قایمقامیەتی سلێمانی چەند رێنماییەك بڵاودەكاتەوەو داوا لەشۆفێران دەكات بۆ كاتی پێویست بەتانیەك لەناو ئۆتومبێلەكانیان دابنێن، هەروەها شۆفێران ئاگادار دەكاتەوە لەكاتی نەخوازراو پەیوەندی بە ژمارە 188 ی هاتوچۆ، 104 ی پۆلیسی فریاكەوتن بكەن.
ئاوێنە: ماڵپەری فەرمی قایمقامیەتی پارێزگای سلێمانی چەند رێنماییەك ئاراستەی شۆفێران دەكات لەكاتی بەفربارینو دەڵێت " کەمکردنەوەی خێرایی بۆ ڕادەیەک کە توانای وەستاندنەوەی ئوتومبیلەکەت هەبێت، لەناو شارەکان خێرایی ئوتومبیلهكهت لە 30 بۆ 50کم/کاتژمێر نابێت زیاتر بێت بۆ دەرەوەی شارەکان لە 60 کم/کاتژمێر".
لە کەش و هەوای بەفرباریندا شۆفێری کردن بۆ دوو هێندە قورس دەبێت بۆ سەلامەتی خۆت و کەسانی دەوروبەر پێویسته ئهم ڕێنماییانه جێبەجێ بکەیت.
1-کەمکردنەوەی خێرایی بۆ ڕادەیەک کە توانای وەستاندنەوەی ئوتومبیلەکەت هەبێت، لەناو شارەکان خێرایی ئوتومبیلهكهت لە 30 بۆ 50کم/کاتژمێر نابێت زیاتر بێت بۆ دەرەوەی شارەکان لە 60 کم/کاتژمێر.
2-پاراستنی ماوەی سەلامەتی نێوان ئوتومبیلی خۆت و ئوتومبیلی بەردەمت، ئەم خاڵە گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە توانای وەستاندنەوەی ئوتومبیل لە بەفر باریندا کەم دەکات بۆیە پێویستە ماوەیەکی دیاریکراوت هەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئوتومبیل.
3-ئیشپێکردنی ڕووناککەرەوەكان (گڵۆپ)ی نزم و ڕووناککەرەوەی تەم، بارینی بەفرو بوونی تەم ڕێژەی بینین کەم دەکاتەوە.
4- دڵنیابوون لەوەی کە ئوتومبیلەکەت کەم و کوڕی نییە و پێویستە بانزینی تەواو لە ئوتومبیلەکەتدا بێت بۆکاتی پێویست و قەرەباڵغی.
5- بوونی بەتانییەک لە ناو ئوتومبیلەکەت بۆکاتی پێویست.
6-نابێت شۆفێر بە شپرزەیی و لەناکاو ئیستۆپ بگرێت بەڵکو بەنەرمی و لەسەرخۆیی.
7-سەردان نەکردنی ناوچە شاخاوییەکان بەهیچ شێوەیەک بەمەبەستی گەشت و بەسەربردنی کات.
8-لەکاتی بوونی حاڵەتی نەخوازراو ڕاستەوخۆ پەیوەندی به (هاتوچۆ 188، پۆلیسی فریاکەوتن 104، فریاگوزاری تەندروستی 122، بەرگری شارستانی 115) بكهن.