پشتیوانێكی ئەردۆغان دەستلەكاركێشانەوە لە ئاكەپە راگەیاند
  2019-07-08       518       
ئەردۆغان لەگەڵ عەلی باباجان، جێگری پێشوی سەرۆك وەزیرانی توركیا

عەلی باباجان، جێگری پێشوی سەرۆك وەزیرانی توركیا، ئەمڕۆ دوشەممە، ئاشكرایكرد كە دەستی لە پارتی دادو گەشەپێدان(ئاكەپە)ی دەسەڵاتدار بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، كێشاوەتەوە ئەوەش بەهۆی "ناكۆكی قوڵ"ەوە لەسەر ئاڕاستەی حزبەكە. ئەو كە ساڵانێك بە پشتیوانێكی بەهێزی ئەردۆغان دەژمێردرا، هێمای بۆ ئەوە كرد كە توركیا پێویستی بە روانگەیەكی نوێ بۆ كاركردن هەیە.

ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەرز، لەزاری چەند كەسێكی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە كە عەلی باباجان لەگەڵ عەبدوڵا گول، سەرۆكی پێشوی توركیادا پلانی دروستكردنی حزبێكی سیاسی ركاربەریان هەیە لەم ساڵدا كە ئەوەش هەنگاوێك دەبێت بۆ پاشەكشەی زیاتری جەماوەریی حزبەكەی ئەردۆغان لەدوای ئەو شكستەی كە مانگی رابردو لە هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵدا روبەڕوی بوەوە.

عەل باباجان، ئەمڕۆ لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند"لەسایەی ئەم دۆخەی ئێستادا، توركیا پێویستی بە روانگەیەكی تەواوی نوێ هەیە بۆ ئایندەی خۆی. پێویستمان بە شیكردنەوەی دروست هەیە لەهەمو بوارەكاندا، پێویستمان بە ستراتیژیەتی پێشكەوتو و پلان و بەرنامەیە هەیە بۆ وڵاتەكەمان."

وتیشی"دەستپێكردنی هەوڵێكی نوێ لەپێناو ئەمڕۆ و ئایندەی توركیا بۆتە شتێكی حەتمی. خۆم و زۆرێك لە هاوكارەكانم هەست بە بەرپرسیارێتییەكی گەورەو مێژویی بەرامبەر بەو هەوڵە دەكەین."
ئاشكراشیكرد كە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی پارتی دادو گەشەپێدان كردوە.

هەڵبژاردنەوەی كەسایەتییەكی سیاسی ئۆپۆزسیۆن وەك سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ لە دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكەی شارەوانی ئەو شارەدا لە 23ی مانگی رابردو، بە گەورەترین شكستی هەڵبژاردن بۆ ئەردۆغان دەژمێردرێت لە ژیانی سیاسیدا.

شكستەكە لەو گەورەترین شارەی توركیا، هانی رەخنەگرانی ناوخۆی پارتی دادو گەشەپێدانی داوە، دوای ئەوەی ماوەی چەند ساڵێكە بێدەنگن، هێما بۆ پلانی دامەزراندنی حزبێكی نوێ بكەن.

عەلی باباجان، لە ساڵانی سەرەتای دەسەڵاتدارێتی پارتی دادو گەشەپێداندا، پۆستەكانی وەزیری ئابوری و وەزیری دەرەوەی وەرگرتوە و دواتر لەماوەی ساڵانی 2009 بۆ 2015 كراوەتە جێگری سەرۆك وەزیران.

هەروەها عەبدوڵا گول، لەماوەی ساڵانی 2007 بۆ 2014، سەرۆكی توركیاوە بوە بەرلەوەی ئەردۆغان لە سەرۆك وەزیرانەوە ببێتە سەرۆك كۆمار.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×