بێ هیچ رونكردنەوەیەك، هەڵسوڕاوێكی گۆڕان 10 رۆژە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیركراوە
  2019-07-16       2272       

ئا: ئاوێنە

 

هەڵسوڕاوێكی بزوتنەوەی گۆڕان كە خەڵكی ناحیەی سەنگەسەرە، نزیكەی 10 رۆژە لەلایەن ئاسایشەوە لەفڕۆكەخانەی هەولێر دەستگیركراوە، ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان لەگەڵ 10 كەسی دیكەدا دیپۆرت كراوەتەوە، نۆیان ئازادكراون تەنها ئەو هێڵدراوەتەوە.

هەڵسوڕاوەکەی بزوتنەوەی گۆڕان، كوڕێكی گەنجی دەستكورتی ناحیەی سەنگەسەرە، ناوی "پشدەر وەتمان خدر"ە.


بەقسەی محەمەد بەختیاری هاوڕێی زیاتر لەمانگێك لەمەوبەر لەبەر دەستكورتی و نەداریی، روی لەتوركیا كردوەو لەوێشەوە بە كەشتی بەنیازی گەیشتن بە وڵاتێكی ئەوروپی رۆیشتوە، بەڵام لەکەنارەکانی تونس دەستگیرکراوەو دوای شەش رۆژ هێشتنەوەی لەزیندان، لەڕێگەی فڕۆكەخانەی دوبەی و پاشان هەولێرەوە دیپۆرتی هەرێمی كوردستان کراوەتەوە.


محەمەد بەختیار، هاوڕێی پشدەر بۆ ئاوێنە باسی لەوە كرد كە ژمارەیان دە كەس بوە دیپۆرت كراونەتەوەو رۆژی دوشەممەی هەفتەی رابردو گەیشتونەتەوە فڕۆكەخانەی هەولێرو لەوێ دەستگیركراون و دواتر براونەتە ئاسایش.


ئەو وتی "ئێمە بە هەماهەنگی دیپۆرتی هەولێر كرابوینەوە كە گەیشتینە ئەوێ هەر 10 كەسەكەمان لە فڕۆكەخانە ناومان هەبو."


بەپێی قسەی محەمەد بەختیار دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند رۆژێك لە ئاسایش لێكۆڵینەوەی وردیان لەگەڵ كراوە رۆژی شەممە نۆ كەسیان ئازاد كراون و تەنها "پشدەر" هێڵدراوەتەوە.


سەبارەت بەوەی نازانن كە پشدەر لەسەر چی تا ئێستا ئازاد نەكراوە، محەمەد وتی "من پشدەر هاوڕێمە، دوای ئەوەی ئێمە ئازادكراین چاوم گێڕا تەنها پشدەر دیار نەبو، لە یەكێك لە ئاسایشەكانم پرسی ئەی پشدەر بۆ ئازاد نەكراوە؟ زۆر بە توندی و توڕەییەوە پێی وتم باسی پشدەر بكەی تۆش دەخەمەوە ژورەوە."


محەمەد لەئاسایشێكی دیكەی پرسیوە كە بە قسەی خۆی ئەو ئاسایشە هێمنتر بوە، پێی وتوە كە پشدەر دۆسیەی دیكەی هەیە كە سیاسییەو لەوە زیاتری پێنەوتوە.



قادر فەقێ، هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان لەناوچەكە بۆ ئاوێنە باسی لەوە كرد كە "پشدەر" هیچ تاوانێكی دیكەی نییە جگە لەوەی بەشداری خۆپیشاندانەكانی ناوچەكەی كردوە لەكۆتاییەكانی ساڵی 2017داو هەروەها هەڵسوڕاوێكی چالاكی بزوتنەوەی گۆڕان بوە لەناوچەكە، كە ئەوەش تاوان نییە.



لەكۆتاییەكانی ساڵی 2017دا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان بەشێك لەناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە كە تێیدا بارەگای زۆربەی حزبەكان سوتێنراون و لەگەڵ هەندێك لە دامەزراوەی حكومەتیش.



قادر فەقێ وتیشی"ئەوە نۆ شەوە پشدەر بەبێ هیچ رونكردنەوەیەك دەستگیركراوەو نە رێدەدرێت ببینرێت و نە دەوترێت لەسەر چی گیراوە."



سەبارەت بەوەی بزوتنەوەی گۆڕان چی كردوە بۆ بەدواداچونی ئەو كەیسە، قادر فەقی وتی"من چەند رۆژێك لەگەڵ سەركردایەتی خۆمان لە بزوتنەوەی گۆڕان خەریكم بەڵام لای ئەوانیشەوە تا ئێستا هیچ ئەنجامێك نەبوە." 



ئەو هەڵسوڕاوە دیارەی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی"ئێمە دەمانەوێت بە حزبەكەی خۆمان و پارتی بڵێین كە ئێوە رێككەوتنی سیاسیتان هەیە، ئەوە بەمانای ئەوەیە كە چاوپۆشی بكەن لەوەی لەڕابردو لەنێوانتان رویداوە وەك خۆپیشاندان و سوتاندنی بارەگاكان، ئەوانە شتێك بون لە رابردودا، ناكرێت تۆ رێككەوتنی سیاسیت هەبێت و ئەوەش رەفتاری پارتی بێت لەگەڵ لایەنگران و دەنگدەران و هەڵسوڕاوانی گۆڕان." 

زۆرترین بینراو
بەهۆی جلە كوردییەكانییەوە، سەرۆكی یانەی دهۆك لە ئامەد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیركرا
مەلا بەختیار: مەترسی هەرە گەورە ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی لەناو دەوڵەتانی ئیقلیمیدا سەرەتاتكێیانە
دوای شەش مانگ لە كوژرانی، سزای لەسێدارەدان بۆ ژن و برایەكی كارمەندێكی ئاسایشی بەردەڕەش دەرچو
مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران دوادەکەوێت
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا یاسای ژینا (مەهسا)ی پەسەندکرد
رۆژهه‌ڵاتی كوردستان؛ وانەبێژێکی دیکەی زمانی کوردی 11 ساڵ زیندانی ده‌كرێت
مه‌ریوان قه‌ره‌نی‌: ناكرێ رێككه‌وتنه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق له‌باره‌ی مووچه‌ بكرێته‌ قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێك لایه‌ن
پلاسخارت لە "گەندەڵی لەناو فەرمانبەرەکانیدا" خۆی دەرباز دەکات؛ داوای لێکۆڵینەوە ده‌كرێت
کۆمسیۆن ژمارەی بنکەو ناوەندەکانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرد
سێ سەربازی توركیا لە مەتینا كوژران
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×