مه‌سرور بارزانی‌: به‌منزیكانه‌ گفتوگۆی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان ده‌ستپێده‌كات
  2019-07-16       842       
مه‌سرور بارزانی‌

مه‌سرور بارزانی‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق به‌ "زۆر باش" وه‌سف ده‌كات‌و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌منزیكانه‌ گفتوگۆی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان ده‌ستپێده‌كات.

ئاوێنه‌: پاش كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، مه‌سرور بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "له‌كۆبونه‌وه‌كاندا تێگه‌یشتنی‌ باش هه‌بو له‌هه‌ردولاوه‌  ئه‌و شتانه‌ی‌ پێویست بو له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ بوترێت، ئێمه‌ باسمان كرد".

وتیشی‌، "به‌منزیكانه‌ گفتوگۆكانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ عێراق ده‌ستپێده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌ردولا".

لای‌ خۆیه‌وه‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی وتی‌، "سه‌ردانێكی‌ گرنگ بو بۆ تاوتوێكردنی‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی‌ نێوان هه‌ردولا به‌گوێره‌ی‌ ده‌ستور، به‌تایبه‌ت بودجه‌ فیدراڵی‌‌و شایسته‌كانی‌ هه‌رێم‌و و كێشه‌ی‌ نه‌وت‌و داهاته‌كان‌و جێبه‌جێكردنی‌ ده‌ستورو به‌شێوه‌ی‌ه‌كی‌ رون".

راشیگه‌یاند، "سه‌ردانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و وه‌فده‌كه‌ی‌ زۆر گرنگن له‌م كاته‌دا بۆ پیشاندانی‌ نیازپاكی‌ هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، وه‌فدی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتنه‌ به‌غداو له‌سه‌ره‌تادا له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق كۆبونه‌وه‌و دواتر له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیران‌و محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبوه‌وه‌.

وه‌فدی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم پێكهاتووه‌ له‌مه‌سرور بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، فرسەت ئەحمەد وەزیری داد، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێششمەرگە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی‌و فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×