كۆشكی سپی رایگه‌یاند؛ دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان پێی وتوه كه مامه‌ڵه‌ی خراپ له‌گه‌ڵ كورد‌و هێزه‌كانی سوریای دیموكرات(هه‌سه‌ده) نه‌كات.
ئاوێنه: ساره سانده‌رز، وته‌بێژی كۆشكی سپی له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ناوه‌ڕۆكی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكاو ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیای خسته‌ڕو.
سانده‌رز هێمای بۆ ئه‌وه كردوه كه ترامپ و ئه‌ردۆغان په‌یوه‌ندییه دوقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵات و هه‌روه‌ها "هاوكاری به‌رده‌وامی نێوانیانی له‌سوریا له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا" تاوتوێ كردوه.
وتوشیه‌تی"سه‌رۆك ترامپ خواستی خۆی بۆ پێكه‌وه كاركردن بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانییه ئه‌منییه‌كانی توركیا له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا نیشانداوه‌و جه‌ختی كردۆته‌وه كه ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا به‌لایه‌وه گرنگه توركیا مامه‌ڵه‌ی خراپ له‌گه‌ڵ كورده‌كان و له‌نێویشیاندا هێزه‌كانی سوریای دیموكرات(هه‌سه‌ده) نه‌كات كه پێكه‌وه شه‌ڕمان كردوه بۆ تێكشكاندنی داعش."
ئه‌وه‌ش دوه‌م هۆشداری ترامپه بۆ توركیا له‌باره‌ی كوردانی سوریاوه له‌ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێری رابردودا دوای ئه‌وه‌ی له‌تویتێكدا رایگه‌یاندبو ئه‌گه‌ر توركیا هێرش بكاته سه‌ر كوردانی رۆژئاوا، ئه‌وا له‌ڕوی ئابورییه‌وه وێرانی ده‌كات.
وته‌بێژی كۆشكی سپی ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو كه جه‌نه‌رال جۆزیف دانفۆرد، سه‌رۆكی ئه‌ركانی هێزه هاوبه‌شه‌كانی ئه‌مریكا رۆژی سێشه‌ممه له‌گه‌ڵ هاوتا توركییه‌كه‌ی كۆده‌بێته‌وه بۆ به‌ردوامیدان به راوێژی نێوانیان.