ئەو نۆ گەشتیارەی هەرێم كە لەتوركیا لەسەر ئاڵای كوردستان دەستگیركران، دیپۆرت دەكرێنەوە
  2019-07-19       2945       

بەبڕیاری نوسینگەی داواكاری گشتی شاری ترابزۆن-ی توركیا، ئەو نۆ گەشتیارە كوردەی دوێنێ پێنجشەممە، لەسەر ئاڵای كوردستان لەلایەن ژمارەیەك توركی رەگەزپەرستەوە هێرشیان كرایە سەرو دواتر دەستگیركران، دیپۆرتی هەرێمی كوردستان دەكرێنەوە.

ئاوێنە: دوێنێ ماڵپەڕی "ئارتی گەرچەك"ی توركی، بڵاویكردەوە كە گروپێكی گەشتیاری 50 كەسی لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان سەردانی چیایەكی گەشتیاریان لەناوچەی "چیاكارا"ی شاری "ترابزۆن"ی توركیا كردوە و كاتێك یەكێك لە گەشتیارەكان ویستویەتی بە ئاڵای كوردستانەوە وێنە بگرێت، لەلایەن ئەو هاوڵاتییە توركانەی لەو شوێنە بون هێرش كراوەتە سەریان.


لەو ڤیدیۆیەدا كە ماڵپەڕەكە بڵاویكردبوەوە دەردەكەوێت ژمارەیەكی زۆر لەو هاوڵاتییە توركانە لە گەشتیارێكی كورد دەدەن، وێڕای ئەوەی پۆلیسیش گەیشتۆتە شوێنە بەڵام بەهانای ئەو گەشتیارەوە نەچوە.

هاوکات ئەو كەسەشی دیمەنی هێرشەكەی تۆمار كردوە سوكایەتی بەكورد دەكات و دەڵێت "ئێوە كێن ئێوە بێ‌ مێژون."

ماڵپەڕەكە نوسیبوی"ئەو هاوڵاتیە تورکانە وتویانە دەبێت ئەو گەشتیارانە لە شارەکەیان بکرێنە دەرەوە".

وێرای هێرش بۆ سەر گەشتیارە كوردەكان، دوێنێ هێزە ئەمنییەكانی شارەكە نۆ لە گەشتیارە كوردەكانیان بۆ لێكۆڵینەوە دەستگیركردبون، بەبێ ئەوەی هیچ لێكۆڵینەوەیەك لەگەڵ هێرشبەرەكان بكرێت.

هەر دوێنێ پارێزگاری ترابزۆن لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندبو، كۆنترۆڵی روداوەكە كراوەو ئەو گەشتیارە كوردانە 50 كەس بون و نۆ كەسیان دەستگیركراون و نوسینگەی داواكاری گشتی لە "چیاكارا" دەستی كردوە بە لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو نۆ گەشتیارەدا.

بەپێی ماڵپەڕی "ئارتی گەرچەك"، ئەمڕۆ هەینی نوسینگەی داواكاری گشتی ترابزۆن لە بەیاننامەیەكدا لە تویتەر رایگەیاندوە، ئەو نۆ گەشتیارە كوردەی خەڵكی هەرێمی كوردستان كە دوێنی دەستگیركران، رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراون بۆ ئەوەی دیپۆرتی هەرێمی كوردستان بكرێنەوە.

بەیاننامەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ئەو نۆ كەسەی لەگەڵ گروپێكی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستانەوە هاتبونە ترابزۆن و دوێنێ بەهۆی وێنەگرتن بە ئاڵای كوردستانەوە دەستگیركران، رادەستی دەزگا پەیوەندیدارەكان كراون بۆ ئەوەی دیپۆرت بكرێنەوە.




زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×