خاوه‌ن كێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌كانی سلێمانی: بەهۆی بەردەوام دابەزینی مریشك ناچارین كێڵگەكانمان دابخەین
  2019-07-06       390       


خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەر هەڕەشەی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی مریشك دەكەن لە سلێمانی و ده‌ڵێن، بەهۆی بەردەوام دابەزینی مریشك ناچارن كێڵگەكان دابخەن و بەرهەمی مریشك رابگرن.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ شەممه‌ ٦\٧\٢٠١٩  نازم عەبدوڵا جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی  راگەیاند، ''بەهۆی بەردەوامی هاوردەكردنی مریشك لە دەرەوە بۆ ناوخۆی هەرێم و گرنگی نەدان بە بەرهەمی ناوخۆ، تووشی گرفتی گەورە بووین و زیانێكی زۆرمان كردووە و كەس بەدەم داواكارییەكانمان نایەت''.

روونی كردەوە كە بەهۆی كەمتەرخەمی لایەنی پێوەندیدار هەڵوێست وەردەگرین و بەرهەمهێنانی مریشك رادەگرین لە سلێمانی، چونكە ناكرێت بەردەوام لە زیاندا بین لەكاتێكدا كێڵگە پەلەوەرییەكان بڕێكی زۆر لە پێویستی مریشك دەخەنە بازاڕەوە، ئەگەر ڕێكخستنەوە هەبێت دەتوانین مریشك هەناردەی دەرەوە بكەین.

وتیشی، تەواوی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی كە زیاتر لە هەزار و 200 هۆڵی بەرهەمهێنانی مریشكن لە سنوورەكە، بەرهەمهێنانی مریشك بۆ ماوەیەك رادەگرین بۆ ئەوەی لایەنی پێوەندیدار بزانێت ئێمە لە دۆخێكی خراپداین و خاوەن كێڵگەكان سەرجەمیان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ راگرتن و ناكرێت بە زیانكردن لە خۆمان هەر بەردەوام بین.

پێشتریش کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان به‌یانامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی ھەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان كرد كه‌ تیایدا كۆمه‌ڵێك داواكاری هه‌بوو كه‌ بریتی بوون له‌ 'دیاریکردنی نرخی مریشك، ڕێگریکردن یان زیادکردنی گومرگ لەسەر بەرھەمی مریشکی بەستوو، ھەرزانکردنی عەلەف و ئازادکردنی ھاوردەکردنی لەووڵاتانەوە، دانانی لیژنەی چاودێری لەسەر ھاوردەکارانی عەلەف و دەرمان، پشتیوانیکردن و بازارکردنەوە بۆ بەرھەمی ناوخۆی''.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×