كۆسرەت رەسوڵ داوایەك ئاڕاستەی مەسرور بارزانی و حكومەتەكەی دەكات
  2019-07-11       828       


كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی داوا لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی نوێی حكومەت و كابینەكەی هەرچی لەتوانایاندایە بیخەنە خزمەت دابینكردنی ئاشتی و ئارامی و ئاسایشی نیشتمانی و رێگاخۆشكەر بن بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابوری پتەو لەهەرێمی كوردستان.

ئاوێنە: كۆسرەت رەسوڵ عەلی، ئەمشەو(پێنجشەممە)، لەپەیامێكدا بەبۆنەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كردوە.
جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی هیوای خواستوە كابینەی نوێ ببێتە حكومەتێكی بەهێزو خزمه‌تگوزار و له‌ سایه‌یدا كار بۆ چه‌سپاندنى عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى و شه‌فافیه‌ت له‌ خه‌رجى و داهاتدا و ئاسوده‌یى و خۆشگوزه‌رانى بۆ كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات.

وتوشیەتی"سه‌ربارى پیرۆزبایشمان له‌سه‌رۆك و جێگرو ته‌واوى ئه‌نجومه‌نى نوێى وه‌زیران، ڕویى قسه‌مان له‌ به‌ڕێزیانه‌و داوایان لێده‌كه‌ین كه‌ هه‌رچى له‌ توانایاندایه‌ له‌ وزه‌ و تواناى ماددى مرۆیى، ژیرانه‌ بیخه‌نه‌ خزمه‌ت دابینكردنى ئاشتى و ئارامى و ئاسایشى نیشتمانى مسۆگه‌ر بكه‌ن و ڕێگاخۆشكه‌ر بن بۆ بونیادنانى ژێرخانى ئابورى پته‌و له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر دامه‌زراندنى پایه‌كانى ئابوریه‌كى به‌هێز هه‌بێت بۆ دابینكردنى كۆمه‌ڵگایه‌كى ئاسوده‌و خۆشگوزه‌ران و هه‌م له‌ناوه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و هه‌م له‌و ناوچانه‌ى كه‌ كوردستانین و له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تی هه‌رێمدان."


دەقی پەیامەكە....

په‌یامى كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لى بۆ كۆمه‌لانى خه‌ڵكى كوردستان
‎به‌ بۆنه‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان

‎به‌ سڵاوێكى گه‌رمه‌وه‌، به‌ بۆنه‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پیرۆزبایى گه‌رمى خۆم ئاڕاسته‌ى ته‌واوى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان به‌ گشتى و كه‌س و كارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و جه‌ماوه‌رو هه‌وادارانى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌ تایبه‌ت ده‌كه‌م و سوپاسى ماندوبون و خۆڕاگریتان ده‌كه‌م، ده‌زانم كه‌ چاوه‌ڕوانیتان بۆ پێكهێنانى ئه‌م كابینه‌ وه‌زاریه‌ى ئێستا كاتى زیاتر له‌ پێویستى خۆى خایاندو كاریگه‌رى نه‌رێنى خۆى له‌سه‌ر ئاستى گوزه‌رانى هاوڵاتیان و سست بونى بازار و خزمه‌تگوزاریه‌كان به‌جێ هشتبو.
به‌ڵام دواجا ر به‌ خواست و ئیراده‌ى هه‌مو لایه‌ك تێكڕاى ئاسته‌نگه‌كانمان بڕى كابینه‌ى نۆهه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمیش به‌ ستافێكى نوێوه‌ پێك هێنرا، كه‌ ئومێدمان وایه‌ ببێته‌ حكومه‌تێكى به‌هێزو خزمه‌تگوزار و له‌ سایه‌یدا كار بۆ چه‌سپاندنى عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى و شه‌فافیه‌ت له‌ خه‌رجى و داهاتدا و ئاسوده‌یى و خۆشگوزه‌رانى بۆ كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات.

 سه‌ربارى پیرۆزبایشمان له‌سه‌رۆك و جێگرو ته‌واوى ئه‌نجومه‌نى نوێى وه‌زیران، ڕویى قسه‌مان له‌ به‌ڕێزیانه‌و داوایان لێده‌كه‌ین كه‌ هه‌رچى له‌ توانایاندایه‌ له‌ وزه‌ و تواناى ماددى مرۆیى، ژیرانه‌ بیخه‌نه‌ خزمه‌ت دابینكردنى ئاشتى و ئارامى و ئاسایشى نیشتمانى مسۆگه‌ر بكه‌ن و ڕێگاخۆشكه‌ر بن بۆ بونیادنانى ژێرخانى ئابورى پته‌و له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر دامه‌زراندنى پایه‌كانى ئابوریه‌كى به‌هێز هه‌بێت بۆ دابینكردنى كۆمه‌ڵگایه‌كى ئاسوده‌و خۆشگوزه‌ران و هه‌م له‌ناوه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و هه‌م له‌و ناوچانه‌ى كه‌ كوردستانین و له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تی هه‌رێمدان.

‎بژى كورد بژى كوردستان
‎نه‌مرى و سه‌ربه‌رزى بۆ شه‌هیدانى ڕێگاى ئازادى و سه‌رفرازى گه‌له‌كه‌مان

‎كۆسرەت ڕەسول عەلی
‎جێگری سكرتێری گشتی
‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×