حكومەتی هەرێم نیگەرانی خۆی بەرامبەر هێرشكردنە سەر گەشتیارە كوردەكان لەتوركیا دەردەبڕێت
  2019-07-19       1467       

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر هێرشكردنە سەر گەشتیارەكانی هەرێم لەسەر ئاڵای كوردستان لە توركیا هاتە دەنگ و سەرۆكی حكومەنی نیگەرانی خۆی لە روداوەكە دەردەبڕێت داوای ئازادكرنی ئەو گەشتیارانە دەكات، دوای ئەوەی توركیا بڕیاری دا دیپۆرت بكرێنەوە.

ئاوێنە: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە رایگەیاند" لە چەند رۆژی رابردودا چەند هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە شاری ترابزۆنی تورکیا، توشی پەلاماردان و دەستدرێژی بونەوە بە هۆی ئەوەی ویستویانە بە ئاڵای کوردستانەوە وێنە بگرن، دواتر دەستگیراون و بە نیازن بیاندەنە دادگە."

لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتوە"ئاشکرایە ئاڵای ھەرێمی کوردستان، ئاڵایەکی دەستورییە لە ناو عێراقدا و پێشتریش لە فڕۆکەخانەکان و ھۆڵەکانی پێشوازی لە تورکیا دانراوە بۆ پێشوازیکردن لە شاندەکانی ھەرێمی کوردستان."

بەپێی راگەیەندراوەكە"بۆیە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ویڕای دەربڕینی نیگەرانی لەو روداوە، لایەنە پەیوەندییدارەکانی هەرێمی کوردستانیشی راسپارد کە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا قسە بکەن، تا بە زوترین کات گەشتیارانی هەرێمی کوردستان ئازاد بکرێن."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ نوسینگەی داواكاری گشتی شاری ترابزۆن-ی توركیا، رایگەیاند، ئەو نۆ گەشتیارە كوردەی دوێنێ پێنجشەممە، لەسەر ئاڵای كوردستان لەلایەن ژمارەیەك توركەوە هێرشیان كرایە سەرو دواتر دەستگیركران، دیپۆرتی هەرێمی كوردستان دەكرێنەوە.

دوێنێ ماڵپەڕی "ئارتی گەرچەك"ی توركی، بڵاویكردەوە كە گروپێكی گەشتیاری 50 كەسی لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان سەردانی چیایەكی گەشتیاریان لەناوچەی "چیاكارا"ی شاری "ترابزۆن"ی توركیا كردوە و كاتێك یەكێك لە گەشتیارەكان ویستویەتی بە ئاڵای كوردستانەوە وێنە بگرێت، لەلایەن ئەو هاوڵاتییە توركانەی لەو شوێنە بون هێرش كراوەتە سەریان.

لەو ڤیدیۆیەدا كە ماڵپەڕەكە بڵاویكردبوەوە دەردەكەوێت ژمارەیەكی زۆر لەو هاوڵاتییە توركانە لە گەشتیارێكی كورد دەدەن، وێڕای ئەوەی پۆلیسیش گەیشتۆتە شوێنە بەڵام بەهانای ئەو گەشتیارەوە نەچوە.

هاوکات ئەو كەسەشی دیمەنی هێرشەكەی تۆمار كردوە سوكایەتی بەكورد دەكات و دەڵێت "ئێوە كێن ئێوە بێ‌ مێژون."

ماڵپەڕەكە نوسیبوی"ئەو هاوڵاتیە تورکانە وتویانە دەبێت ئەو گەشتیارانە لە شارەکەیان بکرێنە دەرەوە".

وێرای هێرش بۆ سەر گەشتیارە كوردەكان، دوێنێ هێزە ئەمنییەكانی شارەكە نۆ لە گەشتیارە كوردەكانیان بۆ لێكۆڵینەوە دەستگیركردبون، بەبێ ئەوەی هیچ لێكۆڵینەوەیەك لەگەڵ هێرشبەرەكان بكرێت.

هەر دوێنێ پارێزگاری ترابزۆن لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندبو، كۆنترۆڵی روداوەكە كراوەو ئەو گەشتیارە كوردانە 50 كەس بون و نۆ كەسیان دەستگیركراون و نوسینگەی داواكاری گشتی لە "چیاكارا" دەستی كردوە بە لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو نۆ گەشتیارەدا.

بەپێی ماڵپەڕی "ئارتی گەرچەك"، ئەمڕۆ هەینی نوسینگەی داواكاری گشتی ترابزۆن لە بەیاننامەیەكدا لە تویتەر رایگەیاندوە، ئەو نۆ گەشتیارە كوردەی خەڵكی هەرێمی كوردستان كە دوێنی دەستگیركران، رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراون بۆ ئەوەی دیپۆرتی هەرێمی كوردستان بكرێنەوە.

بەیاننامەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ئەو نۆ كەسەی لەگەڵ گروپێكی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستانەوە هاتبونە ترابزۆن و دوێنێ بەهۆی وێنەگرتن بە ئاڵای كوردستانەوە دەستگیركران، رادەستی دەزگا پەیوەندیدارەكان كراون بۆ ئەوەی دیپۆرت بكرێنەوە.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان...

لە چەند رۆژی رابردودا چەند هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە شاری ترابزۆنی تورکیا، توشی پەلاماردان و دەستدرێژی بونەوە بە هۆی ئەوەی ویستویانە بە ئاڵای کوردستانەوە وێنە بگرن، دواتر دەستگیراون و بە نیازن بیاندەنە دادگە.

ئاشکرایە ئاڵای ھەرێمی کوردستان، ئاڵایەکی دەستورییە لە ناو عێراقدا و پێشتریش لە فڕۆکەخانەکان و ھۆڵەکانی پێشوازی لە تورکیا دانراوە بۆ پێشوازیکردن لە شاندەکانی ھەرێمی کوردستان.

بۆیە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ویڕای دەربڕینی نیگەرانی لەو روداوە، لایەنە پەیوەندییدارەکانی هەرێمی کوردستانیشی راسپارد کە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا قسە بکەن، تا بە زوترین کات گەشتیارانی هەرێمی کوردستان ئازاد بکرێن.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×