ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند؛ ئامانجی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی منبج پاشگه‌زكردنه‌وه‌ی دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكایه له جێبه‌جێكردنی بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌و وڵاته له‌سوریا.
ئاوێنه: ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ(چوارشه‌ممه)، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ هاوتا كرواتییه‌كه‌ی له ئه‌نكه‌ره رایگه‌یاند"پێده‌چێت ته‌قینه‌وه‌كه‌ی منبج به ئامانجی دانانی كاریگه‌ری بێت له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌سوریا."
وتیشی"پێموانییه ترامپ له‌بڕیاره‌كه‌ی بۆ كشانه‌وه له‌سوریا پاشگه‌زببێته‌وه به‌هۆی ئه‌و كرده‌وه تیرۆریستییه‌وه له‌منبج. هه‌نگاوێكی له‌و شێوه‌یه ده‌بێته سه‌ركه‌وتن بۆ داعش."
ئه‌ردۆغان ئاشكراشیكرد"به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی به‌ده‌ستی ئێمه گه‌یشتون له ته‌قینه‌وه‌كه‌ی منبجدا 20 كه‌س كوژراون كه له‌نێویاندا پێنج سه‌ربازی ئه‌مریكی هه‌ن."
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه كه سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ تا ئێستا باس له كوژرانی چوار سه‌ربازی ئه‌مریكی ده‌كه‌ن له‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌دا.