتەوە ڕه‌وانه‌ی باکووری کوردستان كران. کارێکی لەو شێوەیە سەرەتا له‌نێو باشووری کوردستانه‌وه‌ کرا، دواتر لە بەهاردا له‌نێو رۆژهەڵاتی کوردستانیش کرا.

لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا ده‌وڵه‌تی تورک بەشێوەیەکی فەرمی بۆ یەکەم جار هاتە نێو سنووری عێراق و لە ٢٥ی ئایاری١٩٨٣ ده‌ستی به‌ یەکەمین هێرش بەناوی «ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور» كرد. ئەوە لە ڕۆژهەڵاتی ڕوباری خابوور كرا. بەقووڵایی ٥ کیلۆمەتر سوپای تورک هاتە نێو خاکی باشووری کوردستان. لە سنووری خابوور بارەگه‌کانی پارتی و حیزبی شیوعی عێراق هەبوون. لە بەرانبەر یەکمالە بوون، لە لایەکەی دیکەی روبارەکەشه‌وه‌ بارەگه‌ی سەربازیی تورکیا، لە بەرانبەری ئەوانیش بارەگه‌ی سەربازیی پارتی و حزبی شیوعی هەبوون. بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە، دەوڵەتی تورک كه‌مێك لە پارتی توڕە بوو.

لە لایەکی دیکەوە ئەو کارەی پێی دەڵێن «قاچاغچییه‌تیی بازرگانیی سنوور» لەوێ زۆر ده‌كرا. بەتایبەتی لەو شوێنە قەت نەوەستابوو و لە چەندین لاوه‌ ئەو کارە بازرگانییە دەکرا. لە زستانی ١٩٨٢ -  ١٩٨٣ جارێک – یان دوو جار لەنێوان ئەو بازرگانانە کە پێیان ده‌گوترا قاچاغچی و سوپای تورک شەڕ دروست بوو. ئەوەندەی لەبیرمە جارێک دوو سەربازی تورک کوژران و چەند بریندارێكیش هەبوون. کەنعان ئەڤرەن لە بەرانبەر ئەوەدا زۆر توڕە بوو و تۆمه‌تێكی گەورەی کردبوو. زانیاری بڵاو بوویه‌وه‌ کە پەکەکە گەڕاوەتەوە وڵات و لەسەر سنوور نیشتەجێ بووە. عه‌قڵیه‌تی نه‌ریتیی دەوڵەتی تورک ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هەموو شتێک بە خیانەت و تیرۆرەوە دەبەستێته‌وه‌. بە کورتییەکەی دەوڵەت زانیاری لەسەر گەڕانەوەی پەکەکە بۆ سەر سنوور دەستکەوتبوو، له‌به‌رئه‌وه‌ توڕە بوو. لە پەیوەندییەکانی پارتی توڕە بوو.

پارتیش لەسەر سنوور بنکە و بارەگه‌ی دروستكردبوو. سوپای تورک ده‌یویست پاشەکشەیان پێ بکات. لە ڕاستیدا یەکەمین ئۆپەراسیۆن لە دژی پارتی بوو. پارتی و حیزبی شیوعی لە دەوروبەری خابوور بە قوڵایی ٥ کیلۆمەتر بنکە و بارەگه‌کانیان هێنایەوە نێو سنووری باشوور. پارتی دەستبەرداری هەموو شتێک بوو و کشایەوە. هەرگیز خۆی ڕانه‌گرت و هەندێک زیانیشی پێکەوت. بۆیە ئیدارەی کەنعان ئەڤرەن ڕایگه‌یاند، «ئێمە سنوورمان لە تیرۆر پاک کردەوە.» ئەوە هێرشێکی ٣-٤ ڕۆژی بوو. سوپای تورک دواتر لەسه‌ر سنوورەکە کشایەوە. ئەنجامە سەربازییەکەشی ئەوە بوو کە پارتی بارەگه‌کانی خۆی لەسەر سنوورەوە بە قوڵایی ٥ کیلۆمەتر کێشایەوە نێو خاکی باشوور. خۆی پارتی سەرەتا بەرەو گەلی زەندورا و دواتر هەتا زاپ پاشەکشەی کرد. پەکەکەش ئەو جموجۆڵەی وەکو هەلێک بۆ بەهێزکردنی بەرخۆدانی چەکداری قۆستەوە و تیمەکانی گەریلای لە سنوورەوە پەڕاندەوە نێو ناوچه‌ جیاجیاكانی بۆتان. کار و ئامادەکارییە پراكتیكییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان لە هەرێمەکانی بۆتان و زاگرۆس لە ساڵی ١٩٨٣ بەو شێوەیە بوون.

 


لە هەمان کاتدا لەنێوان پەکەکە و پارتیدا ڕه‌شنووسی په‌یمانێك ئامادە کرا؟ کێ داوای پرۆتۆکۆڵی کرد و ناوەڕۆکەکەی چی بوو؟ دواتر ئەو ڕێککەوتنە بۆچی هەڵوەشایەوە؟

لە پرسیاری سەرەتا وەڵامی ئەوەم دایەوە. ڕێککەوتنەکە لە ئەنجامی هەوڵە بەرفراوانەکانی هەڤاڵ محەمەد قەرەسوونگوور هاتە ئاراوه‌. لە ڕاستیدا ئەرکەکە بەو سپێردرابوو. بەڕێوەبەرایه‌تیی پارتییه‌كه‌مان بۆ كاروباری په‌كه‌كه‌ لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڤاڵ محەمەدی ئەرکدار کردبوو. ئەویش لە چوارچێوەی ئەرکەکەی خۆیدا ئەو کارەی کرد. نەک تەنها لەگەڵ پارتی پەیوەندی دروست کرد، به‌ڵكوو دووبارەی دەکەمەوە لەگەڵ هەموو لایه‌نه‌كانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان پەیوەندی و ڕێککەوتنی دروست کرد. پەیوەندی و ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی زیاتر به‌ره‌و پێش پرد. گه‌یاندییه‌ ئاستی پرۆتۆکۆڵی نووسراو. گوتمان کە پرۆتۆکۆڵەکە لە نۆ خاڵ پێکهاتبوو، ناوەڕۆکەکەشی یەکێتیی دیموکراتیی نەتەوەیی بوو. یەکێتی و پشتیوانی بوو. لە دژی هیچ لایەنێکی دیكه‌ نەبوو، كراوه‌ بوو بۆ بەشداریکردنی لایەنەكانی دیکە. هه‌م بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حیزبه‌ کوردییەکان، هه‌م بۆ ئامادەکردنی کۆنگرەی نەتەوەیی زەمینەیەکی گرنگ بوو. چونکە ئەو کاتە پارتی و یەکێتی زۆر دژی یەکتر بوون و پرسیاری «ئایا حیزبه‌ کوردییەکان ده‌توانن پێکەوە کۆببنەوە، دەتوانن پەیوەندییان لەگەڵ یەکتری دروست بكه‌ن؟» لە مێشکی هەموو کەسێکدا دەزرنگایەوە. ئەوەی کۆتایی بەو دۆخە هێنا پەیوەندیی نێوان په‌كه‌كه‌ و په‌ده‌كه‌ بوو.

پرۆتۆکۆلی فەرمی لە ساڵی ١٩٨٢ ئامادە کرا و لە هاوینی ١٩٨٣دا لە لایەن سکرتێری گشتیی پەکەکە و سەرۆکایەتیی گشتی پارتیوە ئیمزا کرا و بوو به‌ فەرمی. ساڵەکانی ١٩٨٢-٨٣-٨٤ كه‌وته‌ بواری جێبەجێكردنه‌وه‌ و هەتا ساڵی ١٩٨٥ بەردەوام بوو. له‌ ئابی ١٩٨٥ له‌ژێر گوشارەکانی تورکیا پارتی بە شێوەیەکی فەرمی به‌ ڕای گشتی ڕاگه‌یاند کە لە پرۆتۆکۆڵەکە کشاوەتەوە و بەو شێوەیە پەیوەندییەکە کۆتایی هات. قۆناغێکی ناکۆکی و شەڕ دەستی پێکرد. کاتێک لەنێوان هێزە چەکدارەکاندا پەیوەندی نەبێت، ناکۆکی و شەڕ ڕوودەدات. بۆیە لە ساڵی ١٩٨٥بەدواوە قۆناغی شەڕ کەوتە ڕۆژەڤەوە.

ئەوەی لێرە زه‌ختی ده‌كرد دەوڵەتی تورک بوو. ده‌وڵه‌تی تورکیا نەیدەویست له‌ باكووری كوردستان دژبه‌ مێتینگه‌ریی تورکی فاشیست له‌پێناو مافە دیموکراتی و نەتەوەییه‌كان تێکۆشانێکی سیاسی و چەکداری بكرێت. کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلوول تەنیا هێرشی نەکردە سەر پەکەکە، به‌ڵكوو هێرشی کردە سەر ڕێكخستنه‌كه‌ی کەمال بووركای، دەدەکەدە (DDKD) و  ڕزگاری کە هەرگیز چەکیان بەکار نەهێنابوو. هێرشیان كرده‌ سەر هەموو کەس و گرتنیان. هەموو ئەوانەی باسی كوردبوونیان کرد و ویستیان بەکوردی قسە بکەن، وەکو دوژمن پیشان دران. تورکیا کاتێک گوشاری بۆ پارتی هێنا زۆر لە بەرخۆدانی ١٥ی ئاب (ته‌باخ) ترسابوو. ده‌یویست ئەوە بوەستێنرێت. ده‌وڵه‌تی تورك لە دژی هەموو کەس بوو، بەڵام قسە و پڕوپاگەندە زۆر زیانی پێ نەدەگەیاند. لە ڕاستیدا پەکەکە لەمێژبوو ئەوەی تێپەڕاندبوو. بە ڕێبازی بەرخۆدانی چەکداری دەستی بە جێبەجێکردنی بەرخۆدانەکەی کردبوو، تورکیاش زۆر لەوە ترسابوو. بۆیە ده‌یویست بیوەستێنێت. لەو چوارچێوەیەدا هەڕەشەی لە پارتی کرد، بەڵێنیشی پێدان. داوای لێکردن گوشار بخەنە سەر پەکەکە. پێیان گوتن، «یان بیوه‌ستێنن، یان ئێمە ئێوه‌ش ده‌كه‌ینه‌ ئامانج». ئیداره‌ی پارتی نەیتوانی خۆی ڕاگرێت، دژی ئه‌و خواسته‌ نه‌وه‌ستانه‌وه‌. بەو شێوەیە ڕیزەکان لێکترازان. پەکەکە لە دژی ده‌وڵه‌تی توركی فاشیست – داگیرکەر دەستی بە تێکۆشانی دیموكراتی و ئازادیی کوردستان کرد، پارتیش پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی تورک دروست کرد، پشتیوانی تورکیای کرد و بۆ تێكشكاندنی ئەم تێکۆشانەی پەکەکە هێرشی لەناوبردنیان دەکرد.

 


لە ساڵی ١٩٨٥ حامید ئاڤجی كاتێك خه‌باتی دەکرد کوژرا؟ بۆچی کوژرا؟

هاوڕێ حامید ئاڤجی خەڵکی کەرجه‌وس-ه‌. ئەوکاتە کەرجه‌وس سەربە مێردین بوو. هەڵە نەبم ئێستا ناوچەیەکی سەربە بۆتانە. لە ڕووی جەستەییەوە هاوڕێیەکی لاواز بوو، لە ئەنستیتۆی پەروەردەیی ئامەد دەیخوێند. لەبەرئەوەی لە ڕووی جەستییەوە لاواز بوو هاوڕێکانی ناسناوی «مێتنگه‌» (کۆلۆنی – داگیرکراو)یان لێ نابوو. بەگشتیش کوردستان داگیرکراو بوو. بەهۆی لاوازیی جەستەییەوە هاوشێوەی کوردستانی داگیرکراو سەیر دەکرا و لەبەرئەوەش ناسناوی هاوڕێ حامید ئاڤجی بووبوو بە «مێتینگه‌». کەسێکی زانا بوو. کوردییەکەی زۆر باش بوو. وێژەی دەخوێند. هاوڕێ محەمەد قەرەسوونگوور بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکی پێ سپاردبوو، دەبوایه‌ لەگەڵ دەستەیەک لە هاوڕێکانی بچووبایە. سەرەتا لە ئێلح دەستەیەک هاوڕێی له‌گه‌ڵ خۆی برد، لە بەهاری ١٩٨٠ پەڕیەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

دەبوایە دواتر بۆ پشتگیری دەستەیەکی دیکەی هاوڕێیانیان ناردبایە. بۆیە له‌نێو دەستەی دووەمدا هاوڕێ حامید هەبوو. هاوینی ١٩٨٠ چوونە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. له‌نێو ئەو خەباتەی کە بە پێشەنگایەتی هاوڕێ محەمەد قەرەسوونگوور لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بەڕێوەدەچوو، میلیتانێكی چالاک بوو. نامۆ نەبوو بە کۆمەڵگەی کوردی، پەیوەندی لەگەڵ گه‌ل باش بوو. ئەدەبیاتەکەی بەهێز بوو. لە بواری نووسین و خوێندنەوەی کوردیدا باش بوو. بەو زانابوونەی لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانیش چالاکانە خەباتی کرد. لە خەباتی بانگه‌شه‌شدا به‌شداربوو. سروشتی هەموو حیزبه‌كانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانی ناسی. هاوڕێ حامید بەرپرس و كادیره‌كانی هه‌موو ڕێكخستنه‌كانی ناسی. لەنێوان ساڵانی ١٩٨١ تا ١٩٨٥ چالاکانە خەباتی کرد. هه‌م کاری دیپلۆماتی و هه‌م خەباتی بانگه‌شه‌ی دەکرد. دوای ئەوەی گەریلا بۆ وڵات گەڕایه‌وه‌، پڕوپاگەندەی نووسراو و زارەکی زیاتر فەرمی بوون. هەروەها چالاکانه‌ به‌شداری ده‌كرد له‌نێو ڕێکخستنە پەروەردەیی و جەماوەرییەکانی سەر سنوور. ئەو کاتە له‌ ئیداره‌ی پارتی و فەرماندە و پێشمەرگەکانی پارتی لە باشووری کوردستان کەس نەبوو هاوڕێ حامید نەناسێت. کەسێکی هێندە ناسراو و زانا بوو.

هاوڕێ ئاڤچی لە هاوینی ١٩٨٥ بۆ کاری بانگه‌شه‌كردن پێویستبوو بچێته‌ بادینان، چوو بۆ ئاڤاشین. درێژه‌ی به‌ کارە بانگه‌شه‌ییه‌كانی دا بە نووسین و چوونە نێو خه‌ڵك. دەچووە گوندەکانی سەر سنوور. بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی لە ڕۆژهەڵات ژیابوو، ئەو هاوڵاتییە کۆچەرییانەی هۆزی گەردی و هۆزەکانی دیکەی دەناسین کە هاتووچۆی ڕۆژهەڵاتیان دەکرد. لە ڕێگەی ئەوانەوە گەلێک هۆزی دیکەی ناسی و لە هێڵی شەمزینان بە ئاسانی دەیتوانی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکدا دروست بکات. هەروەها لە هێڵی ڕووبارۆک – مووساکا دیسان لە هێڵی هەرکییەکان خەباتی نێو گوندەکانی دەکرد. هەتا کۆتاییهاتنی پەیوەندییە فەرمییەکان لەگەڵ پارتی، یەکێک بوو لە ئەرکدارەکانی پەکەکە بۆ پەیوەندی لەگەڵ پارتی. ئەوەی خەباتی پراکتیکی دەکرد هاوڕێ حامید بوو.

کاتێک پەیوەندییەکان پچڕان، بە کۆتاییهاتنی ساڵی ١٩٨٥ لەناو پارتیدا هەندێک كه‌س دەستیان بە هێرشی پیلانگێڕی کرد. بەتایبەتی لەسەر سنوور، بۆسەیان بۆ ئەو یەکینانە دادەنا کە خەباتیان دەکرد، هێرشیان ده‌كرد. لە کۆتایی ١٩٨٦ به‌دواوه‌ چەندین کادیری پەکەکە و گەریلا کەوتنە بەر هێرشەکان و شەهید کران. یەکێک لەوانەش هاوڕێ حامید بوو. لە شەمزینان لە دەوروبەری به‌رۆخ لە لەلایەن پارتیوە بانگهێشت کرابوو، بۆ چاوپێكه‌وتن چووبوو - ئیدی نەگەڕایەوە. دواتر بیستمان کە لە بۆسەیەکدا کوشتوویانە. لەوەشدا به‌رۆخییه‌كان بەرپرسن. ئەوان گوندنشینه‌كانی موساکایین، لە عەشیرەتی گەردین. بەڵام بەناوی پارتی کردیان. ئەوان ئه‌و کاتە و تا ئێستاش سەربە پارتین. له‌نێو ڕیزەکانی پارتین. ده‌مه‌و زستان لە قەراغی ڕووباری خابوور ئەمین خۆجە کوژرا. دواتریش هاوڕێیەکی دیكه‌یان هه‌ر به‌ ئەو ڕێبازە لە بۆسەیەکدا كوشت.

 


هێرشەکانی پارتی بەئاشکرا لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٥ دەستیان پێکرد. ئایا ئامانجەکانی ئەو هێرشانه‌ ئەوە بوو پەکەکە سنووربەدەر بکەن؟

بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٨٢ بەدواوە لە باشووری کوردستان ژمارەیەکی زۆر گەریلا و پێشمەرگە هەبوون. پارتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەپەڕیەوە باشوور. پەکەکەش لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەپەڕیه‌وه‌ باشوور. لە شوێنی جیاوازەوە هاتنە هەمان شوێن. پێکەوە به‌ پەیوەندی بنكه‌یان دروست كردن و پێشمەرگە و گەریلا جێگیر بوون. لە ئەنجامی ڕێبازە ئەخلاقییەکان لە پەیوەندیدا بوون. پەیوەندییەکی جددی نێوان گەریلا و پێشمەرگەدا هەبوو. ده‌رباره‌ی مێژووی کوردستان، تێکۆشانی ئازادی و مێژووی شۆڕشی جیهانی گەریلاکانی پەکەکە په‌روه‌رده‌ كرابوون و زانابوون. لە بواری زانستی و مەعنەویەتیی پێشمەرگەكاندا ڕۆلێکی زۆر گرنگیان گێڕا. هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی لە پراکتیکدا خاوەن ئەزموون بوون. بەردەوام لە چیا بوون. بەردەوام لە به‌رگریدا بوون. بەئەزموون و بەکەڵک بوون. هەردوو لایەن هێزیان بە یەکتری دەبەخشی. پەیوەندی و ڕێککەوتنی باش هەبوو. په‌كه‌كه‌ سوودی له‌وه‌ وه‌رگرت، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ندێك لایه‌نیشه‌وه‌ زیانی پێگه‌یشت. ده‌كرێت ئه‌مه‌ هه‌ڵسه‌نگێنرێت. به‌ڵام په‌ده‌كه‌ زیاتر سوودی لێ وه‌رگرت. په‌ده‌كه‌ له‌ ڕووی وره‌، هێز و په‌روه‌رده‌ هێزی وه‌رگرت، هەروەها لە بواری سەرکەوتنی ئازادیدا باوەڕیان په‌یدا بووبوو. دوای ئاشبەتاڵی ١٩٧٥، دیسان ٥-٦ ساڵ ئاواره‌ بووبوون، هەموو شتێکی خۆیان له‌ده‌ستدابوو، هیوا و باوەڕیان کەم بووبوو. بەڵام کاتێک هێزێکی گەریلایی هێڵی گیانفیدایی باکووری کوردستانیان بینی کە گه‌وره‌ترین پارچەی کوردستانه‌، لە ڕووی پێشخستنی تێکۆشانی ئازادی و سەرکەوتندا هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی بوێری و هێزێکی گەورەیان لێ وەرگرت، ئه‌مه‌ ببووه‌ هۆی هیوا. دەبێت ئەو ڕاستییە لەبیر نەکرێت.

به‌رپرسانی پارتی بەهۆی ئەو پێشکەوتنانەوە، کەمیش بێت هەندێک ده‌روازه‌یان كرده‌وه‌. بەڵام لە پێشکەوتن و کاریگەریی پەکەکەش کەمێک نیگه‌ران بوون. لە پێشکەوتنی دەترسان. ئەو دۆخە بە هەڵمەتی ژیانەوەی گەریلا له‌ ١٥ی ئابی ١٩٨٤ ده‌ركه‌وت. لە دهێ و شەمزینان بەرخۆدانی ئازادیی کوردستان لە دژی دەوڵەتی تورکی فاشیست – داگیرکەر دەستی پێکرد. ئه‌مه‌ دوو - سێ هێندە زیاتر کاریگەری گەریلای لەسەر پێشمەرگەکانی باشووری کوردستان زیاتر کرد. هیوا و باوەڕبوون بە پەکەکەی بۆ پێشخستنی تێکۆشانی ئازادیی باکووری کوردستان و ئازادیی هەموو کوردستان زیاتر کرد.

گەریلا کاریگەری هەبوو. به‌رپرسانی پارتی کەمێک لەمه‌ ترسان، ویستیان لاوازی بکەن و لێی دوور بکەونەوە. یەکێک لەو لایەنە گرنگە ئەوە بوو. سەرەتا هیوایان دەخواست و دەیانگوت، «ئەزموونیان نییە، هەموویان گەنجن، بیانخەڵەتێنین و بیانهێنینە نێو پارتی». بەڵام ئەوە پێچەوانە بووەوە. گەریلاکانی پەکەکە پێشمەرگەیان هۆشیار کردەوە، ورە و هێزیان پێ بەخشین. کاتێک به‌رپرسانیان ئەمه‌یان بینی، تووڕه‌ بوون و داوای لاوازکردنیان کرد.

لەلایەکی دیکەوەش گوشاری تورکیا هه‌ر هەبوو. باشووری کوردستان و سنووری بادینان بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی پارتیدا بوو. ڕۆڵی پارتی زیاتر لەسەر دەستی هۆزەکانی سنووری بۆتان و چیاكانی زاگرۆس هه‌بوو، ڕێکخستنێکی سروشتی هه‌بوو. وەکو ئەوە بوو هەموو هۆزەکان لە دۆخێکدا بن کە باج بدەنە پارتی. لەسەر بنەمای هەڵمەتی ١٥ی ئابدا دیسان بەرخۆدانی گەریلا لە بۆتان و زاگرۆس پێشکەوت. هەروەها گەنجانی بۆتان و زاگرۆس هاتنه‌ نێو ڕیزەکانی گەریلا. به‌م شێوه‌یه‌ پێشكه‌وتن بە پێشەنگایەتی پەکەکە لە بۆتان و زاگرۆس هاته‌ ئاراوه‌. ئه‌مه‌ش ترسی خستە دڵیان و لێی هەڵاتن. ویستیان له‌ دژی بوه‌ستنه‌وه‌.

پەکەکە خۆی ڕێکدەخست، پاڵپشتی له‌ کۆمەڵگە وه‌رده‌گرت و گەنجانی لە دەوری خۆی کۆدەکردەوە. ئەوەش بەشێوه‌یه‌كی سروشتی سنووری کاریگەریی پارتیی تەنگتر دەکرد. خۆیان لەبەر ئەوە ڕانەدەگرت و قبووڵیان نەدەکرد. خۆیان كاریان نه‌ده‌كرد و خۆیان پێش نەدەخست، بەڵام ده‌یانویست هیچ ڕێکخستنێکی دیكه‌ نەبێت و هەرچی دەقەومێت با بقەومێت خۆی کۆمەڵگە پێویستی بەوەیە. کاتێک پەکەکە وەکو جێگره‌وه‌ (ئەلتەرناتیڤ) دەرکەوت، کۆمەڵگە لە موحتاجبوون ڕزگار بوو. بەڕێکخستنکردنی پەکەکە کۆمەڵگەی کوردی لە چاڵ هاتە دەرەوە. ئەوەی گرنگ بوو ئەوە بوو خۆیان لەبەر ئەوە ڕانه‌گر، ویستیان ڕێگەی لێ بگرن. یەکەمین کاریگەری به‌هۆی زه‌خته‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك بوو. دووه‌میشیان به‌هۆی کاریگەریی په‌كه‌كه‌ له‌سەر پێشمەرگە بوو. کاریگەریی سێیەمیش پێشکەوتنی ڕێکخستنەکانی پەکەکە بوو لە هێڵی بۆتان – بەستا. بە هەڵوەشاندنەوەی پرۆتۆکۆڵەکە و دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، هه‌روه‌ها بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی پەکەکە ویستیان هه‌م ڕێگری له‌م پێشکەوتنانە بكه‌ن و هەم هاوکاریش لە تورکیا وەرگرن. لە بەرانبەر ئەوەشدا تورکیا ئەوانی قبووڵ کرد. واتە هێزیان لە تورکیا وەرگرت و بەم شێوەیە دەستیان بە هێرش كرد لە دژی پەکەکە.

لە لایەکی دیکەوە ده‌یویست بەتەواوی کۆتایی بە کاریگەریی په‌كه‌كه‌ لەسه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ بێنێت و ڕێگری بكات له‌وه‌ی خه‌ڵك بێته‌ ڕیزەکانی پەکەکە. لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا، لەجیاتی ئەوەی کە لەسەر بنەمای پەیوەندی - ڕێککەوتن هێڵی نەتەوەی دیموکراتی لەگەڵ پەکەکە بەهێزتر بکات، لەسەر بنەمای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەگەڵ هەموو حیزبه‌ کوردییەکانی دیکەی باکوور و باشوور کێشەی کورد چارەسەر بکەن، هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی كورد له‌ تێکۆشانێکدا بخاته‌ سه‌رپێ، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورك بۆ لاوازکردنی هێزی ئایدیۆلۆژی - سەربازیی پەکەکە په‌یوه‌ندییان دروست كرد. به‌ پێدانی لەلایەن تورکیاوە لە دژی پەکەکە شەڕیان كرد، پێشکەوتنی پەکەکەیان سنووردار کرد، لەسەر حیسابی لەناوبردنی پەکەکە بەردەوامییان بە هەبوونی خۆیان دا. له‌بری ئه‌وه‌ی لەسەر بنەمای پێشخستنی عەقڵیه‌تێکی وڵاتپارێزی، نەتەوەی دیموکراتیی هەموو پارتییه‌كان، دەیانەوێت ڕێگری له‌ پێشکەوتنی پەکەکە بگرن، گورز لە هێزە سەربازییەکەی بوەشێنن و بە لاوازکردنی پەکەکە، پارتی درێژه‌ به‌ هه‌بوونی خۆی بدات. ئەو هەڵەیە هێڵێک بوو. ئەوە هێڵێک بوو کە شەڕی ناوخۆیی پێشخست، هێڵێک بوو کە هێزە داگیرکەرەکانی بەهێز کرد. ئەنجامەکانی ئه‌مه‌ لەسەر ئەم بنەمایە بوون.

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×