قوباد تاڵەبانی: قۆناغە سەختەكانمان تێپەڕاندووە
  2019-01-15       409       
قوباد تاڵەبانی له‌كاتی‌ پێشكه‌شكردنی‌ وتاره‌كه‌یدا


كۆڕبه‌ندی ئابوری نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و كۆماری ئیسلامی ئێران له‌شاری سلێمانی ده‌ستیپێكردو قوباد تاڵه‌بانی-یش ده‌ڵێت، "قەیرانی دارایی فشاری زیاتری خستبووەسەر حكومەتی هەرێم، بەڵام لەئێستادا قۆناغە سەختەكانمان تێپەڕاندووە".



ئاوێنه‌: سه‌ر له‌ئێواره‌ی‌ ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌، بەئامادەبونی جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران‌و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، کۆڕبەندی ئابوری نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ستیپێكرد.



قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەمیانەی پێشكه‌شكردنی‌ وتارێكدا له‌كۆربه‌نده‌كه‌دا رایگه‌یاند، "پێشتر قەیرانی دارایی‌و  شەڕی داعش فشاری زیاتری خستبووە سەر حكومەتی هەرێم، بەڵام ئێمە گەشبینین‌و لەئێستادا قۆناغە سەختەكانمان تێپەڕاندووە".



وتیشی، "ئێستاش ئێمە بەهەمو شێوەیەك پشتیوانی كۆمپانیا بیانی‌و ناوخۆییەكان دەكەین كە لەهەرێمی كوردستان كار دەكەن‌و هەوڵدەدرێت شایستەی دارایی ئەو كۆمپانیا ئێرانی‌و بیانیانە خەرجبكرێت، كە لەهەرێمی كوردستاندا كار دەكەن."



راشیگەیاند، "پێشتر لەگەڵ كۆماری ئیسلامی شەڕی روبەڕوبونەوەی تێرۆرمان كردووەو ئەو وڵاتە لەرۆژە سەختەكاندا پشتیوانی هەرێمی كوردستان بووە."



هەر لەو كۆربەندەدا، رێباز حەملان وەزیری دارایی‌و ئابوری  حكومەتی هەرێم وتی‌، لەئێستادا  ژمارەی دەروازە سنوریەكانی نێوان هەرێم‌و ئێران  7 دەروازەیە، سێ لەو دەروازانە نێودەوڵەتین‌و هەوڵدەدرێت دو دەروازەی دیكەش بەنێودەوڵەتی بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ بەغدا تاوتوێی ئەو بابەتە دەكرێت.



وەزیری دارایی هەرێم ئه‌وه‌شی‌ وت، لەئێستادا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردولا ساڵانە هەشت ملیار دۆلارەو هەرێمی كوردستان لەكابینەی نوێشدا، پلانی هەیە  شایستەی دارایی ئەو كۆمپانیایانە خەرج بكات، كە لەهەرێم كاردەكەن.


وەزیری دارایی هەرێم باسی لەوەشكرد، لەئێستادا سیستمی ئەلیكترۆنی بۆ دەروازەكان لەنێوان  هەرێم‌و تاران دانراوە كە ئەوەش وادەكات تەواو داتاو زانیارییەكانی نێوان دەروازەكان لەكاتی جموجۆڵە بازرگانیەكاندا رونبكاتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×