مۆنیتەر: توركە كوژراوەكە دیبلۆماتكار نەبوەو سیخوڕی میت‌ بوە
  2019-07-19       2883       


ئا: ئاوێنە

سایتی مۆنیتەری ئەمەریكی ئاماژە بەوە دەكات، عوسمان كۆس-ی تەمەن 36 ساڵ، كە چوارشەممەی رابردو لەریستۆرانێكی هەولێردا كوژرا، بەرپرسی میت‌ بوەو بۆ ماوەی شەش مانگ چەند ئەركێكی لەكونسڵخانەی توركیا لەهەولێر پێسپێردراوە.
 
مۆنیتەر لەراپۆرتێکیدا باس لەوە دەكات كە رۆژی پێنج شەممە تەرمی كۆس لەرێورەسمێكدا بەئامادەبونی مەلود چاوش ئۆغلو وەزیری دەرەوەو هاكان فیدان سەرۆكی هەواڵگری توركیا (میت)‌و  سلێمان سۆیلۆی وەزیری ناوخۆو خلوسی ئاكاری وەزیری بەرگری، لەئەنقەرە بەخاك سپێردراوە.


بەشداربونی ئەم كاربەدەستە گەورانەی تورك لەم رێورەسمەدا، بایەخ‌و گرنگی ئەو کوژراوە توركە دەردەخات كە رۆژی چوارشەممەی رابردو لەهەولێر كوژرا.

مۆنیتەر ئەوە روندەكاتەوە كە هۆكاری تەقە كردنەكەی چوارشەممەی رابردو تا ئێستا نەزانراوە، لەزاری بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەڵێت "روداوەكە كارێكی تیرۆریستییە"‌و بەپێی نەخشەو پیلانێكی ورد ئەنجامدراوە.

تیمێكی میتی توركیش گەیشتوەتە ئەو شوێنەی تەقەکردنەکەی تیا روداوەو گومانیان بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەچێت کوشتنەکەی ئەنجامدابێت. 

مۆنیتەر لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگاداری توركیاشەوە ئاماژە بەوە دەكات  كە كۆسە ئەندامی دەزگای هەواڵگری توركی (میت) بوە‌و پێشتر لەئێران كاری كردوە‌و بۆ ماوەی شەش مانگ چەند ئەركێكی پێسپێردراوە لەكونسوڵخانەی توركیا لەهەولێر.


بەڵام سەرچاوەكە گومان لەوەش دەكات هۆكاری تەقە كردنەكە سیاسی بێت، بەو پێیەی كەس ئەو گێلێتییە ناكا بەئاشكرا لەبەردەم كامێرای چاودێری كاری وا ئەنجامبدات.


جگە لەوەی كە دو هاوڵاتی هەرێمی كوردستانیش بەناوی نەریمان عوسمان‌و بەشدار رەمەزان لەو روداوەدا كوژراون.


سەرچاوەكە دەڵێ‌ "كوس لەریستۆرانەكەدا لەگەڵا شەریكە بازرگانەكانی دانیشتوە، كە پەیوەندیان بەكونسڵخانەی توركیاوە لەهەولێر نەبوە".

مۆنیتەر ئاماژە بەوە دەكات كە توركیا تۆڕێكی سیخوڕی لەكوردستان بەڕێوەدەبات‌و بەشێوەیەكی سەرەكی چاودێری پەكەكەو ئەو گروپانە دەكات لێوەی نزیكن‌و دەڵێت "دو گەورە بەرپرسی میت لەلایەن پەكەكەوە رفێندراون كە ساڵی 2017 پیلانیان بۆ تیرۆر كردنی جەمیل بایك داڕشتوە".


ئەم بەناو دبلۆماتكارە كوژراوەش هەر لەدەزگای میت‌ كاری كردوە، تەنانەت پلەو پۆستەكەی لەوەزارەتی دەرەوەدا دیاری نییەو جێگری كونسوڵی توركیاش نەبوە لەهەولێر، بەپێچەوانەی ئەوەی ئەوترێ.

کاتژمێر ١١.٥ خولەکی چوارشەممە، ئوتمبێلێكی توێتا كە ٣ کەسی تیا بوە هاتونەتە بەر ریستۆرانتەکەو پاش کەمێک چاودێری کردنی دەوروبەری ریستۆرانتەکە، سواری ئوتومبێلەکەیان بونەتەوەو رۆشتون . پاش نیو کاتژمێر جارێکیتر گەڕاونەتەوەو ئەمجارەیان ٤ کەس بون، دو كەسیان لەئوتومبێلەکە دابەزیون‌و چونەتە ناو ریستۆرانتەکەوەو یەكێكیان لەتەنیشت ئەو مێزە دانیشتوە دیبلۆماتە توركەكە لەگەڵ هاوڕێکانی لەسەری دانیشتون. ئەوی تر لەسەر مێزێكی تر دانیشتوە‌و داوای چاو قاوەیان كردوەو بەوردی چاودێری ئەو ناوەشی كردوە. کاتێک دیبلۆماتكارە توركەكە داوای حسابی کردوەو ویستویانە بڕۆن، یەكێكیان هەستاوەو دەكانچە بێدەنگەكەی دەرهێناوەو گولەی ناوە بەسەری عوسمان كۆسەوەو كوشتویەتی". پاشان پاشان بەپەلە رایانکردوەتە دەرەوە.

 

 

 

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×