توركیا گەشتیارە کوردەکانی‌ ئازاد ده‌كات
  2019-07-19       1267       
وێنه‌ی‌ گه‌شتیاره‌كان
به‌وته‌ی‌ بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومه‌تی‌ هەرێمی کوردستان، توركیا سه‌رجه‌م گەشتیارە کوردەکانی‌ ئازادکردووه‌.

ئاوێنه‌: سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، توركیا سەرجەم گەشتیارە کوردەکانی‌ ئازادکرد. 

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌، ماڵپەڕی "ئارتی گەرچەك"ی توركی، بڵاویكردەوە كە گروپێكی گەشتیاری 50 كەسی لەهاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان سەردانی چیایەكی گەشتیاریان لەناوچەی "چیاكارا"ی شاری "ترابزۆن"ی توركیا كردوەو كاتێك یەكێك لەگەشتیارەكان ویستویەتی بەئاڵای كوردستانەوە وێنە بگرێت، لەلایەن ئەو هاوڵاتییە توركانەی لەو شوێنە بون هێرشكراوەتە سەریان.

لەو ڤیدیۆیەدا كە ماڵپەڕەكە بڵاویكردبوەوە دەردەكەوێت ژمارەیەكی زۆر لەو هاوڵاتییە توركانە لەگەشتیارێكی كورد دەدەن، وێڕای ئەوەی پۆلیسیش گەیشتۆتە شوێنە بەڵام بەهانای ئەو گەشتیارەوە نەچوە.

هاوکات ئەو كەسەشی دیمەنی هێرشەكەی تۆمار كردوە سوكایەتی بەكورد دەكات‌و دەڵێت، "ئێوە كێن ئێوە بێ‌ مێژون."

ماڵپەڕەكە نوسیبوی، "ئەو هاوڵاتیە تورکانە وتویانە دەبێت ئەو گەشتیارانە لەشارەکەیان بکرێنە دەرەوە".

وێرای هێرش بۆ سەر گەشتیارە كوردەكان، دوێنێ هێزە ئەمنییەكانی شارەكە نۆ لەگەشتیارە كوردەكانیان بۆ لێكۆڵینەوە دەستگیركردبون، بەبێ ئەوەی هیچ لێكۆڵینەوەیەك لەگەڵ هێرشبەرەكان بكرێت.

پشێتر حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی گروپە گەشتیارییەکەی تورکیا بڵاوکردەوەو رایگەیاند، لایەنە پەیوەندییدارەکانی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە بۆئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا قسە بکەن، تاوەکو بەزوترینکات ئەو گەشتیارانە ئازادبکرێن. 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×