فەرەنساو ئەڵمانیا داوا لەئێران دەكەن كەشتییە بەریتانییەكە ئازاد بكات
  2019-07-20       700       

فەرەنساو ئەڵمانیا داوا لەدەسەڵاتدارانی ئێران دەكەن دەستبەجێ ئەو كەشتییە نەوتهەڵگرە بەریتانیا ئازاد بكات كە لەدوێنێوە لە گەروی هورمز دەستی  بەسەردا گرتوە. هۆشداریش دەدەن لەبارەی زیاتركردنی گرژییەكانی ناوچەكە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند"داوا لەدەسەڵاتدارانی ئێرانی دەكەن لەزوترین كاتدا ئەو كەشتییە و كارمەندانی ئازاد بكەن و رێزیش لە بنەماكانی كەشتیوانی لە كەنداو بگرن."

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا "نیگەرانی زۆری" دەربڕوە لەو بابەتەو پێشی وایە ئەو هەڵسوكەوتەی ئێران زیان بە كەمكردنەوەی گرژییەكان لەناوچەی كەنداو دەدات و وتوشیەتی"بەتوندی ئیدانەی ئەوە دەكەین و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ بەریتانیا دوپاتدەكەینەوە."

لای خۆیشییەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەبەیاننامەیەكدا داوای لە ئێران كردوە بەبێ هیچ دواخستنێك، كەشتییە بەریتانییەكەو كارمەندانی ئازاد بكات و هۆشداریشیداوە لە زیادكردنی گرژییەكان لەناوچەكە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئەو هەنگاوەی ئێران بە "بێ پاساو" ناوبردوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو هەوڵانەی لەئارادان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كێشەی نێوان ئەمریكا و ئێران، لاوازدەكات.

ئەمڕۆ ئێران دەستیكرد بەلێكۆڵینەوە لەبارەی ئەو كەشتییە بەریتانییەی كە دوێنێ لەگەروی هورمز دەستی بەسەردا گرت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×