بەریتانیا، فەرەنساو ئەڵمانیا پابەندبونیان بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە لەگەڵ ئێران دوپاتدەكەنەوە
  2019-07-14       666       

بەریتانیا، فەرەنساو ئەڵمانیا، جارێكی تر پابەندبونی خۆیان بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015ەوە لەگەڵ ئێران دوپاتدەكەنەوەو داواش لە واشنتۆن و تاران دەكەن دەست بە گفتوگۆ بكەنەوە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لەبارەی ئەو رێككەوتنەوە.

ئاوێنە: ئەو سێ وڵاتەی ئەوروپا،  ئەمڕۆ یەكشەممە، لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدار رایانگەیاند كە پابەند دەبن بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوەو نیگەرانی خۆیشیان لەبارەی كەوتنی ئەو رێككەوتنەوە دەربڕیوە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاو بڕیاری تاران بۆ پابەندنەبون بە هەندێك لەبەندەكانییەوە.

بەریتانیا، فەرەنساو ئەڵمانیا داوایان كردوە كە بەرپرسیارانە مامەڵەبكرێن لەپێناو دانانی سنورێك بۆ گرژییەكان و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ و هەروەها داواشی لەلایەنە پەیوەندیدارەكان كردوە كە بیربكەنەوەو تاوتوێی ئەو ئەنجامانە بكەن كە دەكرێت لە رەفتارەكانیانەوە بكەونەوە.

هەروەك بەیاننانەكە داوای لە ئێران كردوە كە بڕیارەكانی ئەم دواییەی بۆ كەمكردنەوەی پابەندییەكانی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە هەڵوەشێنێتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە چەند رۆژێك لەمەوبەر بەهرۆز كەمالوەندی، وتەبێژی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاندبو كە تاران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ سەرو لەسەدا 3.67 بەرزكردۆتەوە كە ئەوەش ئەو ئاستەیە لە رێككەوتنەكەدا هاتوە.

هەروەها كەمالوەندی هەڕەشەی ئەوەی كردبو كە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم دەگەیەننە لەسەدا 20 لە چوارچێوەی قۆناغی سێیەمی كەمكردنەوەی پابەندییەكانیان بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×