محەمەد عەبدولوەهاب‌و ئوم کەلسوم، دۆستایەکی قوڵ بەڵام نـابەدڵ
  2019-07-16       1245       
محەمەد عەبدولوەهاب‌و ئوم کەلسوم
لەسەرەتای ساڵانی سیەکاندا، وەختێک عەبدولوەهاب 1901-1991 و کەلسوم 1898-1975 تازە دەرکەوتبوون و ئەستێرەی هونەریان لەهەڵکشاندا بوو، کێبڕکێ لەنێوانیاندا دەستیپێکرد و وردە وردە گەیشتە ناکۆکی.

کەلسوم دڵی خەڵکی سادە و توێژی ڕۆشنبیرو هونەرمەندانی داگیرکردبوو، عەبدولوەهابیش هەستی چینی دەوڵەمەند و ڕاقی و کاربەدەستانی کۆنتڕۆڵ کردبوو.. هەردوو گۆرانیبێژ، چوبونە بواری سینەماوە، هەرچەندە کەلسوم لەنواندندا زۆرباش نەبوو بۆیە ساڵی 1947 ئاخر فیلمی تۆمارکرد "فاتمە" بەڵام عەبدولوەهاب کەلە 1933 وە نواندنی دەکرد و ساڵی 1948 شاکاری غزل البناتی تۆمارکرد، تا ساڵی 1960 لەسینەمادا مایەوە.

ساڵی 1934 سەرەتای ناکۆکی ئەم دوو قوتبە بوو، وەختێک سەندیکای هونەرمەندانی میسری دروستبوو و هەریەک لە مۆسیقاری گەورە زەکەریا ئەحمەد و قەسەبچی و شاعیرانی گەورە ئەحمەد شەوقی و ئەحمەد ڕامی پشتیوانی کەلسومیان کرد بۆ نەقیبی سەندیکا و کەلسوم بوو بەیەکەم نەقیبی سەندیکای هونەرمەندان لەجیهانی عەرەبیدا، لەکاتێکدا عەبدولوەهاب خۆی بەشایستەتر دەزانی.

ئەگەرچی لەساڵی 1938 وە سێ جار عەبدولوەهاب بە نەقیبی سەندیکا هەڵبژێردرایەوە و ساڵانی چلەکان دەیان ئاهەنگی لەبەغدا و تونس و بیروت و ئەوروپا گێرا، بەڵام ناکۆکی لەگەڵ کەلسوم گەیشتە ئاستێک کە کەلسوم بواری نەئەدا ئەحمەد ڕامی شاعیر شیعر بدات بەعەبدولوەهاب و بەشێکی زۆر لەمۆسیقارەکانی ئەو سەردەمە کاری لەگەڵ بکەن.

ساڵ هاتو ساڵ چوو ناکۆکیەکان بەدرێژایی چلەکان و پەنجاکان درێژەی کێشا و هەردوو جەمسەری مۆسیقی میسڕی لەوپەڕی هێزیاندا بوون و جەماوەری میسڕی و عەرەبیان بەسەر خۆیاندا دابەشکردبوو تا گەیشتە ساڵی 1963.

ساڵی 1963 سەرۆک جەمال عەبدوولناسڕ سەرۆکی بەهێزی میسڕ عەبدولوەهاب و کەلسومی لەماڵی خۆیان ئاشتکردەوەو داوای لێکردن هاوکاری یەکبن.. عەبدولوەهابیش لەبەرخاتری سەرۆک و وەک ئیعجابێک بۆ کەلسوم، بڕیاریدا خۆشەویسترین ئاوازی خۆی کەشاکاری "انت عمری" بوو وە چەند ساڵێک بوو خەریکی بوو و شیعر ئەحمەد شەفیق بوو، بەدیاری بدات بە کەلسوم.

لە 6 شوباتی 1964 کەلسوم شاکاری انت عمری لەشانۆی ئەزبەکیە لەقاهیرە پێشکەش کرد و هەرای نایەوە... دوای ئەم کارەش کە بەدیداری هەورەکان ناسرا، پەیوەندی ئەم دوو هونەرمەندە زۆر توندوتۆڵ بوو.

لەچاوپێکەوتنێکدا کەئەکتەر سەمیر سەبڕی لەساڵی 1976 دا لەگەڵ عەبدولوەهاب ئەنجامیداوەو پێرێ شەو لەیوتیوب سەیرمکرد، عەبدولوەهاب ووتی کەلسوم ڕای منی زۆر لاگرنگ بوو، تەنانەت جگە لەهەڵسەنگاندنی دەنگ و ئەدائی خۆی و ژەنیارەکانی، پێش ئاهەنگ و دوای ئاهەنگەکانی بەتەلەفۆن پرسیاری جلوبەرگ و شکڵیشی لێئەکردم.

لەوەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئەوەی کەلەتەلەفۆندا کەلسوم چۆن ناوی ئەهێنای، محەمەد عەبدولوەهاب ووتی پێی ئەوتم محەمەد، ئەگەر یەکێکیتریش تەلەفۆنەکەی هەڵبگرتایە پێی ئەوت ئادەی ئەو پیاوەم بۆ بانگبکە.

ململانێی هونەرمەندی گەورە شاکاری وەک انت عمری لێ پەیائەبێت، بەتەمای چیت.

لینکی انت عمری:

https://youtu.be/1wBvuZVE7FI

له‌واڵی‌ رۆژنامه‌نوس توانا عوسمان وه‌رگیراوه‌
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×