"هەرێمی كوردستان ساڵانە 7 تریلیۆن دینار زەرەر دەكات"
  2019-01-14       630       

ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی گۆران، ئەمین بەكر رایدەگەیەنێت هەردو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم پارەی فرۆشی نەوتیان كۆنترۆڵكردوە‌و نایانەوێت بەفرۆشتنی نەوت لەرێگەی بەغداوە كۆنترۆڵی پارەكە لەدەست بدەن، ئاشكراشیدەكات بەهۆی ئەو سیاسەتەی لەفرۆشتنی نەوت پیادە دەكرێت هەرێمی كوردستان ساڵانە 7 تریلیۆن دینار زەرەر دەكات.


ئاوێنە: بەكر ئەمین بە ئاوێنەی راگەیاند هەردو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان دۆسیەی نەوت لەپێناو بەرژەوەندی بەهێزكردنی پێگەی خۆیان بەكار دەهێنن، بەدوریشی دەزانێت بەهۆی سیاسەت‌و تێروانینی هەردو پارتە دەسەڵاتدارەكەی هەرێم كێشەی هەولێر‌و بەغدا لەسەر پرسی نەوت‌و بودجە چارەسەر بكرێت، ئەو وتی "رێكەوتنی هەرێم‌و بەغدا ئەوەی لەپرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق هاتوە بە دور دەبینم، بەدوریشی دەزانم رێژەی پشكی كورد زیاتر بكرێت، بەهۆی راجیایی‌و كێشمە كێشی كوتلەكانی ناوپەرلەمان ناتوانرێت پشكی كورد بكرێت بە 14%".


راشیدەگەیەنێت لەئێستادا هەمو ساڵێك هەرێمی كوردستان 7 تریلیۆن دینار زەرەر دەكات‌و باجەكەشی تەنها هاوڵاتیان دەیدەن، پێشی وایە هەرێمی كوردستان بەشێوەی سەربەخۆ نەوت دەفرۆشێت‌و نایەوێت رادەستی حكومەتی عێراقی بكات، ئەو وتی "لەهەرێم بانگەشەی ئەوە دەكرێت بە پەیرەوكردنی ئابوری سەربەخۆ نەوت دەفرۆشن، بەڵام لەراستیدا ئەوەی هەیە ئابورییەكی تەواو حزبیە‌و لەخزمەتی پێگەی هەردو حزبی باڵا دەستە، ئەگەر نەوتەكە رادەستی بەغدا بكەن هەمو ئەو پارەی لەبەغداوە بێت دیار دەبێت‌و ئەوانیش ئەوەیان ناوێت".

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×