مەلا کرێکار وەک ئەبو قەتادە بۆته یاری ده‌ستی وڵاتان!
  2019-07-20       2270       
مەلا کرێکار، ئه‌بو قه‌تاده‌ی‌ فه‌له‌ستینی‌
ئا: نوسه‌رێك

بەراوردێک لەنێوان کێشەی مەلاکرێکار لەنەرویج‌و ئەبو قەتادە لەبەریتانیا
ساڵانێک بو لەبەریتانیا میدیای ناوخۆ هەر لەبی بی سی‌و ڕۆژنامەکانەوە تاوەکو زۆربەی دانیشتنەکانی پەرلەمان باس باسی ئەبو قەتادە بو، لەکاتێکدا هەمو ئەو دەزگایانە لەسەر ئەوە کۆکبون کە ئەبو قەتادە مەترسیەکە وێنەی نییەو هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر کۆمەڵگەی بەریتانی بەخەڵک‌و حکومەتەوە، بەڵام لەهەمانکاتدا لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە بەدەیان خەڵک‌و ڕێکخراو بەرگریان دەکرد لەئەبو قەتادەو دەیانگوت ئەم کەسە دورە لەو تاوانانەی بۆی هەڵبەستراوە.

ساڵانێکی زۆر ئەم کەیسە لەبەریتانیا دەستاو دەستی پێکرا لەوەزیرێکی ناوخۆوە بۆ وەزیرێکی ناوخۆی تر، لەحکومەتێکەوە بۆ حکومەتێکی ترو لەپه‌رلەمانێکەوە بۆ پەرلەمانێکی تر، هەتا لەیبەر (واتە پارتی کرێکاران) حکومەتی بەدەستەوە بو ئەبو قەتادە شەق شەقێنی پێدەکرا لەزیندانەوە بۆ ماڵەوەو لەماڵەوە بۆ زیندان، پاشان کۆنزێرڤەتیڤ (واتە پارتی پارێزگاران) هاتنە سەر حوکم‌و ئەمانیش کەمتریان پێ نەکرد.

بەڵام ئیتر وردە وردە پاش ئەوەی خەڵک‌و خواو دۆست‌و دوژمن تاقەتیان چو لەفلمی ئەبو قەتادەو پاش ئەوەی کە بەهاری عەرەبی گوڵ‌و گوڵزاری هێنایە سەرچۆکان لەخەیاڵدانی ئەوروپیەکاندا، ئیتر پرسیارەکە کەوتە ناو حکومەت‌و پارت‌و دەسەڵاتدارانی دوێنێ‌و ئەمڕۆی بەریتانیاو هەمویان پێکەوە دەیان پرسی:
باشە تاوانی ئەبو قەتادە چییە؟! 
یاخود ئەرێ بەڕاست ئەم کابرایە تاوانبارە؟
ئەگەر تاوانبارە ئەم هەمو بێنەو بەرەیەی بۆچییە؟ 
ئەوەتا بەکاڵی‌و بەکوڵاوی لەبەردەست خۆمانەو تا ڕۆژێک بەکەفیلی بەری دەدەین بیست ڕۆژ لەزیندان بەسەردەبات، باشە بۆ، بۆ یەکەمجارو دواجار دادگاییەکی ئاشکرای نەکەین‌و ئیتر ئەم کەیسە کۆتایی پێنەهێنین؟

ڕاستیەکەشی ئەگەر بەئەرشیفی ڕوداوەکانی کەیسی ئەبو قەتادەدا بچیتەوە ئەوە فشاری خەڵک‌و حکومەتەکانی دەرەوەی بەریتانیا بو کە وایان لەبەریتانیا کرد کۆتایی بەو یاری مشک‌و پشیلەیە بهینێت‌و بڕیار لەسه‌ر کەیسی ناوبراو دەربکات، چونکە دەیانزانی لەکاتی گەرمەی بەهاری عەرەبیدا بەرژەوەندی زیاتری بەریتانیا لەوەدایە کە کەسێکی وا بنێردرێتەوە بۆ ناوجەرگەی ئاشوبەکەو لەوە زیاتر بەریتانیا لەژێر ناونیشانی ئەبو قەتادەدا ئیسلام نەکات بەفلم.

ئەوەبو لەسەردەمی (وەزیری ناوخۆ - تێرێزا مەی)دا لەپاش هاتوچۆیەکی زۆری ناوبراو بۆ ئەردەن بڕیاری ئازادکردنی ئەبو قەتادە درا، بەمەرجێک کە ڕاستەوخۆ ڕادەستی حکومەتی ئەردەن بکرێتەوەو لەوێ دادگاییەکە کۆتایی پێبهێنرێت، بەڵام ئەردەنیش بەهەمانشێوەی بەریتانیا لەبەر نەبونی بەڵگەی تەواو ئەبو قەتادەیان ئازاد کرد.

ئەوەی کە سەیرو سەمەرەو جێی تێڕامانە لەکەیسی ئەبو قەتادەدا ئەو ڕاستیەیە کە بەدرێژایی ماوەی دەست بەسەریەکەی لەبەریتانیا لەیەککاتدا حکومەتی بەریتانیا ئەم کەسەی بەتاوانبارو بێ تاوانیش نمایش دەکرد، چۆن؟

کە لەمیدیاکاندا پرسیار دەکرا بۆچی ئەبو قەتادە دەستبەسەرە وە یان لەژێر چاودێری پۆلیسدایە، لایەنە بەرپرسەکانی ئەو کەیسە دەیانگوت: ئاخر تۆمەتبارەو دەبێت دادگایی بکرێت؟

کەچی کاتێک دەیانوت ئەی باشە تۆمەتەکە چییە؟ یان ئەگەر تاوانبارە بۆ بڕیار (حوکم)ی بەسەردا ناسەپێنن؟ لەوەڵامدا دەیانگوت: ئاخر بەڵگەی تەواومان نییە.

هەرکەسێکیش پرسیاری بکردایە کە ئایا ئەگەر ئەم کەسە هێندە خەتەرە بۆچی تەسلیمی ئەردەنی ناکەنەوە؟ لەوەڵامدا دەیانگوت ئاخر گوناحە لەئەردەن لەسێدارەی دەدەن!

بەڕاستی مرۆڤ توشی سەرسوڕمان دەبێت لەم جۆرە کەیسانە! ئێ باشە کە لەبەریتانیا بەکەسێکی توندڕەوو مەترسیدار دادەنرێت بۆچی جێگەی بەزەییە لاتان؟ بینێرنەوەو با لەئەردەن دادگایی بکرێت‌و سزای خۆی وەرگرێت؟!

هەمو ئەم یاریە چەندین ساڵی خایاند بەهەزارەها پاوەنی بەریتانی لەم کەیسەدا بەفیڕۆ چو (بەپێی ڕۆژنامەی گاردیان بێت نزیکەی ١.٧ ملیۆن پاوەن مەسرەفی ئەو کەیسەیە)...

سەرچاوە:
http://www.theguardian.com/world/2014/sep/24/abu-qatada-cleared-terror-charges-jordan-court
http://www.theguardian.com/world/2014/sep/24/abu-qatada-surprise-acquittal-no-right-return-uk

پاشانیش حکومەتی بەریتانیا ناچاربو ئازادی بکات‌و لەپاشاندا ئەردەنیش بۆی دەرکەوت کە ناتوانێ هەمان یاری بەریتانیا بکات‌و ساڵانێک لەژێر ناوی ئەبو قەتادەدا فلم دەربهێنێت، بۆیە ئەوانیش بەناچاری ئازادیان کرد.

لەپاش گێڕانەوەی کورتەی ئەم چیرۆکە درێژەی ئەبو قەتادەی فەلەستینی حەزناکەم کاتی خوێنەرانی بەڕێز بەفیڕۆبچێت و سەر لەنوێ ئەوەی دەربارەی مەلا کرێکار لەنەرویچ ڕوی دا لێرەدا بنوسمەوە، بۆیە بەم چەند پرسیارەی خوارەوە کۆتایی بەم نوسینە دەهێنم و خوازیارم خەڵکی بەویژدان و دادپەروەرو بێلایەن خۆیان بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا بگەڕێن و بزانن ڕاستی و دادپەروەری و ویژدان داوای چ هەڵوێستێکمان لێ دەکات لە کەیسی مەلا کرێکاردا؟!

-ئایا مەلا کرێکارە تاوانبارە؟ ئەگەر تاوانبارە تاوانەکانی چییە؟ بۆچی نەرویج‌و کوردستان‌و چەندین لایەنی تر دەستیان خستۆتە ئەم کەیسەوەو کەسیش ئامادە نییە یەکلایی کاتەوە؟ 

-ئایا هێشتنەوەی کەیسی مەلا کرێکار هاوشێوەی فلیمەکەی ئەبو قەتادە بۆ ئیستهلاکی مەحەلی (واتە بەکارهێنانی ناوخۆی) نەرویج‌و کوردستانە یان شتی تری لەپشتەوەیە؟

-ئەگەر لەدوای ئەو هەمو بێنەو بەرەیەی کە لەنەرویج بەمەلا کرێکار دەکرێت هێشتا دادگاکانی نەرویج بەڵگەی ئەوتۆیان لەدەستدا نییە سزاو حوکمی یەکجاری لەکەیسەکەیدا بدەن بۆچی هاوشێوەی بەریتانیا نەرویج مەلا کرێکار ئازاد ناکات وە یان بەزۆر ناینێرێتەوە بۆ ئەو وڵاتەی کە خۆیان مەبەستیانە جا ئایا عێراقە یان کوردستانە یان هەرکوێیەکی تر چونکە جار جارە ناوی ئەردەن‌و ئەڵمانیاش دەبیستین؟

-ئایا کاتی ئەوە نییە کە کوردەکانی نەرویج ئەوانەیان کە نرخی ئینسان دەزانن‌و گوێ بەبیروباوەڕو ئایدۆلۆجیا نادەن هاوشێوەی ئەو ڕێکخراوە چەپانەی بەریتانیا کە بەرگریان لەمافی ئازادکردنی ئەبو قەتادەیەکی توندڕەو دەکرد فشار بخەنە سەر حکومەتی نەرویج‌و پێیان بڵێن بەسە ئیتر یاریکردن بەکەیسی مەلا کرێکار بەسە؟!

ئەگەر لەنێو دەسەڵاتی نەرویج‌و کوردستاندا کەسانێک هەن چێژو خۆشی له‌سەیرکردنی فلیمی مەلا کرێکار وەردەگرن ئەوا دڵنیابن لەدەرەوەی ئەو دو دەسەڵاتە خەڵکانێکی زۆر هەن کە دەستەکەیان لا کەشفەو ئیتر چی دی بەمجۆرە فلیمانە هەڵناخەڵەتین؟

پرسیاری هەرە گرنگ‌و کۆتاییش لەم کێشەیەدا ئەوەیە کە ئاخۆ ئەگەر یەکێتی‌و پارتی ڕاستگۆن لەقسەکانیاندا دەتوانن هێندەی خەزرەجی‌و سامەڕایی‌و هاشمی‌و تاریق ڕەمەزان نرخ بۆ مەلا کرێکار دابنێن‌و بەڵێنبدەن بەنەرویج کە ئەگەر مەلا کرێکار هاتەوە بۆ کوردستان هاوشێوەی ئەو کۆنە بەعسی‌و ئەنفال چییانە لانیکەم لەژێر چاودێری ئاسایش‌و زێڕەڤانی‌و پاراستن‌و زانیاریدا دەبێت؟

داخەکەم مام جەلال نەخۆش کەوت‌و فریا نەکەوت وەک چۆن ئیمزای بۆ لەسێدارەدانی سەدام نەکرد ئاوا ئیمزای بۆ لەسێدارە نەدانی مەلا کرێکاریش بکردایە.

بۆ ئەم نوسینە سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
http://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A3%D8%A8%D9%88_%D9%82%D8%AA%D8%A7%D8%AF%D8%A9_%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86%D9%8A


http://ckb.wikipedia.org/wiki/%D9%85%DB%95%D9%84%D8%A7_%DA%A9%D8%B1%DB%8E%DA%A9%D8%A7%D8%B1

تێبینی:
ئەم نوسینە جەختکردن و هۆشیارکردنەوەیەوە دەربارەی ئەو یاریە فێڵاوی و خۆڵ لەچاوکردنەی کە دادگاکانی بەریتانیاو نەرویج دەیکەن کاتێک بێگانەیەکیان دەکەوێتە بەردەست، لەم نوسینەدا هیچ زانیاریەک دەربارەی کەسێتی مەلا کرێکارو ئەگەری تاوانباری وە یان بێ تاوانی ئەو باس نەکراوە چونکە لەڕاستیدا من هیچ لەوبارەیەوە نازانم، بۆیە ئەم نوسینە بەهیج شێوەیەک پەیوەندی بەهەڵسەنگاندنی کەسایەتی مەلا کرێکارەوە نییەو باشترە ئەوەی لەنزیکەوە ئاگاداری کەیسی مەلا کرێکارە لەو بارەیەوە قسە بکات. 
من بەباشتری دەزانم ئەگەر مەلا کرێکار بڕیارە سزا بدرێت با لەکوردستان سزا بدرێت نەک لەسەر دەستی ئەوانەی کە دەیانەوێت لەپەنا ئەمجۆرە کەیسانەوە چەندین چۆلەکەی تر ڕاوبکەن. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×