‫ هۆشیار عەبدوڵا بۆ هەڤاڵ ئەبوبەكر: ئەو زمانە چی جیاوازە لەزمانی ئەو حزبیانەی تەخوینیان کردین
  2019-07-15       2476       

هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق وەڵامی لێدوانەكانی هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بەو پەرلەمانتارانەی داوای ئەوە دەكەن حكومەتی هەرێم نەوت رادەستی بەغدا بكات، دەداتەوەو دەڵیت"جا ئەو زمانە چی جیاوازە لە زمانی ئەو حزبیانەی تەنها لەبەرئەوەی دەستمان بۆ مەلەفی نەوت برد، تەخوینیان کردین؟!"

ئاوێنە: هۆشیار عەبدوڵا، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لەڕونكردنەوەیەدا رایگەیاند"لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەییدا ، کاک هەڤاڵ ئەبوبەکر دژی هەمو ئەو پەرلەمانتارانە قسەیکرد کە داوای ئەوە دەکەن حکومەتی هەرێم نەوت رادەستی بەغداد بکا، بێ ئاگا لەوەی ئەوە بڕگەیەکی یاسای موازەنەی ۲٠۱۹یەو ئەوانەی ئەو داوایە دەکەن داوا دەکەن یاسا جێبەجێ بکرێ، ئایا کاک هەڤاڵ دژی جێبەجێکردنی یاسایە؟! جا ئەو زمانە چی جیاوازە لە زمانی ئەو حزبیانەی تەنها لەبەرئەوەی دەستمان بۆ مەلەفی نەوت برد، تەخوینیان کردین؟!"

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ئەوەشی خستۆتەڕو"‫ئێستاش نازانم بە چ لۆژێکیک و بۆچی کاک هەڤاڵ لە قسەکانیدا مەسەلەی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی بەستەوە بەکێشەی نەوتی سپی و سوتەمەنی و پشکی پارێزگاکان، لە کاتێکدا ئەو باش دەزانێ و بە شایەتی زۆر لا، ئێمە هەوڵی ئەوەمان داوە نوسراو و هەوڵەکانی پارێزگاری سلێمانی لە وەزارەتی نەوت لە بەغداد کێشەیان بۆ دروست نەبێت و بەزویی رایی ببن و بەبەردەوامی داکۆکیمان لە پشکی پارێزگاکانی هەرێم کردوە، هیوادارام ئەوە شەڕی بە وەکالەت نەبێت!"

هۆشیار عەبدوڵا سەبارەت بە پرسی سوتمەنیش وتویەتی"‫راستیەکەی ئیدارەدانی سوتەمەنیی و چۆنێتی دابەشکردنی سوتەمەنی لە تێکڕای پارێزگاکان ئێستاش و رابردوش پڕە لە کەموکوڕی و گەندەڵی ئەوەش بەسەر جادەکانەوە، بە ریزی بەرمیل و کڕین و فرۆشی کۆبۆن و زۆر وردەکاری ترەوە دیارەو پێویست ناکا کەس لەو روەوە پاکانە بکا."

هەروەك وتوشیەتی"‫دەبو کاک هەڤاڵیش وەک ئێمە خەم و پرسیاری ئەوەی هەبوایە کە یاسایی موازەنەی ۲٠۱۹ بۆ جێبەجێناکرێ؟ لەبەر هیچ نا لەبەرئەوەی کیشە بۆ پارێزگاکەی و کارەکانی دروست نەبێت، ئاخر ئەوە هەرگیز کێشەیەکی ئاسایی نیوان هەولێر و بەغداد نییە بەڵکو ئەوە کارەساتێکی گەورەیە لە رابردودا فەرمانبەرانی هەرێم موچەیان بەو هۆیەوە بڕاوە، ئەوانەی داوا دەکەن هەرێم پابەند بێت بە یاسای موازەنەوە خەمی ئەوەیان هەیە جارێکی تر موچە نەبردرێ و دەیانەوێ هیچ پاساوێک نەدرێتە بەغداد، بەڵام با کاک هەڤاڵ وەڵامبداتەوە ئەوانەی داکۆکی لەوە دەکەن کە هەرێم پابەند نەبێت و ئەو بڕە نەوتە نەداتە بەغداد داکۆکی لە کێ دەکەن؟ بۆ ئەو دیفاعە دەکەن؟ کێ لەو داکۆکیە سودمەندە خەڵک یا مافیاکانی نەوت؟!"

هۆشیار عەبدوڵا داواشی كردوە"ئەگەر کاک هەڤاڵ ئەبوبەکر تاکە یەک دۆکۆمێنت یا نوسراو یا تەنانەت لێدوانی میدیایی لایە وەک بەڵگە کە پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران داوای ئەوەی لە حکومەتی عێراق کردبێت پشکی نەوتی سپی یا سوتەمەنی پارێزگاکانی هەرێم ببردرێت ئەوە منیش دەنگم دەخەمە پاڵ دەنگی و دەڵێم حەق لای تۆیە، بەڵام دەبێت بەڵگەکەی بخاتە ڕو، خۆ ئەگەر بەڵگەی نیە حەق وایە داوای لێبوردن بکا."

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان رەخنەی لە زمانی پارێزگاری سلێمانی گرتوەو وتویەتی"‫سلێمانی شارێکی گەورەیە نەک بەمانا جوگرافیەکەی بەڵکو بەمانا مەعنەوی و سیاسیی و میژوییەکەی، پارێزگاربون بۆ شارێکی وەک سلێمانی کە بۆ هەموان شانازی و شکۆی نیشتیمانپەروەیە پێویستی بە زمانێکی دەقیقتر و وردتتر و راقیتر هەیە لەو زمانەی بەداخەوە ماوەی رابردو کاک هەڤاڵ ئەبوبەکری بەرێز لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەیدا قسەیپێکرد."

وتوشیەتی"‫دڵنیام کاک هەڤاڵ جارێکی تر خۆشی گوێ لە قسەکانی بگرێتەوە دەزانێ هەم دو مەلەفی جیای زۆر خراپ تێکەڵ کردوە هەم بە زمانێکی گشتگیر تەڕ و وشکی پێکەوە سوتاندوە."

هەروەك وتوشیەتی"لە نێوانی ئێمەدا، چ وەک نوێنەر چ وەک ئەوانەی لە بواری دەسەڵاتی جێبەجێکردن کار دەکەن ناکۆکی، لێکتێنەگەیشتن، بیرورا جیایی، ململانێ و گرفت دروست دەبێت و ئەوە ئاساییە، ئەوەی ئاسایی نیە ئەوەیە بە زمانێکی نا شایستە و بریندارکەر و روشێنەر روەو یەکبدوێین، زمان و دەربرینەکان دەبێ بگەنە باڵای ئەو بەرپرسیارێتیەی کە خراوەتە سەرشانی هەردولا."

هۆشیار عەبدوڵا هیوای لالێكردنەوەو خزمەتكردنی بۆ شاری سلێمانی خواستوەو كە بەبڕوای ئەو شارەكە "زۆر دەمێکە بە هۆی ناکارایی و بێ جورئەتی بەرپرسەکانیەوە غەدرێکی گەورەی سیاسیی و ئیداری پلان بۆدارێژراوی دەرحەق ئەنجامدەدرێت و کەمیشن زۆر کەم ئەوانەی لانیکەم جورئەتی گوتن و دیاریکردنی ئەو غەدرەیان هەیە و بەدەنگی بەرز هاواری بۆ دەکەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×