2019-07-16   1717     
حزبى دیموکرات ره‌تى ده‌کاته‌وه ئه‌و ئافره‌ته‌ى هێرشى کرده بافڵ تاڵه‌بانى ئه‌ندامى ئه‌وان بێت و ده‌ڵێن ''یه‌ک دوژمنى سه‌ره‌کیمان هه‌یه ئه‌ویش ئێرانه که دوژمنى ڕاسته‌قینه‌ى گه‌لى کورده".
ئاوێنه: ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه 16ى ته‌موزى 2019، کۆمیته‌ى به‌ڕیتانیاى حزبى دیموکراتى کوردستان "حدکا"، له‌سه‌ر گرته ڤیدیۆییه‌که‌ى دوێنێ ''دووشه‌ممه'' هێرشکردنه سه‌ر بافڵ تاڵه‌بانى له‌لایه‌ن ژنێکى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستانه‌وه، ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه.
له ڕونکردنه‌وه‌یه‌کدا کۆمیته‌ى به‌ریتانیاى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران ڕایگه‌یاند: "هه‌موو لایه‌ک ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه، ئه‌و ھه‌ڵویسته نه‌شیاوه ھیچ پێوه‌ندیه‌کى به کۆمیته‌ى به‌ریتانیاوه نییه و ته‌نانه‌ت ئه‌و ژنه نه‌ک به‌شداربووى خۆپێشاندانه‌که به‌ڵکو ئه‌ندامى ''حدکا''ش نه‌بووه، به‌ڵکو به ڕێکه‌وت له‌و شۆێنه‌وه که خۆپێشانده‌ران پێیدا تێپه‌ڕبوون ڕوداوه‌که ڕوویداوه".
ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدا دوێنێ دووشه‌مه ئه‌ندامانى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران له له‌نده‌نى پایته‌ختى به‌ریتانیا خۆپیشاندانێکیان بۆ یادى ٣٠ ساڵه‌ى تیرۆرکردنى قاسملۆدا ئه‌نجامدا.
کۆمیته‌ى به‌ریتانیاى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه "حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران ته‌نیا یه‌ک دوژمن ده‌ناسێ و ئه‌ویش کۆمارى ئیسلامى ئێرانه که دوژمنى ڕاسته‌قینه‌ى گه‌لى کورده له هه‌موو به‌شه‌کانى کوردستان و له هه‌ر شوێنێک کورد هه‌بێ، دوژمنایه‌تى ده‌کات".
هاوکات، کۆمیته‌ى ''حدکا''ى به‌ریتانیا وتوشیه‌تى "حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران به خۆشحاڵیه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێزه خه‌باتکاره‌کانى هه‌ر چوار به‌شى کوردستان پێوه‌ندى و دۆستایه‌تى نزیکى هه‌یه و بۆ پته‌وترکردنى پێوه‌ندییه‌کانى هه‌وڵى زیاتریش ده‌دا".
دوێنێ دووشه‌ممه له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان گرته‌یه‌کى ڤیدیۆیى له شارى له‌نده‌نى پایته‌ختى به‌ڕیتانیا بڵاوبووه‌وه، تیایدا ژنێکى خه‌ڵکى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان هێرشى توند ده‌کاته سه‌ر بافڵ تاڵه‌بانى و به "هاوکارى ئێران ناوى ده‌بات".