نرخەکانی مۆبایلە نوێیەکەی سامسۆنگ ئاشکرا کران
  2019-07-13       1565       
کەمتر لە مانگێک ماوە بۆ بەستنی کۆنگرەی Unpacked لە لایەن سامسۆنگەوە بۆ نمایشکردنی مۆبایلی گالەکسی Note 10، بەڵام دزەپێکردنی زانیاریی مۆبایلەکە بەردەوامن‌و نرخی مۆبایلە نوێیەکەی سامسۆنگ لەخۆ دەگرن.

ئاوێنه‌: میدیاکانی بواری ته‌كنه‌لۆژیا ڕایاگەیاند ''نرخی مۆبایلی گالەکسی Note 10 لە ئەوروپا لە 999€ (1,126$) ـەوە دەست پێدەکات. هەروەها نرخی مۆبایلی گالەکسی +Note 10 کە قەبارە گەورەترە لە گالەکسی Note 10، لە ئەوروپا لە 1,149€ (1,295$) ـەوە دەستپێدەکات. ئەوەی جێگای ئاماژە پێکردنە، ئەم نرخانە تایبەتن بە بیرگەی 256 گێگابایتی مۆبایلەکە و نرخی بژاردەی بیرگەکانی دیکە زیاتر دەبن''.

پێشبینی دەکرێ کۆتا نرخی مۆبایلەکە لە کاتی ڕاگەیاندنیدا لە لایەن سامسۆنگەوە گۆڕانکاری تێدا بکرێت، چونکە زۆرێک لە فرۆشیارەکان بە دڵنیاییەوە نرخی جیاواز بۆ مامەڵەی فرۆشتنی مۆبایلەکە دیاری دەکەن.

چاوەڕوان دەکرێت مۆبایلی گالەکسی Note 10 پڕۆسێسەری Exynos 9820 یاخود Snapdragon 855 ـی لەسەر جێگیر ببێت، لە پشتەوە خاوەن 3 کامێرا و لە پێشەوەش خاوەن کامێرایەک بێت. چاوەڕوان ناکرێت مۆبایلەکە خاوەن دەرچەی بیستۆکی 3.5 میلیمەتری و دوگمەی تایبەت بە یاریدەدەری دەنگی Bixby ببێت.

وا بڕیارە سامسۆنگ لە ڕێکەوتی 7 ـی مانگی داهاتوودا و لە کۆنگرەیەکی تایبەتدا، مۆبایلی گالەکسی Note 10 و چەند بەرهەمێکی دیکەی خۆی نمایش بکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×