تۆمەتبارێک له‌ سلێمانی ده‌ستگیركرا کە لەڕێی فەیسبوکەوە فێڵی لە ئافرەتێک كردوه‌
  2019-07-11       699       
مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی چوارچرا تۆمەتبارێکیان دەستگیر کرد، کە لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوکەوە فێڵی لە ئافرەتێک کردبوو.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ی ته‌موزی 2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە "پاش تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن ئافرەتێکەوە کە کەسێک لەرێی پەیجێکی فەیسبووکەوە خۆی وەک ئافرەت پێ ناساندووە و ژمارەیەکی مۆبایلی داوەتێ کە ژمارەی خۆی بوە و پێی وتوە کە ئەمە ژمارەی مۆبایلی کەسێکی باشە و بەمەبەستی ھاوسەرگیریی پێی ناساندووە، کە ئەو کەسەش ھەمان تۆمەتبار خۆی بوە و بڕی چوار تا پێنج ملیۆن دیناری لێ سەندووە".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌ "لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی چوارچراوە زانیاریی ورد کۆ کرایەوە و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێ کرد، توانرا تۆمەتبارەکە بدۆزرێتەوە و دەستگیر بکرێت، ھەروەھا دەستگیرا بەسەر مۆبایلەکەیدا و دەرکەوت کە تۆمەتبارەکە خۆی سەرپەرشتیی ئەو پەیجەی کردووە".

پۆلیسی سلێمانی ڕوونیشی کردووەتەوە، تۆمەتبار ناوی ''ر، ک، م'' لەدایکبووی ساڵی 1992ە، ئێستا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 2 لەیاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوە و لەلایەن بنکەی پۆلیسی چوارچراوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×