سه‌رۆكایه‌تی كۆمار: هەوڵى رێکخستنى کۆبونەوەیەک بۆ رێککەوتن لەسەر ئیدارەدانى کەرکوک ده‌درێت
  2019-01-14       1081       
كه‌ركوك

وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق رایگه‌یاند؛ لەکاتى دروستبونى گرفتدا لە سەر هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەکەرکوک، بەرهەم ساڵح و عادل عەبدولمەهدى گفتوگۆیان لەبارەى کێشەکەوە کردوەو هەردولا پێیانباشبوه‌، دۆسیەکە ببرێتە دادگاى فیدراڵی. 

ئاوێنه‌: حه‌سه‌ن جیهاد ئه‌مین، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا كه‌ ئه‌مڕۆ(دوشه‌ممه‌)، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ رایگه‌یاند‌"هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان له ‌کەرکوک تەشەنوجى دروستکردوە، بەڵام سەرۆک کۆمار رۆیشتوەتە سەر خەت و دۆخەکەى هێور کردۆتەوە."

بەپێى وتەى وتەبێژەکەى سەرۆکایەتى کۆمار، لەکاتى دروستبونى گرفتدا لە سەر هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەکەرکوک، بەرهەم ساڵح و عادل عەبدولمەهدى گفتوگۆیان لەبارەى کێشەکەوە کردوە، وتیشی"دواتر هەردولا پێیانباشبو، دۆسیەکە ببرێتە دادگاى ئیتیحادى و لەوێ بڕیارى لەسەر بدرێت، بۆیە مەسەلەکە براوەتە دادگا."

سەبارەت بەو گفتوگۆیانەى لەبارەى چارەنوسى کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان لە ئارادان، حەسەن جیهاد ئاماژەى بەوەکرد "سەرۆک کۆمار هانى پێکهاتەکانى داوە خۆیان لەسەر داهاتوى کەرکوک رێکبەون، بۆیە هەوڵى رێکخستنى کۆبونەوەیەک بۆ رێککەوتن لەسەر ئیدارەدانى کەرکوک دەدرێ، تا چارەسەر بۆ کێشە هەڵواسراوەکان بدۆزرێتەوە."

سەبارەت بە پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و بەغدا، حەسەن جیهاد رونیکردەوە پەیوەندیەکانى نێوانیان لە جاران باشترە، هەوڵى هێورکردنەوەى گرژیەکان و لێکتێگەیشتن لە ئارادایە، وتى"ئەوەى تائێستا گرفتە، پێنەدانى وەزیرە لەلایەن حکومەتى عێراقەوە بە یەکێتى، لەکاتێکدا گەر کورسیەکانى هاوپەیمانی بخەیتە سەر، 20 کورسى هەیە."

وتیشى"ئەو گلەییەى یەکێتى هەر ماوە، ئەوە نەبێت، پەیوەندیەکان ئاسایین، کورد هەوڵى پشتیوانىکردنى حکومەتى عێراق و سەرخستنى کابینەى عادل عەبدولمەهدى دەدات، لەبەرانبەر پێدانى مافە دەستوریەکان بەکورد."

دەربارەى وەڵامى عادل عەبدولمەهدى بۆ گلەییەکانى یەکێتى، حەسەن جیهاد وتى"عادل عەبدولمەهدى پێیوایە ئەو پۆستە بدرێتە کوردێکى بێلایەن."

هەندێک لە میدیاکان مەسەلەى گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان و دروستکردنى ئیدارەیەکى هاوبەشیان بۆ ئەو ناوچانە وروژاندوە، بەڵام وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق وتى"جارێک هیچ شتێکى دیاریکراو نیە، لێرەو لەوێ قسەکراوە تا ئەمنیەتى ئەو ناوچانە باش بکرێ و بەهاوبەشى بەرێوەببرێ، بەڵام هیچ رێکەوتنێک نەکراوە."

هەفتەى رابردو، بەرهەم ساڵح سەردانى تورکیاى کردو دواى سەردانەکەى ناوبراو، هێزە ئەمنیەکانى سلێمانى هەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردنى ئەندامان و لایەنگرانى تەڤگەرى ئازادى دەستپێکرد، بۆیە بەشێک لە ئەندامانى ئەو حیزبە پەنجەى تۆمەتیان بۆ سەرۆک کۆمار درێژ کرد بەوەى دەستگیرکردنى ئەندامانیان پەیوەندى بەرێکەوتنى ناوبراوەوە لەگەڵ تورکیا هەبێت.
لەبەرانبەردا، حەسەن جیهاد وتی"هەرچەندە من لەسەردانەکەدا لەگەڵى نەبوم، بەڵام پێموانییە مەسەلەکە پەیوەندى بەسەردانەکەى دکتۆر بەرهەمەوە بۆ تورکیا هەبوبێت."

لە وەڵامى پرسیارێکى ترى دەنگى ئەمەریکادا، سەبارەت بە ناکۆکى نێوان سەرۆک کۆمار لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان دا، حەسەن جیهاد وتى"من بە قسەیەکى کاک فازڵ میرانى، وەڵامى پرسیارەکەت دەدەمەوە، کە وتى: تازە دکتۆر بەرهەم سەرۆک کۆمارە، هەم عێراق و وڵاتان مامەڵەى لەگەڵ دەکەن. پێموایە دۆخێکى کاتى یە چارەسەر دەبێت."

سەبارەت بە راستى و دروستى ئەو هەواڵانەى باس لە رێگەنەدان بە سەرۆک کۆمار دەکەن بۆ رۆیشتنە هەولێر و ئەگەرى چارەسەر بونى ئەو کێشەیە، وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمار، دەڵێت"دکتۆر بەرهەم زۆر سەرقاڵە، سەفەرى زۆرە، بەداخەوە نەئەبو کێشەکە وا قوڵ بێتەوە، بەڵام پێشتریش کێشە هەبوە و چاره‌سه‌ر کراوە، ئەمیش چاره‌سه‌ر دەبێت."

لەکۆتایى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، وتەبێژەکەى سەرۆکایەتى کۆمار رەتیکردەوە زانیاریان لەبارەى رۆیشتنى هێزى سەربازى زیاترى ئەمەریکا بۆ عێراق هەبێت.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×