هاوڵاتییەك سیناڵکۆیەك دەكڕێ‌ جاڵجاڵۆكەیەكی تیا دەبێت: نازانم داد بۆ کێ بەرین؟
  2019-07-09       1442       

هاوڵاتییەك لەشاری سلێمانی شوشەیەكی سیناڵكۆ دەكڕێت بەمەبەستی خواردنەوە كە سەیری دەكات جاڵجاڵۆیەكی تیایە، ئەو دەڵێت "نازانم داد بۆ كێ‌ بەرین؟ قوڕ بەسەر خەڵكی  ئەم هەرێمە بۆ خۆیان‌و كوالێتی كۆنتڕۆڵیان".


ئاوێنە: ئەم هاوڵاتییە كە جاڵجاڵۆكەكەی لەناو شوشەی سناڵكۆكەدا بینیوە، ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانییە‌و ئاماژە بەوە دەكات ئەوەی ئەمڕۆ بوەتە مۆتەکە لەسەر سنگی خەڵک، کوالێتی کۆنترۆڵە، ئەو وتی "كوردستان بوە بەتاقیگە هەمو دەرمان‌و خۆراک‌و شتێكی ئێكسپایەری تیا تاقیدەكرێتەوە‌و بازرگانی چاوچنۆک بەئارەزوی خۆی ڕمبازێنی تیا دەكاو لەسەر حسابی تەندروستی‌و ژیانی خەڵکی خۆی دەوڵەمەند دەكات".


وتیشی "ئەوەی لەو وێنانەدا ئەی بینیت یانسیب یا لۆتۆ نیە بۆ کەسێک دەرچوبێ و پێی دەوڵەمەند ببێت، بەڵکو جاڵجاڵۆکەیەکی بەغدادیەو ڕێی کەوتۆتە ئەم دەڤەرەو  لەسلێمانی گیرساوەتەوە! بەڵام چۆن؟ 
پێت سەیر نەبێت کە لەناو شوشەی خواردنەوەیەکی گازیدا جێگیر بوبێت، ئەمەش  ‌وەک هەموو نەگونجاوەکانی تر گونجاوە ".


شوشەی سیناڵکۆكە ئێستا پارێزراوە لەئاوێنە‌، ئەو كەسەی ئەمەشی بۆ دەرچوە کەسێکە خۆی شارەزاییەکی باشی هەیە لەبواری بازرگانی‌و کواڵێتی کۆنترۆڵدا، باش ئەزانێت ئەبێت چۆن کاڵا هاوردەی هەرێمەکەی بکرێت كە ئەویش ئەندامی ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانیە‌و لەهەمانکاتدا نزیکیشە لەكاری ڕاگەیاندنەوە، ئەو وتی "هەر بۆیە چەندین پەیوەندیم کرد بەکۆمپانیای سینالکۆوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجەو زیاتر هاندەر بو بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە ئەوەیە کە کۆمپانیای سیناڵکۆ گاڵتەی بەمەسەلەکە هات، کاتێکیش زانیان ئەو کەسە ئەم دیاردەیە وەک کەیسێک تەماشا ئەکات خۆیان لێ ئەدزیەوە، هەریەکەیان بەجۆرێک".


وتیشی "ئێستا کاتی ئەوەیە بپرسین کێ بەرپرسیارە لەهاوردەی کاڵای ناتەندروست‌و خراپ؟  وەزارەتی تەندروستی یا خود کواڵێتی کۆنترۆڵ؟  ئەی ئایا کۆمپانیای سەرپێچیکار سزا ئەدرێت؟ ئایا دامودەزگایەک هەیە ئەمە بکاتە کەیسێک‌و بیداتە دامو دەزگاکانی حکومەتی فیدراڵی؟ یان لێرەوە سزای ئەوە بەسەر ئەو کۆمپانیایەدا ئەسەپێنن کە تا ماوەی ساڵێک نەهێڵن بەرهەمەکانی بگەنە هەرێم، یاخود سزایەکی ماڵی یەک ملیۆن دۆلاری بەسەردا ئەسەپێنن و  ئەیدەنە نەخۆشخانەی هیوا؟  یاخود کابینەی نوێ هەمو ئەودامو دەزگایانە سزا ئەدات کە بەرپرسن لەڕێگەدان بەکاڵای خراپ بۆ ناو هەرێم؟ یان کواڵێتی کۆنترۆڵ لەکەرتی تایبەت وەر ئەگرێتەوەو دەستەو  گشت فەرمانگەکانی چالاک ئەکات‌و خۆی ئەم ئەرکە ئەگرێتە ئەستۆو لێپرسینەوەی توند ئەکات لەکۆمپانیاکانی کە ئەرکی کۆڵێتی کۆنترۆڵیان پێسپێرراوە، با چاواڕوان بین‌و ببینین".


ئەمە لەكاتێكدایە كە هاوڵاتییان چەندین جارە بەئاوێنە رادەگەیەنن لەخواردەمەنی شوشە‌و خۆراکی لەقوتونراودا چەندین شتی سەیری وەك مێش‌و پەت‌و چیلكەو شتی پۆخەڵیان بینیوە.

 

 

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×