یاسین مه‌حمود: 13 خاڵ لەبارەی كێشە ئابورییەكانی نێوان هه‌ردولا ده‌ده‌ینه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران
  2019-01-14       697       
یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان

یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایگەیاند؛ بە گرنگییەوە لە سەردانەکەی سبەی(سێشه‌ممه‌)ی محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ شاری سلێمانی دەڕوانن و زیاتر لە 13 خاڵیان ئامادەكردوە لەبارەی كێشە بازرگانی و ئابورییەكانی نێوان هەردولا و رادەستی وه‌زیره‌ ئێرانییه‌كه‌ی دەكەن.

ئاوێنه‌: بڕیارە دوای نیوەڕۆی سبەی سێشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان سەردانی شاری سلێمانی بكات، بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسانی ئیداری و بازرگانی شاری سلێمانی ئامادەكارییان بۆ پێشوازی زەریف كردوە و بەشداری لە میتینگی ئابوری ئێران و هەرێمی كوردستان دەكات.

وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، یاسین مەحمود لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵی توركی له‌وباره‌یه‌وه‌ وتویه‌تی"وەزیری دەرەوەی ئێران بە یاوەری شاندێك كە لە 69 بەرپرسی گەورەی بازرگانی و ئابوری ئێران و بەرپرسانی تری پەیوەندیدار و بازرگانان و سەرمایەدارانی ئەو وڵاتە پێکهاتوە سبەی دەگاتە سلێمانی كە بە گرنگییەوە لەو سەردانە دەڕوانین، دوای گەیشتنی بە فڕۆكەخانەی سلێمانی سەرەتا سەردانی گردی دەباشان دەكات بۆ دانانی تاجەگوڵینەی لەسەر مەزاری سەركۆماری پێشوی عێراق، جەلال تاڵەبانی، دواتر لە شاری جوان بەشداریی كۆنفرانسی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان دەكات، هەروەها بەشداریی چەند كۆبونەوەیەكی تری نێوان بەرپرسانی هەردولا دەكات".

وتوشیه‌تی"ئێمە لە میانی ئەم چەند رۆژەدا چەندین كۆبونەوەی تایبەتمان لەسەر سەردانەكە كردوە كە ئامانج لێی دو بابەتی سەرەكییە، یەكەم پەیوەندی بە بابەتی ئابوری هەیە و كۆنفرانسێكی ئابوری لە نێوان كۆمپانیا بازرگانییەكانی نێوان هەردولا بەڕێوەدەچێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانەی هەیە لە نێوان هەردولا لە هەمانكاتدا سەردانێكی سیاسی دەبێت بۆ ناوچەكە و لێكنزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان".

یاسین مەحمود ئەوەشی وتوه‌"كۆماری ئیسلامی ئێران لەئێستادا دەستیان بە جوڵەیەكی گەورە كردوە لە سەردانی وڵاتانی دەرەوە و دراوسێ‌ بەتایبەتی، تاران دەیەوێت بەهەرشێوەیەك هەبێت دەرچەیەك بدۆزێتەوە بۆ دەربازبون لەو گەمارۆیانەی ئەمریكا لەسەر وڵاتەكە سەپاندویەتی و ئامانجی شكستپێهێنانی ئابوری ئەو وڵاتەیە".

وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان باسی لەوەش كردوه‌ کە لە میانی ئەم چەند ساڵەی دوایدا و بە هۆی گەمارۆكانی هەردو حكومەتی عێراق و ئێران و دروستكردنی كێشە بۆ پەیوەندییە بازرگانییەكانی هەرێم، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران بۆ نزیكەی شەش ملیار دۆلاری ساڵانە دابەزیوە.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"وەك كەرتی بازرگانی 13 خاڵمان ئامادەكردوە بۆ ئەوەی لە كۆبونەوەی سبەی ئاراستەی وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی یاوەری بكەین بە ئامانجی كاركردن بۆ چارەسەركردنیان، لەوانەش چارەسەركردنی كێشەی خاڵە سنورییەكان و بەڕەسمیكردنی ئەو خاڵە سنورییانەی تا ئێستا لە لایەن ئێرانەوە بە فەرمی نەناسێندراون، لەگەڵ ئاسانكاری بۆ هاتنی گەشتیارانی ئێران كە ساڵانە 100 ملیۆن دۆلار داهاتیان بۆ ئێمە هەیە و لەئێستادا بە هۆی رێگرییەكانی ئێرانەوە ئەو رێژەیە زۆر دابەزیوە". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ "ئێران بەپێچەوانەی ئەمریكاوە بە شێوەیەكی گەرمتر مامەڵە لەگەڵ سلێمانی دەكات، ئومێد دەكەین لە میتینگی سبەی بگەینە ئەنجامێك بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی هەمانە لەگەڵ ئێران بەتایبەت لە روی ئاڵوگۆڕی دراو و كێشەی خاڵە سنورییەكان و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ گەمارۆكانی ئەمریكا و گواستنەوەی ئەو كارخانانەی ئێران كە بەرەو پەككەوتن دەڕۆن بۆ هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان 128 كۆمپانیایە".


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×