رێكخراوی بەدر: رێككەوتنەكەی یەكێتی و پارتی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك، رەتدەكەینەوە
  2019-07-12       329       

محەمەد بەیاتی، بەرپرسی بەشی باكوری رێكخراوی بەدر، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، رێككەوتنەكەی یەكێتی و پارتی بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك رەتدەكەنەوە و پێشی وایە دەبێت دانانی پارێزگاری كەركوك لەرێگەی سازانی سەرجەم پێكهاتەكانی ئەو شارەوە بێت.

ئاوێنە: محەمەد بەیاتی، بە ماڵپەڕی "مەعلومە"ی راگەیاندوە"دیاریكردنی تەیب جەبار بۆ پارێزگاری كەركوك لەلایەن كوردەكانەوە، رەتدەكەینەوەو ناتوانین قبوڵی بكەین، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی پارێزگاكە لەسەر ئەو پرسە رێككەوتن نەكراوە."

وتوشیەتی"پاساوی كوردەكان بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ، ئەوەیە كە زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پێكدەهێنن، بەڵام پێكهاتەكانی دیكەی پارێزگاكە دان بەوەدانانێن بەتایبەت كە لەلایەن یەك پێكهاتەوە دەنگی پێ بدرێت."

ئەو بەرپرسەی رێكخراوی بەدر جەختی كردۆتەوە"كەركوك هێشتا عێراقییەو لەچوارچێوەی هیچ هەرێمێكدا نییەو لەژێر ركێفی دەوڵەتی عێراقدایە نەك حوكمی هەرێمی كوردستان و بەوەش كوردستان دەسەڵاتی لەسەر كەركوك نییە، بۆیە دەبێت دانانی پارێزگارەكەی بەپێی رێككەوتنی سەرجەم پێكهاتەكان بێت."

وتوشیەتی"حكومەت و پەرلەمانی عێراق سەیركەری ئەوەن لەكەركوك رودەدات، لەكاتێكدا چارەسەری كێشەكە لەدەست ئەواندایە."

بەپێی قسەی محەمەد بەیاتی "خەڵكی كەركوك، پارێزگارێكی سەربەخۆیان دەوێت بەچاوپۆشین لەوەی سەر بە چ پێكهاتەیەكە."

بەرپرسەكەی رێكخراوی بەدر حزبە كوردییەكانی تۆمەتبار كردوە بەوەی كە دەیانەوێت تاكڕەوانە دەسەڵاتی كەركوك بەڕێوەبەرن و ئەوەش لەسەرتاسەری پارێزگاكەدا پشێوی دروست دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×