هەڤاڵ ئەبوبەکر داوای پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان دەکات
  2019-07-06       566       
پارێزگاری سلێمانی سەردانی چەندی پڕۆژەی پیشەیی و ئابووری و بەرهەمهێنانی شاری سنەی کردووە و لە لێدوانێکدا ئامادەییی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە بۆ فراوانکردنی هاوکاریی دووقۆڵی بەتایبەتی لە باری ئابووری و بازرگانییەوە.

ئاوێنه‌: هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی کە بە مەبەستی بەشداری کردن لە کۆنگرەی ناودارانی کورد سەردانی سنەی کردبوو چەندین پڕۆژەی ئابووری و پیشەیی و بەرهەمهێنانی لەو شارە بەسەرکردەوە و ئامادەییی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی هاوکارییەکانیان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و لە کەرتی بەرهەمهێنانی و سەرمایەدانانی پیشەیی لە کوردستانی ئێران زیاتر بکەن.

هەڤاڵ ئەبووبەکر دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەردوو ژووری بازرگانیی سلێمانی و سنە هاوکارییەکانیان فراوانتر بکەن و هەوڵ بدەن توانای ئابووریی هەردوو پارێزگای سلێمانی و سنە بەکار بهێنن بەشێوەیێک کە بەرژەوەندیی کوردستانی ئیرانیش و هەرێمی کوردستانیشی تێدا بێت.

شایانی باسە ڕۆژی هه‌ینی  5ی ته‌مووزی 2019 مه‌راسیمی دانانی به‌ردی بناغه‌ییی پڕۆژه‌ی کۆگای بازرگانی و بازاڕی گه‌وره‌ی سنه‌ سه‌نته‌ر به‌ به‌شداریی پارێزگاری سلێمانی، پارێزگاری کوردستان، شاره‌وانی و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌ڕێوه‌به‌ران و چالاکوانانی بواری ئابووری به‌ڕێوه‌چوو کە سەرمایەدانەری ئەو پڕۆژەیە هاووڵاتییێکی خەڵکی سلێمانییە لە هەرێمی کوردستان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×