سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لەپۆستەکەی دەبەخشرێت
  2019-07-12       1661       

بەپێی نوسراوێکی نهێنی کە دەست ئاوێنە کەوتوە بە ژمارە( ۱۱٦۱) بڕیاری لادانی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بەوەکالەت لەبەرواری ( ٤-۷-۲۰۱۹) دراوە و لەجێگەی ئەو کەسێکیتر دەستنیشانکراوە.

ئاوێنە، ئەیاد محەمەد: بەپێی فەرمانێکی وەزاری کە واژۆی (د. یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشوی لەسەرە، بڕیاردراوە بە بەخشینی (پ.ی.د. تەحسین عەبدولکەریم ئەمین) لەپۆستی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە.

لەنوسراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە "لەسەر داوای خۆی" بوە.

هێما بۆ ئەوەشکراوە"دانانی بەڕێز(پ.ی.د. دانا عەبدوڵا تاهر) وەک سەرۆکی زانکۆی ناوبراو (بەوەکالەت) سەرەڕای ئەرکی خۆی وەک یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی تا ئەوکاتەی ئەم پۆستە بە (اصیل) پڕ دەکرێتەوە."

ئەوەش ڕونکڕاوەتەوە"ئەم فەرمانە لەدوای یەک هەفتە لەڕێکەوتی دەرچونیەوە جێبەجێ دەکرێت".

 بەپێی زانیاریەکانی ئاوێنە کە لەسەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەستی کەوتوە تاوەکو ئێستا سەرۆكی زانکۆی هەڵەبجە لەپۆستەکەی بەردەوامە و سەرۆكی نوێ دەستبەکارنەبوە.

(پ.ی.د. تەحسین عەبدولکەریم ئەمین)، لەلێدوانێكدا بۆ ئاوێنە، سەبارەت بەوەی كە ئایا لەپۆستەکەی بەردەوامە؟ وتی"رۆژی هەینی و شەممە دەوام نییە ڕۆژی یەکشەممە ئەگەر پشو نەبێت هەمو کارە کارگێڕییەکان تەواو بوە، ئەگەر پشوبێت ڕۆژی دوشەممە خواحافیزی دەکەم."

 

زانکۆی ھەڵەبجە یەکێکە لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کە بەفەرمانی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (١٦٧٠) بە پێی بڕگەی یەکەمی مادەی حەوتەم لە یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارەی (١٠) ی ساڵی ٢٠٠٨ و فەرمانی وەزاریی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە (ن/٦٦٤) لە ٢٠١٠/٧/١٢   لەلایەن کابینەی شەشەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڕیاری دامەزراندنی بۆ دەرچوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×