غالب محەمەد: هیوادارین سەردانی وه‌فدی‌ حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا بۆ ڕێككه‌وتن بێت
  2019-07-16       1003       
ئه‌ندامێكی‌ كورد له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق ده‌خوازێت سه‌ردانی‌ وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ شاری‌ به‌غداو كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ باڵای‌ عێراق بۆ كۆبونەوە نەبێت‌و ئامانجیان رێككەوتن بێت.

ئاوێنه‌: غالب محەمەد ئه‌ندامی‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، "هیواداراین سەردانەكە بۆ كۆبونەوە نەبێت‌و ئامانجیان رێككەوتن بێت لەسەر رادەستكردنی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم به‌به‌غدا، تا ئەو فشارەی لەسەر حكومەتی عێراق هەیە لەلایەن شەقام‌و لایەنە سیاسیەكان كەمبكرێتەوە."

وتیشی‌، "ئەگەر رێككەوتن نەكرێت ئەوا بۆ ساڵی داهاتو مەترسی لەسەر بودجەی هەرێم هەیە بەشێوەی ساڵانی 2017، 2017، 2018ی لێبكرێتەوە كە ناردنی بودجە پابەندبكرێت بەرادەستكردنی نەوت، مووچەش جیا نەكرێتەوە".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت، "ئەوەی لای ئێمەی پەرلەمانتاران جێگەی گلەییە بەتایبەت ئەوانەی لەكەیسی نەوت‌و بودجەو موچەی هەرێم كارمانكردووە، ئەوەش ئەوەیە بۆ پارە بەناوی موچەوە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەڵام دەدرێتەوە بەقەرزی كۆمپانیاكان‌و وەزیری دارایی حكومەتی عێراقیش بێدەنگە لێی".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، وه‌فدی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ مه‌سرور بارزانی‌ گه‌یشتنه‌ به‌غداو له‌سه‌ره‌تادا له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق كۆبونه‌وه‌و دواتر له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیران‌و محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبوه‌وه‌.

پاش كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، مه‌سرور بارزانی‌ له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "له‌كۆبونه‌وه‌كاندا تێگه‌یشتنی‌ باش هه‌بو له‌هه‌ردولاوه‌  ئه‌و شتانه‌ی‌ پێویست بو له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ بوترێت، ئێمه‌ باسمان كرد".

وتیشی‌، "به‌منزیكانه‌ گفتوگۆكانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ عێراق ده‌ستپێده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌ردولا".

هاوكات سایتی‌ (بغداد الیوم) له‌زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگاداره‌وه‌ ڕاگەیاندووە، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان لەچوارچێوه‌ی‌ گفتوگۆكانی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ به‌غدا، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ  عادل عەبدولمەهدی سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ عێراق بەپلەی یەكەم پێداگریی لەسەر دۆسیه‌ی نەوت‌و یەكلاكردنەوەی بابەتی بودجە كردۆتەوە.

به‌وته‌ی‌ ئه‌و سەرچاوەیە، به‌پێی‌ پێشنیارێك كه‌ مەسرور بارزانی، خستویه‌تییه‌ به‌رده‌م عادل عەبدولمەهدی، هه‌رێم ڕەزامەندی لەسەر ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت دەربڕیوە له‌ڕێی‌ كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراقی -سۆمۆ-وه‌ لەبەرانبەردا پێویسته‌ حكومه‌تی‌ عێراق مانگانه‌ بڕی‌ 880 ملیار دینار ڕه‌وانه‌ی‌ هه‌رێم بكات بۆ موچەی فەرمانبەران‌و پێشمەرگە.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌ڵێت، بارزانی ئاماژەی بەوه‌كردووه‌ كه‌ له‌ئێستادا به‌غدا بڕی‌ 443 ملیار دیناری مانگانە ده‌نێرێت، بۆیە هەرێم ناچارە نەوته‌كه‌ی هەناردە بكات تا موچەی فەرمانبەران دابین بكات.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×