چەند بڕیارێک له‌یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا ده‌ردەكرێت
  2019-07-15       1281       


ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی سازکرد و تیایدا چه‌ند بریارێك لەبارەی دەوامی وەزیرەکان  و نەهێشتنی رووتین و دیاردەی بەرتیل دان و بەرتیل وەرگرتن ده‌ركرا.


ئاوێنه‌: ئەمڕۆ دووشەممە 15-7-2019، یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی به‌رێوه‌چوو كه‌ تیایدا،  چەند بڕیارێک لەبارەی دەوامی وەزیرەکان و خاوه‌ن وه‌زیفه باڵاكان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی رووتین و دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن لەناو دامودەزگاکانی حکومەت خسته روو، دواتر بە کۆی ده‌نگ په‌سه‌ندكران .

ئەنجومەنی وەزیران وەزیرەکانی راسپارد لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم، بەرنامەی کارەکانی وەزارەت لەماوەی 30 رۆژ دابڕێژن و پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند: سبەینێ شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ دەربڕینی نیاز پاکی سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغد ا له چوارچێوهى ده‌ستوور.

دەقی بڕیارەکانى یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران:

یەکەم: سەرجەم وەزیرەکان و خاوةن پۆستە باڵاکان دەبێت پابەندبن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەکانیان لە دەستپێکی دەوامی رۆژانی یەکشەممەوە تا کۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.

دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم دەبێت پابەندبن بەکاتی دیاریکراوی دەوامی فەرمی و هیچ کەسێک بۆی نیيە لەکاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی کارکردنی خۆی بەجێ بهێڵیَت یان کارێکی دیکەی دەرەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات.

سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی کاروباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی کە بە نهێنی پۆلێن دەکرێن، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن.

چوارەم: هەموو وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی یاسا و رێنماییەکانی دەستەی دەستپاکی کوردستان، سەرجەم  ماڵ و موڵکی خۆیان ئاشکرا بکەن.


پێنجەم: دەبێت رووتین لە دامودەزگانی حکومەتدا نەمێنێت و سەرجەم مامەڵەی هاووڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و وورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بکرێت. 

هەروەها وەڵامدانەوەی سکاڵاو و پرسیاری هاووڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و گونجاو، ئەرکی داموودەزگاکانی حکومەتە و دەبێت وەڵامی روون و ئاشکرا بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان هەبێت و هۆکاری هەردواکەوتنێک یا رەزامەندی نەدانێک روون و ئاشکرا بێت و پێویستە رێز لە هاووڵاتیان بگیرێت لە داموودەزگاکانی حکومەتدا.

شەشەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاکانی حکومەتدا هەستی پێدەکرێت، بۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەکێک لەکارە لەپێشینەکانی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەک چاوپۆشی لێ ناکرێت و سەرپێچیکاران بە تووندی سزا دەدرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×