ژنان لەدەست حاكمی دوبەی رادەكەن
  2019-07-06       3175       

ئا: ئاوێنە



هەیای كچی شا حسێن، هاوسەری شەشەمی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەكتومی حاكمی دوبەی‌و جێگری سەرۆكی ئیمارات، لەدەستی هاوسەرەكەی هەڵاتوە‌و پەنای بردوەتە بەر بەریتانیا، ئەمە یەكەمین ژن نییە كە لەبنەماڵەی ئال مەكتوم رادەكات.



بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی DW، شازادە هەیا یەكێك لەهاوسەرانی حاكمی دوبەی بەیارمەتی دیبلۆماتكارێكی ئەڵمانی لەئیماراتەوە بە31 ملیۆن پاوەندەوە لەگەڵا كچە 11 ساڵ‌و كورەِ 7 ساڵەكەی بەرەو بەرلین هەلاتوە‌و داوای مافی پەنابەریی كردوە، بەڵام ئێستا لەترسی گیانی لەبەریتانیا خۆی شاردوەتەوە.


  شازادە هەیا حسێن، کچی پاشای پێشوی ئوردون‌و خوشکی شا عەبدوڵایە، ساڵی 2003 هاوسەرگیری لەگەڵ حاكمی دوبەی كردوە‌و گەنجترین هاوسەریەتی كە تەمەنی 45 ساڵە، ئەو هەڵگری بڕوانامەی زانكۆی ئەكسفۆردە‌و یاریزانی ئەسپ سوارییە.


راپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەكات كە هەیا بەهۆی خراپی مامەڵەكردنەوە، هاوسەرەكەی بەجێهێشتوە. 


بەڵام ئەمە یەكەم ژن نییە كە لەحاكمی دوبەی رادەكات، پێشتریش لەساڵی 200دا یەكێك لەكچەكانی بەناوی شەمسە ئال مەكتوم رایكردو پەنای بردە بەر بەریتانیا، بەڵام چەند هەفتەیەك بەدوای راكردنیدا، رفێنراو برایەوە بۆ دوبەی‌و خرایە زیندانەوە.


لەتیفە كچێكی تری حاكمی دوبەیە كە ساڵی رابردو 2018، ویستی بەیارمەتی بازرگانێكی فەرەنسی هەڵبێت، بەڵام لەكەنارەكانی هندستاندا ناسرایەوەو لەلایەن پاسەوانەكانی حاكمی دوبەیەوە دەستگیر كرا‌و برایەوە بۆ ئیمارات. 


لەتیفە لەڤیدیۆیەكدا كە كەناڵی بی بی سی بڵاویكردوەتەوە ناڕەزایی بەرامبەر بەوە دەردەبڕێ‌ كە ژیانێكی پڕ لەبریقەو باق‌و رازاوەی هەیە بەڵام بەبێ‌ ئازادی‌و پڕ لەمامەڵەی خراپ‌و هەندێجاریش توندوتیژی، ئەو وتی "كۆشكەكان زیندانی رازاوەن". 


هەروەها هاوسەرێكی دیكەی ئەم حاكمە كە بەبنەچە لوبنانی بو، بەناوی دەلیلە لەدەست شێخ محەمەد بن راشد ئال مەكتوم رایكردو لێی جیابۆوە. 


شێخ محەمەد بن راشد ئال مەكتوم تەمەنی 69 ساڵە، ملیاردێرێكی ناودارە‌و 24 كوڕ‌و كچی هەیە، خولیای ئەسپ سوارییە‌و خاوەنی گەورەترین گەوڕی بەخێوكردنی ئەسپە لەبەریتانیا كە 4500 ئەسپ لەخۆدەگرێ‌. 



شێخ محەمەد بن راشد ئال مەكتوم كە شاعیرەو چەندین شیعری لەلایەن هونەرمەندە ناودارەكانی عەرەبەوە كراوە بەگۆرانی لەشیعرێكدا بەبێ‌ ناوهێنان هەیا بەبێ‌ وەفا‌و خائین ناودەبات.


ناوبراو لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەلایەتی ئینستاگرام شیعرێكی بڵاوكردوەتەوە كە زۆرێك پێیانوایە پەیوەندی بەدیارنەمانی هاوسەرەكەوەیەتی.


لەم شیعرەدا كە یەناونیشانی "زیندو بویت‌و مردیت"، هەیا بە"بەپەیمان شكێنی‌و خیانەت‌و بێ‌ وەفایی‌و بەزاندنی سنورەكان" تۆمەتبار دەكات‌و دەڵێت "خراپ سودت لەمتمانەپێكردنت وەرگرت".


لەكۆتایی شیعرەكەشدا دەڵێت "رەفتاری ئەهریمەنانەت كۆمەك بەتۆ ناكات، بەلای منەوە فەرق ناكا تۆ مردبیت یان زیندو".

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×