وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر رایگه‌یاند پێیان وا نییه كردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌یان له‌دیمه‌شق پێویست بێت و هیچ ئاماژه‌یه‌كی هانده‌ریش بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سوریا بونی نییه.
ئاوێنه: شێخ محه‌مه‌د شێخ عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر ئه‌مڕۆ(دوشه‌ممه)، رایگه‌یاند؛ قه‌ته‌ر تا ئێستاش دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی سوریایه بۆ نێو رێكخراوی كۆمكاریی وڵاتانی عه‌ره‌بی.
ساڵی 2011 ئه‌ندامێتی سوریا له رێكخراوی كۆمكاریی وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌ڵپه‌سێردرا، ئه‌وه‌ش به‌هۆی تۆمه‌تباركردنی به به‌كارهێنانی توندوتیژی بۆ سه‌ركه‌وتكردنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی كه دواتر ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه وه‌رچه‌رخان بۆ شه‌ڕێك كه نزیكه‌ی هه‌شت ساڵه به‌رده‌وامی هه‌یه.
هه‌ندێك له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی كه له‌و وڵاتانه‌شی تێدایه پشتیوانی چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریایان كردوه، هه‌وڵی ئاشتبونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سوریادا ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریا‌و هاوپه‌یمانه‌كانی توانیان له شه‌ڕی ئه‌و وڵاته‌دا ده‌ستكه‌وتی یه‌كلاكه‌ره‌وه به‌ده‌ستبهێنن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر وتی"هه‌ڵوێستی قه‌ته‌ر به‌رامبه‌ر به سوریا له‌ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند هۆكارێك بوه كه به‌هۆیانه‌وه ئه‌ندامێتی سوریا له كۆمكاریی وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌ڵپه‌سێردرا، هۆكاره‌كان هێشتا ماون له‌نێو نه‌چون، وای نابینین هیچ فاكته‌رێكی هانده‌ر هه‌بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سوریا...ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ رژێمی سوریا له‌م قۆناغه‌دا ته‌نیا ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌بێت له‌گه‌ڵ كه‌سێك كه گلاوه له تاوانه‌كانی جه‌نگه‌وه."
ده‌نگۆی كردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی سعودیه له دیمه‌شق هه‌بون به‌ڵام دواتر وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ره‌تكردنه‌وه.
به‌ڵام ئیماراتی عه‌ره‌بی مانگی رابردو به‌ڕه‌سمی باڵیۆزخانه‌كه‌ی خۆی له دیمه‌شق كرده‌وه.