"پەرلەمانتارە عەرەبەكان هەڕەشەی ئەوە دەكەن كە ساڵێكی تر یەك دینار لەبەغداوە رەوانەی هەرێم ناكرێت"
  2019-07-10       872       

پەرلەمانتارێكی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمانتارو سەرۆكی فراكسیۆنە عەرەبییەكان هەڕەشەی ئەوە دەكەن كە بۆ ساڵیكی دیكە رێگە نادەن ئەوەی ئەمساڵ رویداوە لەبودجەدا دوبارە ببێتەوەو ئەگەر هەرێم نەوت رادەستی بەغدا نەكات ئەوا بۆ ساڵی داهاتو بەغداش یەك دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە ناكات.

ئاوێنە: غالب محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق بە رادیۆ نەوا-ی راگەیاند"هەرچەندە زۆر باس لەوەدەكرێت كە بۆچی هەرێمی كوردستان پابەند نەبوە بە ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، لەكاتێكدا بەپێی یاسای بودجە لەمادەی 10 بڕگەی "ج" باس لەوە كراوە دەبێت موچەی فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگە رەوانە بكرێت و دوربێت لە پرسی رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم."

ئەوەشی وت"پێم وایە زۆر دورە مەترسی لە سەر موچە لەم ساڵدا دروستببێت چونكە بەپێی یاسا جێگر كراوەو تائێستا یاساكە كاری خۆی دەكات و موچەی مانگی حەوتیش بەم زوانە رەوانەی هەرێم دەكرێت".

وتیشی"پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەو پارەیەی دێتە هەرێمی كوردستان دەدرێتە موچە؟ نەخێر، لەبەر ئەوە پرسیاری ئەوە دەكەین  بۆچی تا ئێستا وەزیری دارایی حكومەتی عیراق هیچ قسەیەكی نەبوە لەسەر ئەم پرسە؟"

باسی لەوەشكرد، قسەم لەگەڵ پەرلەمانتارە عەرەبەكان كردوە ئەوانەی واژویان كۆكردوەتەوە باسیان لەوەكردوە كێشەمان لەگەڵ موچە نییە، بەڵام بۆچی هەرێمی كوردستان نەوتەكەی رادەست ناكات. جەختی لەوەشكردەوە، موچە بەپێی یاسا رەوانەی هەرێم دەكرێت و گۆڕینی یاساكەش لەئێستادا كارێكی مەحاڵە.

غالب محەمەد باسی لە مەترسییەكانی راگرتنی ناردنی بودجەو موچەی هەرێمی كوردستان كرد لەساڵانی داهاتو و وتی"لەگەڵ پەرلەمانتارو سەرۆك كوتلە عەرەبەكانی پەرلەمان كە قسە دەكەین دەڵێن، ئەوەی ئەمساڵ رویدا رێگە نادەین ساڵێكی كە دوبارە ببێتەوە، ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەندی ناردنی نەوتی هەرێم نەبێت بۆ ساڵی داهاتو یەك دینار نادرێتە هەرێمی كوردستان، تارادەیەك قسەكەیان دروستەو رایدەگەیەنن كە ئێمە زیاتر لە 6 ترلیۆن دەدەینە هەرێمی كوردستان بەڵام یەك دینار نەخستوەتە داهاتی عیراق".

راشیگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان بوەتە هۆكاری ئەوەی پەرلەمانتاران و شەقامی عیراقی رقیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت، چونكە وەك دەڵێن، پارەیەكی زۆر دەدەرێتە هەرێمی كوردستان و خۆمان خەریكە لەبرسا دەمرین.

غالب محەمەد داواشیكرد، باشترە كە ئێستا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربوە ئەو بەڵێنە بداتە حكومەتی فیدراڵ كە پابەندی ناردنی نەوت دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×