هه‌ده‌په‌: قبوڵناکەین بەهۆی هێرشەکەی هەولێرەوە بکرێینە ئامانج
  2019-07-19       1387       

میدیاكانی توركیا بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ تۆمەتباری روداوەكەی هەولێر برای پەرلەمانتارێكی پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان -هەدەپە-یه‌ ئه‌و پارته‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت، "قبوڵناکەین بەهۆی هێرشەکەی هەولێرەوە بکرێینە ئامانج".

ئاوێنه‌: بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، مەزڵوم داغ ئەو تۆمەتبارەی کە دوێنێ پێنجشەممە وێنەکەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمەوە بڵاوکرایەوە، برای دێرسیم داغ، پەرلەمانتاری هەدەپەیە.

دێرسیم داغ، گەنجترین پەرلەمانتاری هەدەپەیەو ساڵی 1996 لەدایكبووە، لەبازنەی ئامەدی‌ باكوری كوردستان یەکێک بو لەو پەرلەمانتارانەی هەدەپە کە بۆ كۆتایهێنان بەگۆشەگیری‌و ئازادی ئۆجەلان مانی لەخواردن گرتبو.

سزایی تەمەللی‌و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی هەدەپە لەراگەیەندراوێکدا دەربارەی روداوی تەقەکردنەکەی هەولێر رایانگه‌یاند، "قبوڵناکەن پەرلەمانتارێکمان بەبیانوی ئەو هێرشەو بەهۆی ناوی براکەیەوە بکرێتە ئامانج".

لەراگەیەندراوەکەدا  هاتووه‌، "ئێمە هەڵگیرساندنی شەڕ لەو ناوچانەی کە خەڵکی سڤیلی تێدان بەهیچ شێوەیەک قبوڵناکەین، لەلایەن هەر کەسێکەوە ئەنجامدرابێت، هەروەها هێرشی سەر کارمەندانی کۆنسوڵخانە بەتوندی ئیدانە دەکەین".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن، "دەبێت ئەو هێرشە ناڕونە بەزوترینکات رونبکرێتەوەو هیچ گومانێک لەوبارەوە نەمێنێت‌و ئەنجامدەرانی ئاشکرا بکرێن".

دوێنێ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ هه‌ولێر لەراگەیەنراوێکدا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ کەسێک بەناوی ناوی‌ مه‌زلوم داغ، تەمەن 27 ساڵ داواکراوە لەلایەن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ هه‌ولێر.

لەراگەیەنراوەکەدا مەزڵوم بە"تاوانبار" ناوی هاتوەو دەڵیت، خەڵکی ئامەدی باکوری کوردستانە، بەڵام ناڵێت چ تاوانێکی ئەنجامداوە.

17ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌ناو ریستۆرانتێكی‌ شاری‌ هه‌ولێر روداوێكی‌ ته‌قه‌كردن رویداو له‌ئاكامدا جێگری‌ كونسوڵخانه‌ی‌ توركیا له‌هه‌ولێر كوژراو دو كه‌سی‌ تر گیانیان له‌ده‌ستدا.

دواتر جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "روداوی تەقەكردنەكەی هەولێر تیرۆریستی‌و پیلان بۆداڕێژراو بووه‌".

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×