سوپای پاسداران: بە بڵاوكردنەوەی وێنە، خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكمان بەدرۆ دەخەینەوە
  2019-07-19       989       

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بەمزوانە بە بڵاوكردنەوەی وێنە بانگەشەكەی ئەمریكا بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئێرانی بە درۆ دەخەنەوە.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی رەسمی ئێران، سوپای پاسداران، ئەمڕۆ هەینی، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بەمزوانە چەند وێنەیەكی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانیان لەنزیك كەشتی تێكشكێنەری "یو ئێس ئێس بۆكسەر"ی ئەمریكی بڵاودەكەنەوە كە ئەمریكییەكان بانگەشەی ئەوەیان كردبو دوێنێ یەكێك لەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەیان لە ئاسمانی گەروی هورمز خستۆتە خوارەوە.

هێمای ئەوەش كردوە كە بڵاوكردنەوەی وێنەكان بۆ ئەوەیە تا "درۆ بێ بنەما"و بانگەشەكەی ئەمریكییەكان لەخستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئێرانی بۆ رایگشتی جیهان بخەنەڕو.

وتوشیەتی"وێنەكان ئەوە نیشان دەدەن كە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران، بەر لەوەی كەشتییە ئەمریكییە بێتە گەروی هورمز، خەریكی جێبەجێكردنی ئەركی خۆیەتی لەناوچەكەدا، هەروەها وێنەكان، وێنەی فڕۆكەكە پەیوەست بە چاودێریكردنی كەشتییە ئەمریكییەكە پێش و تەنانەت پاش كاتی بانگەشەكەی ئەمریكاییەكان و ناردن و گەڕانەوەی فڕۆكەكەش بۆ شوێنی خۆی، نیشان دەدات."

بەیاننامەكەی سوپای پاسداران جەختی كردۆتەوە كە "یەكە دەریایی و ئاسمانییەكانی سوپای پاسداران لەسەر بنەمای ئەركە یاساییەكانیان لەپێناو هێنانەدی ئاسایشی رێڕەوی گەروی هورمز و كەنداودا، جوڵەی بیانییەكان بەتایبەت هێزە تیرۆریستییەكانی ئەمریكاو بەریتانیا لەم ناوچە ستراتیژییە، بەئاگاییەوەو بەشێوەیەكی بەردەوام خستۆتۆتە ژێر چاودێر ورد و كۆنترۆڵ...وەڵامی گونجاویان دەبێت بۆ هەر جۆرە هەنگاوێكی دەستدرێژیكارانە و پێشێلی یاساو بڕیارە نێودەوڵەتییەكان لەو لایەنانەوە."

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×