یەكێتیی مامۆستایان: پێدانی ئۆتۆمبێل بەقیست بە مامۆستایان لە قۆناغی سەرەتاییدایە
  2019-07-06       968       

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاند، تا ئێستا پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بە مامۆستایان لە قۆناغی سەرەتاییدایە و دەمانەوێت زۆرترین كۆمپانیا بێنە پێشەوە، هەر كۆمپانیایەكیش زیاتر مەرجەكانی ئێمە جێبەجێ بكات، گرێبەستی لەگەڵ واژۆ دەكەین.

ئاوێنە: ئەحمەد گەرمیانی، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند"پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بە مامۆستایان، ھێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایەو ھیچ گرێبەستێك لەگەڵ ھیچ كۆمپانیایەك ئەنجام نەدراوە، ئێمەش دەمانەوێت تەنھا یەك كۆمپانیا ئەو كارە نەكات و قۆرخ بكرێت، بەڵكو دەخوازین دەرگا بۆ ھەمو كۆمپانیایەك واڵا بێت و ھەر كۆمپانیایەك زیاتر مەرجەكانی ئێمە جێبەجێ بكات، گرێبەست لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە بكەین."

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان وتیشی"داوا لە كۆمپانیاكان دەكەین ئەوەی ئارەزوی ئەو كارە دەكات، بێتە پێشەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ بكەین و ئەگەر لەگەڵی گەیشتینە رێككەوتن، گرێبەستی لەگەڵ واژۆ دەكەین".

ئەوەشی خستەڕو"ئێمە سێ مەرجی سەرەكیمان ھەیە بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان ئەنجام بدەین، ئەوانیش بریتین لە كەمترین نرخ بۆ ئۆتۆمبێلەكان و درێژترین قیست بێت و كەمترین پێشەكی بێت، ھەر كۆمپانیایەكیش ئەو مەرجانەی ئێمە جێبەجێ بكات، ئامادە دەبین گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بكەین."

جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان باسی لەوەش كرد، گرنگ نییە چ جۆرە ئۆتۆمبێلێك بە قیست دەدرێتە مامۆستایان، بەڵكو ئەوەی گرنگە پێویستە ئۆتۆمبێلەكان نوێ بن و مۆدیلیشیان لەپێشەوە بێت و كۆن نەبن، بۆیە ئۆتۆمبێلەكان لە ھەر وڵاتێك ھاوردە كرابن، نابێتە كێشە بۆ مامۆستایان.

وتیشی"مەبەستمان لەوەی زۆرترین كۆمپانیا بێنە پێشەوە و بەشداری بكەن، ئەوەیە كە كێبڕكێ دروست ببێت بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەكان بە كەمترین نرخ بۆ مامۆستایان دابین بكرێن، چونكە ئەگەر بە تەنھا یەك كۆمپانیا بێت، ئەو كات دەبێتە قۆرخكاری و لە بەرژەوەندیی مامۆستایانیشدا نابێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×