ژمارەیەك فەرمانبەری هەرێم لەسەر موچە سكاڵایان لەدادگای فیدراڵی عێراق تۆماركرد
  2019-07-15       1481       

ژمارەیەك فەرمانبەری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە 15/7/2019، لەدادگا فیدراڵی عێراق، لەسەر "موچەی دیارنەماو"، سكاڵای یاساییان لەسەر هەریەكە لە سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرۆك وەزیرانی هەرێم و وەزیری دارایی هەرێم تۆماركرد.

ئاوێنە: پارێزەر ئەمین بەكر محەمەد، كە وەك بریكاری ئەو فەرمانبەرانە سكاڵاكەی لەدادگای فیدراڵی تۆماركردوە، لەگەڵ هەریەك لە كاوە محەمەد و غالب محەمەد، پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لەڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا رایانگەیاندوە"بۆ بەرگریکردن لەموچەی دیارنەماوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بریارماندا سکاڵای فەرمانبەرانی هەرێم و داواکەیان بکەینە داوایەکی یاسایی و بیگەیەنینە دادگای باڵای فیدرالی عیراق و بە بریکاری کۆمەڵێک موچەخۆری مافخوراو، داوا لەسەر هەریەک لەسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی هەرێم (وێڕای کارەکانیان) تۆماربکەین."

وتوشیانە"ئێمەش وەک نوێنەرانی خەڵک هەمو پشتیوانییەکیان دەکەین تا ئەو مافە زەوتکراوەیان بۆ دەگەڕێنینەوە."

هێمایان بۆ ئەوەش كردوە كە لەدرێژەی ئەو هەوڵانەدا ئەمڕۆ (٢٠١٩/٧/١٥) داواکەمان لەدادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق تۆمار کردو چاوەڕێی ئاگادارکردنەوەی داوا لەسەرکراوەکانین بۆ دیاریکردنی بەرواری دادبینی.

لە سكاڵاكەی ئەو فەرمانبەرانەدا كە لەلایەن هەردو پەرلەمانتار كاوە محەمەد و غالب محەمەد-ەوە وێنەیەكی بڵاوكراوەتەوە، هاتوە"ئێمە فەرمانبەرین لە فەرمانگە حكومییەكانی سەربە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبەردەم دادگا بەڕێزەكەتاندا ئەم سكاڵایە بەرزدەكەینەوە، بەهۆی زیانمەندبونمان بەشێوەیەكی ناعادیلانە لە جێبەجێكردنی یاسای بودجەدا."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×