دەسەڵاتەكانی چوار وەزارەتی دیكە ئاڵوگۆڕ كران
  2019-07-15       1099       

‎ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتەكانی چوار وەزارەتی دیكەی هەرێمی كوردستاندا كرا كە ئەوانیش پێكدێن لە: وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، پەروەردە، كارەبا.

ئاوێنە: ئاڵوگۆڕەكان لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراون.

دانا عەبدولكەریم دەسەڵاتەكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی لە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئارامی حەمەی مینا دەسەڵاتەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە د.یوسف گۆران، ئالان حەمە سەعید دەسەڵاتەكانی وەزارەتی پەروەردەی لە پشتیوان سادق و كەمال محەمەد ساڵح دەسەڵاتەكانی وەزارەتی كارەبای وەرگرت.

پرۆسەكە بە سەرپەرشتی لێژنەیهكی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی وەزارەتەكان بەڕێوەچو، كە پێكهاتبو لە شەعبان شەعبان چالی، بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی حكومەت و ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی حكوومەت و ئامانج رەحیم، سكرتێری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران.

بڕیارە پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵاتی وەزارەتەكان تا كۆتایی ئهم هەفتەیه لەسەرجەم وەزارەتەكان ئەنجام بدرێت.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن ئەمڕۆ مەراسیمی ئاڵوگۆڕو دەستبەكاربونی وەزیری نوێی ئاوەدانكردنەوەو نێشتەجێكردن ئەنجامدراو دانا عەبدولكەریم وەك وەزیری نوێی ئاوەدانكردنەوە دەستبەكاربو.

هەروەها وەزارەتی خوێندنی باڵاش لەڕاگەیەندراوێكدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکدا، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پۆستی وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامدراو د. یوسف گۆران وەزیری پێشوی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەکدا دوای بەخێرهێنانی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری نوێی وەزارەت، هیوای سەركەوتنی لەو ئەركە نوێیە بۆ خواست.

پێشتریش وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندبو كە پۆستی وەزیری پێشمەرگە ئەمڕۆ لەڕێوڕەسمێكدا لەنێوان كەریم شنگالی، وەزیری پێشوی پێشمەرگە بەوەكالەت و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری نوێی پێشمەرگەدا ئاڵۆگۆڕ كراون.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×