سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا رایگه‌یاند؛ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و دۆناڵد ترامپ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ(دوشه‌ممه) له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا په‌یوه‌ندییه دوقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵات و دۆخی سوریا و دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارامیان له باكوری ئه‌و وڵاته تاوتوێ كردوه.
ئاوێنه: سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند؛ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی ئه‌نجامداوه.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه كه له‌په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه دۆقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵات و روداوه‌كانی سوریایان تاوتوێ كردوه.
به‌پێی به‌یاننامه‌كه ئه‌ردۆغان پێشوازی له بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ كشانه‌وه له‌سوریا كردوه‌و جه‌ختی كردۆته‌وه كه ئاماده‌ن بۆ پێشكه‌شكردنی هه‌ر هاوكارییه‌ك له‌و روه‌وه.
وتوشیه‌تی"هه‌ردو سه‌رۆك بیرۆكه‌ی دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارامیان له‌باكوری سوریا تاوتوێ كردوه ئه‌وه‌ش به پشتبه‌ستن به پره‌نسیپی یه‌كپارچه‌یی خاكی سوریا."
په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان ترامپ و ئه‌ردۆغان پاش ئه‌وه دێت كه ئه‌مڕۆ دۆناڵد ترامپ له توێتێكدا هه‌ڕه‌شه‌ی وێرانكردنی توركیا له‌ڕوی ئابورییه‌وه كرد ئه‌گه‌ر بێت‌و هێرش بكاته سه‌ر كوردانی رۆژئاوا.