رێواز فایەق لەلێكۆڵەری دادی دەربەندیخانەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان
  2019-07-11       3753       

ئا: ئاوێنە

 

رێواز فایەق، یەكەمین ژنە كە دەبێت بەسەرۆكی پەرلەمان، ئەو كە تەمەنی 42 ساڵە، پێشتر لێكۆڵەری داد بوە لەدەربەندیخان‌.



د.رێواز فایەق، ئەمڕۆ پێنج شەممە ١١ی تەموز، بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا كراوە، بەسەرۆكی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا.

 

ئەم ژنە محاجەبەیە كە پێشتر شانازی بەوەوە كردوە تەنها كەسە هەڵگری بڕوانامەی یاسا بێت لەفراكسیۆنەكەیدا، بەرلەوەی لەپەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، بەزەحمەت ئەم پۆستەی لەناو حزبەكەیدا بۆ یەكلاكرایەوە.

 

لەناو یەکێتیدا، هاوكار‌و هاوپیشەیەكی كە ئەویش ژن‌و ئەندامی سەركردایەتی حزبەكەی بو، ركەبەری دەكرد بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كە بێگەرد تاڵەبانی بو.

 

رێوازو بێگەرد هەریەكەو كاندیدی كوتلەیەكی بەهێزی ناو یەكێتی بون. رێواز لەلایەن كۆسرەت رەسوڵەوە پشتگیری دەكراو بێگەردیش لەلایەن ماڵی تاڵەبانییەوە.

 

ركەبەرییەكە زۆر توند بو، بەڵام وەك لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی هەرێمی كوردستان لەدوا چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ رۆژنامەی "ئاژانس" دەڵێت "ناكۆكییەك هەبوو لەنێوان ربَوازو بێگەرد خان لەسەر مەسەلەی یەكلاكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان، من پێشنیارم كرد كە ڕێواز خان بۆ سەرۆكی پەرلەمان بێت‌و بێگەرد خان بەدڵخۆشییەوە و لەبەر خاتری یه‌کێتیی، وەزارەتی كشتوكاڵی پەسەند كرد".

 

رێواز فایەق كە لەخولەكانی 4‌و 5ی پەرلەمانی كوردستان ئەندام پەرلەمان بوە، ماوەیەك مامۆستای بەشی یاسای پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی‌و زانكۆی پۆلەتەكنیكی سلێمانی بوە.

 

بەر لەوەرگرتنی ئەم پۆستە، رێواز رایگەیاند بو كە "خۆم بەشایستەی وەرگرتنی ئەو پۆستە لەسەرۆکایەتی پەرلەمان دەزانم، چونکە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیم و پێنج ساڵ ئەزمونم هەیە لە کاری پەرلەمانتاری و تەنیا کەسم کە دکتۆرام هەیە لە یاساو لەفراکسیۆنی یەکێتیدا".

 

راشیگەیاندبو كە "ئەم قۆناغەی داهاتووی کوردستان سەختەو کەسێکی یاسایی‌و بەئەزمونی دەوێ".

 

سەرۆكایەتی پەرلەمان یەكێكە لەپۆستە گرنگەكان کە لەهەمو وڵاتێکدا پێویستی بەکەسانی بەئەزمون‌و دنیادیدەو میانڕەڕەوە.

 

زۆرجار ئاماژە بەئەزمونی سەرکەوتویی نەبیە بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان دەکرێ. بەڕی سه‌ركرده‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ "ئه‌مه‌ل"‌و یه‌كێك له‌میره‌كانی‌ جه‌نگی‌ ناوخۆی‌ ئه‌و وڵاته‌ بوه‌، ماوه‌ی‌ زیاتر له‌27 ساڵه‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی لوبنانە، په‌رله‌مانێك كه‌ چه‌ندین كێبڕكێ‌‌و دوژمنایه‌تی‌‌و رق‌و كینی‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی‌ وڵاتێكی‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ خۆیدا كۆكردوه‌ته‌وه‌.

 

نه‌بیه‌ به‌ری‌ به‌وپه‌ڕی‌ تواناو لێهاتوییه‌وه‌ په‌رله‌مانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات، له‌قسه‌كردن‌و ده‌ربڕیندا، له‌ئیداره‌كردنی‌ كۆبونه‌وه‌كان‌و دانیشتنه‌كاندا، له‌دابینكردنی‌ مافی‌ قسه‌كردن به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئازاد‌و یه‌كسان بۆ هه‌مو په‌رله‌مانتاره‌كان‌و راگرتنیان له‌كاتی‌ هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌یاندا به‌رامبه‌ر به‌یه‌ك تا بڵێی‌ كارامه‌و به‌توانایه‌.

 

له‌و وڵاته‌دا كه‌ پڕه‌ له‌پیلان‌و كێشمه‌كێش‌و زۆرانبازی‌ هه‌مو لایه‌نه‌كان به‌مارۆنی‌‌و شیعه‌و سوننه‌و دروزو ئه‌رمه‌نی‌‌و چی‌‌و چییه‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ به‌ڕی‌ له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ كردنی‌ په‌رله‌ماندا دادوه‌رو به‌توانایه‌، هه‌ربۆیه‌ هه‌ق وایه‌ سەرکردەکانی کوردستان لەدیاریکردنی کەسانێک بۆ ئەو پۆستە چەندان خاڵی گرنگ ڕەچاو بکەن‌و سه‌رۆك په‌رله‌مانه‌كانی‌ كوردستانیش لەبەڕییەوە فێر بن.

 



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×