وەزارەتی دەرەوەی عێراق رەخنەی لە باڵیۆزێکی وڵاتەکەی لە واشنتۆن ده‌گرێت
  2019-07-06       477       

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، لێدوانەکەی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە واشنتۆن، فەرید یاسین سەبارەت بە ئیسرائیل، قبووڵکراو نییە.

ئاوێنه‌: پێشتر لێدوانێکی باڵیۆزی عێراق لە واشنتۆن، فەرید یاسیین لە میدیاکاندا بڵاوکرابوویەوە و تیادا وتبوی: ''لەبەر ھەندێک ھۆکار، گرنگە عێراق پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا دابمەزرێنێت''.

لەمبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لێدوانەکەی فەرید یاسین سەبارەت بە دامەزراندی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا، قبووڵکراو نییە.

ئەحمەد سەحاف وتویەتی: ''وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ سەرجەم وڵاتان و میدیاکان جەخت دەکاتەوە کە گرنگییەکی تایبەت دەدات بە کێشەی فەڵەستین''.

لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: ''ھەڵوێستی عێراق بەرامبەر بە کێشەی فەڵەستین نەگۆڕە، لەو روانگەیەوە عێراق بەھیچ شێوەیەک پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلی داگیرکاردا دانامەزرێنێت''.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×